ژنراڵ جیمز ماتیس، پاڵێوراوی دۆناڵد ترامپ
بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێ: رژێمی ئێران بە پێنج شێوە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکا. ئەم هەڕەشانە کامانەن؟
ژنراڵ ماتیس سەرەتای بەهاری رابردوو لە وتارێکدا گوتی لەگەڵ بوونی هەڕەشەی جیددی داعش و ئەلقاعیدە، هیچ هەڕەشەیەک لە باری بەردەوامی و کاریگەری درێژماوە لەسەر ئاسایش و بەرەوپێشوونی ناوچەکەو هیوای لاوان بۆ داهاتوویەکی باشتر، جیددیتر لە هەڕەشەکانی رژێمی ئێران نیە.
جیمز ماتیس، سەرۆکی پێشووی ناوەندی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکایە کە بە راشکاو بێژی بە ناوبانگە. ناوبراو ساڵی 2010 بۆ سەرۆکایەتی ناوەندی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دیاری کرا بەڵام سێ ساڵ دوای ئەوە بە هۆی بۆچوونی جیاواز لەگەڵ دەوڵەتی ئوباما لەسەر شێوەی بەرەورووبوونەوە لەگەڵ رژێمی ئێران پۆستەکەی لە دەست دا. ناوبراو رێکەوتن و ئیمتیازدان بە رژێمی ئێرانی لەلایەن دەوڵەتی ئوبامای بە کارێکی خراپ دەزانی.
ئەو ژنراڵە هەرەشەی رژێمی ئێران دژ بە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەمانە دەزانێ:
هەڕەشەی مەترسیداری بەرنامەی ناوکەیی
بەرنامەی بەرنگاریی دەریایی
بەرنامەی مووشەکی دوورهاوێژ
جەنگی سایبێری
تاقمە ترۆریستەکانی وەک حیزبوڵا
ژنراڵ ماتیس دژایەتی رێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ رژێمی ئێران دەکرد و کابینەی باراک ئوبامای بە هۆی واژۆی ئەو رێکەوتنە بە "نەفام" تۆمەتبار کرد بوو.
ناوبراو پێشتر لەبارەی رێکەوتنی ناوکەیی گوتبووی: ئێمە ناچارین قەبوڵی بکەین کە رێکەوتنێکی پڕ کەم و کوڕی بۆ کونترۆڵ کردنی چەکوچۆڵمان هەیە. ئەوەی پێی گەیشتووین دواخستنی وەدەست هێنانی چەکی ناوکەییە نەک راگرتنی تەواو. دەبێ چاوەڕی خراپترین ئەنجام و کاردانەوە بین.
ژنراڵ ماتیس دووهەمین فەرماندەی سپای ئەمریکایە کە پۆستی وەزارەتی بەرگری وەئەستۆ دەگرێ. ناوبراو دەبێ بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی رەزامەندی کونگرەی ئەمریکا وەدەست بێنێ.