یه‌ک شه‌مه‌ 

8 ره‌زبه‌ر2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (23ی خەرمانانی 1394)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (23ی خەرمانانی 1394)
سازمانی خەبات

 
تەقینەوەی مین هاوڵاتییەکی کوردی دیکەی قوربانیی کرد

 

لە ناوچە سنوورییەکانی قەسری شیرین لاوێکی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین تووشی کەم ئەندامی بووە.چەند رۆژ لەمەوبەر لاوێکی کورد بە ناوی “فەرزین ئەمانوڵڵاهی” تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی قەسری شیرین کەوتووەتە سەر مین و لاقێکی لە دەست داوە.دەوترێت ناوبراو لە ناو مووچە و مەزاری خۆیان سەرقاڵی وەرزێڕی بووە کە تووشی ئەو رووداوە هاتووە.سەرەتای ئەم مانگەش هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی قەسری‌شیرین بە ناوی “فەردین محەممەد بەیگ” بە هۆی رووداوی مینەوە بریندار ببوو.بە پێێ ئامار و داتاکان لە ئێران زیاتر لە 20 ملیۆن مینی چێنراو هەیە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ئێرانیش بە بەردەوامی باسیان لە خاوێن کردنەوەی زەوییەکانی ئالودە بە مین کردووە.هەو لەو پێوەندییەدا شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن کە حکوومەتی ئێران هەتا قووڵایی 30 سانتیمتری مینەکانی هەڵگرتووەتەوە و بە پێی ستانداردە جیهانییەکان دەبێ هەتا قووڵایی 80 سانتیمتری ئەو کارە ئەنجام بدرێت.

 
دوو چالاکی کرێکاریی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز کران

 

دوو چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سەقز و ئەندامی کومیتەی هاوئاهەنگی بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە کران.بە پێی راپۆرتەکان لەمبارەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی 21ی خەرمانانی 1394ی هەتاوی، “محەممەد عەبدی پوور” چالاکی کرێکاری و یەکێک لە ئەندامانی کومیتەی هاوئاهەنگی لە شاری سەقز، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی رژیمەوە بانگ کراو بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ ماوەی 2 کاتژمێر خرایە ژێر پرسیار و لێپیچینەوە.هەروەها دەوترێ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 22ی خەرمانانی 1394ی هەتاوی، “جەمیل راست خەدیو” چالاکی کرێکاری خەڵکی سەقز  لە رێگای پێوەندی تەلەفوونیەوە پێی راگەیندراوە کە دەبێت ئەمرۆ دوشەممە رێکەوتی 23ی خەرمانان خۆی بە ستادی ئیتلاعات بناسێنیت.جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو گوشارەکانی حکومەت بۆ سەر چالاکانی کرێکاری پەری سەندوە و هەر جارەو بە بیانویەک بانگ دەکرێن بۆ ئیتلاعات و لێپیچینەوەیان لێ دەکرێت و هەروەها رۆژی رابردووش چالاکێکی ناسراوی کرێکاریی بە ناوی “شاهرۆخ زەمانی” بە شێوەیەکی گوماناویی لە زیندان گیانی لەدەستدا.

 

منداڵێک بە هۆی رووداوی کار لە سنە گیانی دا

 

بە هۆی نەبوونی ئەمنیەتی شوێنی کار منداڵێکی تەمەن 17 ساڵەی خەڵکی ئاوایی “تەنگیسەر” سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە، گیانی دا.بە پێی راپۆرتی کومیتەی هاوئاهەنگی، رۆژی هەینی 20ی مانگی خەرمانان کرێکارێکی تەمەن 17 ساڵە بە ناوی “فەرید وەهابی” کوڕی فارس و خەڵکی ئاوایی تەنگیسەری ناوچەی ژاوەرۆی سنە، کە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیرینی لە شاری سنە کاری دەکرد، بە هۆی بەرق گرتوویی گیانی دا.ئەو کرێکارە تازەلاوە کاتژمێر 8ی شەو بە هۆی ماندووبوونەوە رۆیشتبووە سەربان و پاڵی بە کولێری ئاویەکەوە دابوو کە بەداخەوە بەهۆی ئیتساڵی بەرقی کولێرەکەوە گیانی لەدەستداوە.تەرمی ئەو منداڵە کرێکارە رێکەوتی 21ی مانگی خەرمانان لە نێو غەم و ئاپۆرەی خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر ئەسپەردە کرا.


چالاکێکی کرێکاریی لە ناو زینداندا کۆچی دوایی کرد

 

یەکێک لە چالاکانی کرێکاری لە ئیران، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە هۆی سەکتەی مێشکەوە گیانی دا.، رۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانان، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی شارۆخ زەمانی لە گرتووخانەی رەجای شاری کەرەج گیانی لە دەستدا. ئەو هاووڵاتییە ماوەی ٥ساڵ لە زینداندا بوو.کۆمیتەی پشتیوانی لە شارۆخ زەمانی مەرگی ناوبراوی" بە گوماناوی" ناو بردووە و بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی پشکنینی تەرمی زەمانیدا جەستەی پەڵەی خوێنی پێوە بووە و تەنانەت کەلەی سەریشی ئەستوور ببوو.شاروخ زەمانی تەمەن ٥١ساڵ لە کاتی "هەواخۆری"دا لە ناو حەوشەی زیندان نەبینیراوە و پاشان وا بڵاو بووەتەوە کە ناوبراو گیانی لەدەست داوە.بێهداری زیندانی رەجای شاری کەرەج، هۆکاری گیان لە دەستدانی شارۆخ زەمانی گەڕاندووەتەوە بۆ سەکتەی مێشک.کۆمیتەی پشتیوانی لە شارۆخ زەمانی داوای توێکاریی بۆ جەستەی تەرمەکە کردووە و ئاشکراشی کردووە، شارۆخ هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و لەباری جەستەییەوە تەندروست بووە.شارۆخ زەمانی چەند جارێک بە تاوانی ئەنجامدانی چالاکی لە رێکخراوە پیشەییەکان دەستبەسەر و دوایین جار لەجۆزەردانی ١٣٩٠ ی هەتاوی بە ١١ساڵ زیندانی حوکم درا.لەمانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادکردنی شارۆخی کردبوو 

مانگرتن لە خواردنی گیراوێکی سیاسیی کورد

 

ڕەمەزان کەماڵ ئەحمەد، گیراوی سیاسیی کورد، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر کەمتەرخەمی بەرپرسانی گرتووخانەکە لە هەمبەر تەندروستییەکەی مانی لە خواردن گرت.ناوبراو کە لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەجدا بەندکراوە، بە ئازاری جەستەی لە ئاکامی ئەشکەنجەدرانیدا دەناڵێ و سەرەڕای داواکردنی لە بەرپرسانی گرتووخانە بۆ دەرمانکردنی، بەرپرسان خۆ لەم کارە دەبوێرن.بە گوێرەی کەمپەینی بەرگری لە گیراوانی سیاسی و مەدەنی، ڕەمەزان کەماڵ ئەحمەد، بەم هۆکارە لە ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانەوە مانی لە خواردن گرتووە. ئەو گیراوە سیاسییە، خەڵکی کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە. ناوبراو لەبەهاری ساڵی ١٣٨٧ی هەتاویدا لە نزیک ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە برینداری قۆڵبەست کراوە و بۆ ماوەی چەند مانگ، بێ ئەوەی بە ڕێکوپێکی دەرمان بکرێ، ئازار دراوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و پاشان حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە. دواتر دیوانی باڵای دادی ئێران حوکمی ئێعدامی ناوبراوی هەڵوەشێندەوە و سزاکەی بۆ ١٠  ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ گرتووخانەی قەزوێن داشکاند. ڕەمەزان کەماڵ ئەحمەد لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ئەو و ئەو زیندانی پێکراوە. ناوبراو سەرەتا لە گرتووخانەی ماکۆ بەندکرابوو بەڵام دواتر بۆ گرتووخانەکانی قەزوێن، ئێڤین و دواجار بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزرا.
 

وردەکاریی گەندەڵییەکی ماڵیی دیکە لە دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد بڵاو کرایەوە

 

لەقاودانی گەندەڵییەکانی دوو دەورە سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی‌نژاد بەردەوامە و  سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ئێران وردەکاریی زیاتری لە گەندەڵییە 220 میلیۆن دۆلارییەکەی ڕێگای ئاسنی ئێران‌و تورکمەنستان بڵاو کردەوە.پرۆژە 700 میلیۆن دۆلارییەکەی ” ئەترەک _ بەرەکەت” بڕیار بوو ئێران‌و تورکەمەنستان‌و دواجار قەزاقستان بە درێژایی 325 کیلۆمیتر رێگای ئاسن بە یەک ببەستێتەوە.“رەحیم زارع” سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی مەجلیس‌دا دەڵێ لە ساڵی 88 داو بە هۆکاری لێڵ‌و ناڕوون پڕۆژەی گەورەو زەبەلاحی ڕێگای ئاسنی ” ئەترەک _ بەرەکەت” درا بە شیرکەتی ” پارس انرژی ایران”‌ بە خاوەنێتیی کەسێک بەناوی ( ئەلف _ ڕ)، بێ ئەوەی ناوبراو چووکترین پسپۆڕی‌و ئیمکاناتی پێویست بۆ ئەو کارەی هەبێ.زارع دەڵێ ئەو کەسە لە دەیەی 70 دا بە هۆی گەندەڵی، خۆدزینەوە لە ماڵیات‌و ڕانت‌خۆری خرابووە زیندانی ئیڤینەوەو هەموو سامانەکەی لە ئێران‌و وڵاتانی دیکەدا دەستی بەسەرداگیراØ› کەچی لە سەردەمی ئەحمەدی‌نژاددا گەڕاوە ئێران‌و ئەو پڕۆژە زەبەلاحەی پێدرا کە دوایە بەهۆی گەندەڵی‌و نەزانین لەو کارە پڕۆژەکەی بە نیوەچڵ بەجێهێشت‌و ئێستا کەس نازانێ لە کوێیە.سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ئێران دەڵێ ( ئەلف _ ڕ) کە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەحمەدی‌نژادی لە پشت بوو، لەو پڕۆژەیەدا زیاتر لە 220 میلیۆن دۆلاری وەرگرتوەو تێێ تەقاندوە.زارع دەپرسێ: دەبێ لەوە بکۆڵدرێتەوە کە بۆچی و چۆن بوو ئەو پڕۆژە زەبەلاحە پسپۆڕییە 800 میلیۆن دۆلارییە دەدرێ بە کەسێک کە نەک هەر ڕابردوویەکی خاوێنی نەبووە، بگرە دنیایەک قسەی لەسەر بووە کەچی لەلایەن سەرکۆمارو زۆربەی وەزارەتەکانی کابینەی ئەوەوە پشتیوانیی لێکراوە.جێگای بیرهێنانەوەیە، کە تا ئێستا پەردە لەسەر زۆر گەندەڵیی دەولەتی ئەحمەدی‌نژاد لادراوە کە بەشێکیان بریتین لە: فرۆشتنی 10 هەزار میتر زەویی هۆتێک هۆما بە خێزانی پەیمانکاری ” ئیران ئایر”، ونبوونی دەکەلێکی نەوتیی 78 میلیۆن دۆلاری، بەخشینی چەند هەزار بورسییەی ناقانوونی بە خزم‌و کەسوکاری ئەندامانی دەوڵەت، فرۆشتنی ناقانوونیی سەرچاوە سروشتییەکان، گەندەڵێی چەند هەزار میلیارد تمەنی لە رێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە سەرۆکایەتیی سەعید مورتەزەوی، نادیاربوونی بەشێکی زۆر لە داهاتی 800 میلیارد تمەنیی ئەحمەدی‌نژاد لە ماوەی 8 ساڵ سەرکۆماری ئەو و، گەندەڵییە سێ هەزار میلیارد تمەنییەکەی شیرکەتی ئاریا‌و دەیان نموونەی دیکەØ› کەچی تا ئێستا کەم کەس لەوانەی دەستیان لەو گەندەڵییانەدا بووە ڕادەستی دادگا کراون یان لێیان پرسراوەتەوە.

 

ئێران ژمارەیەک بەرپرسی ئەلقاعیدەی ئازاد کردووە

 

رژیمی ئێران پێنج بەرپرسی پلەبەرزی ئەلقاعیدەی لە زیندان ئازاد کردووە کە گومان دەکرێ "بەم زوانە" خۆیان بگەیەننە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، رژیمی ئێران پێنج ئەندامی پلەبەرزی ئەلقاعیدەی لە زیندان ئازاد کردووە کە سێ کەسیان ئەندامی "شوورای بەڕێوەبەری"ی ئەو گرووپەن. ئەمە لە بەرامبەر ئازادکرانی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی کە پێشتر لەلایەن باڵی ئەلقاعیدەی یەمەنەوە ڕفێنرابوو.بەگوێرەی سکای نیوز، ئازادکردنی ئەم گرووپە لەکاتێکدا دێت کە هاوپەیمانەتیی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە هێرشێکی هەواییدا ژمارەیەک ئەندامی باڵی سووریای ئەلقاعیدەی کوشتبوو کە پلانی هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوایان هەبووە.یەکێک لە کوژراوەکانی ئەم هێرشەی هاوپەیمانان کەسێک بوو بە ناوی "موحسین ئەلفەزڵی"، کە پێشتر لە گرتووخانەیەکی ئێراندا بەند، بەڵام دواتر ئازاد کرابوو.بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەکەی ئەمریکا، حکوومەتی شیعەی ئێران "لە تیۆریدا" دوژمنی ئەلقاعیدەی سوننەیە، بەڵام لەم پێوەندییەدا "لێک تێگەیشتنێکی دوولایەنە" لە نێوانیاندا هەیە بۆ هێرش نەکردنە سەر یەکتر. بە گوێرەی سەرچاوەکە، ئەمە لە پێناو هێرشکردن بۆ سەر دوژمنی هاوبەشیاندا.یەکێک لە ئازادکراوەکانی ئەمجارە، کەسێکە بەناوی "ئەبوخەیر ئەلمیسری" کە بەرپرسی "پەیوەندییەکانی دەرەوە"ی ئەلقاعیدە و وەک یەکێک لە جێگرەوەکانی ئوسامە بن لادن چاوی لێدەکرێت. "سەیف ئەلعادل"، یەکێکی دیکە لە ئازادکراوەکانە بە بە کەسی ژمارە سێی ئەلقاعیدە دەناسرێتØ› ئەمە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری کە سکای نیوز دیتوویەتی.ڕاپۆرتەکە ئەوەشی دەستنیشان کردووە کە ئازادکردنی ئەم پۆلە بەندکراوەی ئەلقاعیدە، "هەڕەشەیەکی گەورەیە" بۆسەر ئاسایشی جیهان.

  

ئێران، کەسانی‌ نەناسراو بە گازی ژەهراوی هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیان

 

میدیا فەرمییەکانی‌ ئێران، بڵاویانکردەوە کە نزیکەی‌ 100 کەس لە ناوچەی‌ "قەڵای‌ کەنعان" لە پارێزگای‌ ئەهواز کە لە نەتەوەی‌ عەرەبی‌ ئەو وڵاتەن، بە پەلە گەینراونەتە نەخۆشخانەکان، دوای‌ ئەوەی‌ کەسانی‌ نەناسراو بە گازی ژەهراوی کوشندە هێرشیان کردبووە سەریان.ناسر کەعبی‌، چالاکوانی‌ ئەحوازی‌ رایگەیاند: "تاوانی‌ هێرش بە گازی ژەهراوی ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ئەوەی‌ لە پشت ئەو تاوانەوەیە هاوشێوەی‌ ئەوانەن لە سوریا ئەو جۆرە هێرشانە دەکەن".

هاوکات سایتی تەسەتوری‌ هەواڵی‌ لە ئەهواز رایگەیاند :" کەسانی‌ نەناسراو بە جلی‌ مەدەنییەوە گازی ژەهراویان لە ناوچەی‌ "قەڵای‌ کەنعان" بەرداوەتەوە، ئەوەش بوو بە هۆی‌ ژەهراوی بوونی‌ دەیان هاوڵاتی‌ دانیشتووی‌ ناوچەکە".سایتەکە لەسەر زاری‌ شایەتحاڵەکان بڵاویانکردەوە، کە باندەکە لە سێ کەس پێکهاتبوون کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە و بە ئۆتۆمبیلێکی‌ هاتبوون کە دەمامکیان بەستبوو، دوو بوتڵی‌ غازی‌ کلۆریان لە نزیک ماڵەکان، کردەوەو هەڵاتن.

 دوای‌ هەڵاتنی‌ تاوانباران، دەیان کەس گەینرانە نەخۆشخانەی‌ "ئیبن سینا" لە ناوچەی‌ "کوت عەبدوڵا" کە تووشی‌ ژەهراوییبوون و خنکان هاتبوون.لای‌ خۆیەوە، ئاژانسی‌ فەرمی‌ هەواڵەکانی‌ ئێران، ئەوەی‌ گواستەوە کە تەنها 30 کەس ژەهراویی بوون، ئاماژەی‌ بەوەشدا: "رووداوەکە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدراوە کە باری‌ دەروونی‌ تەواو نییە و سەری‌ هەردوو بوتڵەکەی‌ کردووەتەوە".

 
ڕووسیا و ئەمریکا و سعودیە لە گفتوگۆدان بۆ لابردنی ئەسەد لە دەسەڵات

 

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردوەتەوە، ڕووسیا و ئەمریکا و سعودیە لە گفتوگۆدان لەسەر دۆخی سوریا و لابردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا.ماڵپەڕی بلومبێرگ ئەمڕۆ دوو شەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠ ١٥ بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکا و ڕووسیا و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوەیان ڕایانگەیاندووە، کە پێدەچێت ڕووسیا لەگەڵ چارەسەرێکدا بێت بۆ جەنگی ناوخۆی سوریا، کە تیایدا بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات لاببرێت.بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی بلومبێرگ لایەنەکان تاوتوێی پلانێکیان کردووە، کە بەشار ئەسەد بۆ ماوەیەکی کاتی و تا هەڵبژاردنەکانی داهاتوو وەکو سەرۆکێکی تەشریفاتی و کاربەڕێکەر بمێنێتەوە.پاوڵ سەلیم جێگری سەرۆکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن بە بلومبێرگی وتووە لێک نزیکبوونەوەیەک لەسەر مەترسیی داعش لەنێوان لایەنەکاندا هەیە و پێش دوو ساڵ و لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانماندا ئەو لێک نزیکبوونەوەیەی ئێستا لەسەر دۆخی سوریا لە نێوان ئەو لایەنانەدا نەبینراوە".لەلایەکی ترەوە دمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکی ڕووسیا بە بلومبێرگی وتووە تەنیا خەڵکی سوریا دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی سوریا بدەن نەک هەندێک لە وڵاتانی دەرەوە".بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان ڕووسیا و ئەمریکا و سعودیە و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە تاوتوێی پلانێک دەکەن بۆ لابردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا.بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا حکومەتی ڕووسیا پشتیوانیی لە مانەوەی بەشار ئەسد لە دەسەڵاتدا دەکرد و هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکیی لە سوریا ڕەتدەکردەوە.شۆڕشی خەڵکی سوریا لە دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠ ١١ دەستیپێکرد. لەدوای شەش مانگ شۆڕشە ئاشتیخوازانەکەی سەرشەقامەکان توندوتیژیی تێکەوت. لە لایەک هێزەکانی ئەسەد زۆر بە توندی خەڵکیان سەرکوت دەکرد. لەلایەکی دیکەوە دەرکەوتنی گروپە توندڕەوەکانی بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، ئاڕاستەی شۆڕشی ئازادیی خەڵکی سوریایان، بەرەو جەنگێکی ماڵوێرانکەر بردووە.ئەوەش لە کاتێکدایە جەنگی ناوخۆی سوریا پێدەنێتە پێنجەم ساڵی خۆی. بەهۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە ٢٢٠  هەزار کەس کوژراون. ٨٦٠  هەزار کەس بریندار بوون. نزیکەی ١٢ ملیۆن کەس لە سوریا ئاوارە بوون. لەو ١٢ ملیۆن کەسە نزیکەی چوار ملیۆنیان ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەری سوریا و ئەوروپا بوون.

 

دوو ساڵی داهاتوو گەرمترین ساڵ دەبن

 

ئاژانسی کەشناسی بەریتانیا (Met Office) ڕایگەیاند، دوو ساڵی داهاتوو گەرمترین ساڵ دەبن لە مێژوودا.ئاژانسەکە هۆشداری دەدات لەبارەی ڕوودانی گۆڕانکارییەکی زۆر لە سیستمی کەشوهەوادا و زیادبوونی گازەکانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، میتان و ئۆکسیدەکانی نیترۆس، کە کار دەکەنە سەر رەوتی سروشت و گەرمبوونی بەرگەهەوای زەوی.ئاژانسەکە لە توێژینەوەیەکدا دەریخستووە کە دیاردەی ئێل نینۆ (El Nino) ڕوودەدات، کە دیاردەیەکە تیایدا ڕووی ئاوی زەریای هێمندا گەرمبوون بەخۆیەوە دەبینێت و دەبێتە هۆی گەرمبوونی کەشوهەوای جیهان بە گشتی.ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەو دیاردەیە، هاوینی هەندێک لە وڵاتانی ئەورپا بۆ ماوەیەک فێنکتر دەبێت، بەڵام زۆربەی ناوچەکانی جیهان گەرم دەبێت.تێکڕای پلەی گەرمی لە ساڵی ٢٠ ١٤دا لە وشکانی و ڕووی دەریا و زەریاکاندا ٠ ،٦٩ پلەی سیلیزی بووە کە ئەوەش لەدوای ساڵی ٢٠ ٠ ٧ەوە بەرزترین پلە بووە لە مێژوودا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠ ١٣دا ٠ ،٦٠  پلەی سیلیزی بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠ ٠ ٧دا ٠ ،٧٦ پلەی سیلیزی بووە.

 

رووک خۆرەکان تەمەندرێژترن لەگۆشت خۆرەکان

 

بەگوێرەی‌ توێژینەوەیەکی‌ ئەمریکی‌ ئەو کەسانەی‌ رووەک دەخۆن تەمەندرێژترن لەوانەی‌ گۆشت خۆرن.تادێت ژمارەی‌ ئەو توێژینەوانە زیاتر دەبن کەباس لەمەترسی‌ زۆر خواردنی‌ گۆشت دەکەن بەتایبەتی‌ گۆشتی‌ سوور، تەنانەت هەندێک لەو توێژینەوانە سەلماندوویانە ئەوانەی‌ رووک دەخۆن لەجیاتی‌ گۆشت، تەمەنیان درێژترە. لەوچوارچێوەیەدا پەیمانگای‌ لۆما لیندای‌ ئەمریکی‌ لەتوێژینەوەیەکدا دەریخستووە کەڕێژەی‌ مردن لەنێو ئەوانەی‌ رووەکین 12% کەمترە، بەربەراورد لەگەڵ رێژەی‌ مردن لای‌ ئەوانەی‌ گۆشت دەخۆن.هۆکارەکەشی‌ ئەوەیە کەئاستی‌ کۆلیسترۆڵ لەوانەی‌ رووک دەخۆن کەمترە‌و گۆشت ترشەڵۆکی‌ چەوری‌ زیاتر تێدایە کەدبێتەهۆی‌ رەقبوونی‌ شادەمارەکانی‌ مرۆڤ. ئەوەش ئەوەدەگەیەنێت کەسیستمی‌ خۆراکی‌ رووەکی‌ مرۆڤ دەپارێزێت لەنەخۆشییە درێژخایەنەکان.


9 ساڵ و 14 ڕۆژ و 5 کاتژمێر و 54 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (23ی خەرمانانی 1394)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (23ی خەرمانانی 1394)

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران