رۆژی سێ شەممە 16ی سەرماوەزی 1395 رۆژی خوێندکار لە ئێران بوو کە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو خوێندکارانی تێکرای زانستگاکانی ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بوون بە شێوەی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرز راگرن، بەڵام رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران لەبەر ئەوەی هەموو جوڵەیەکی خوێندکاران بە دژایەتی خۆی دەبینێ
رۆژی سێ شەممە 16ی سەرماوەزی 1395 رۆژی خوێندکار لە ئێران بوو کە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو خوێندکارانی تێکرای زانستگاکانی ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بوون بە شێوەی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرز راگرن، بەڵام رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران لەبەر ئەوەی هەموو جوڵەیەکی خوێندکاران بە دژایەتی خۆی دەبینێ و مەترسی لە چالاکی و هەڵسوڕانی ئەو چینە خوێندەوار و پێشرەوەی کۆمەڵگەی ئێران هەیە، هەر زوو کەوتە کۆسپ و تەگەرەدانان لە بەردەم و کار و چالاکی خوێندکاران لەو رۆژەداو هەر بەو مەبەستە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانستگاکانی ئێرانی دەست بەسەر کرد.
لەگەڵ ئەوەی رژێم هەموو هەوڵ و تەقەلایەکی دا بۆ کۆسپ خستنە بەردەم خوێندکاران لە 16ی سەرماوەزدا، بەڵام خوێندکارانی هەمیشە پێشەنگ و شۆرشگێڕ لە زۆربەی زانستگاکان ناڕەزایەتی خۆیان لە سیاسەت و بەرنامەکانی رژێم نیشانداو بە دانی شیعاری جیاجیا رق و توڕەیی خۆیان لە دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری ئێران نیشان دا.
ئەو زانستگایانەی خوێندکاران تیایاندا چالاکی و ناڕەزایەتیان دژ بە دەسەڵاتدارانی رژێم بەرێوەبرد بریتی بوون لە: زانستگای خواجە نەسیری تاران، زانستگای تەورێز، زانستگای زاهیدان، زانستگای تەربیەت موعەلیمی تاران، زانستگای تاران، دانشکەدەی فەنی تاران، زانستگای ملی و چەندین زانستگای دیکەی ئێران.
خوێندکاران لەو رۆژەدا دروشم گەلێکی وەک: حکومەتی نالایەق ئەوە ئاخر پەیامە، ئەو میلەتە ئازادە ئامادەی قیامە، خوێندکار دەمرێ و ژێردەستەیی قەبوڵ ناکا، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، زانستگا پادگان نیە زانستگای ئێمە زیندوە، بەکرێگیراو برۆ ون بە، بوو.
شایانی باسە، لە رۆژی 16ی سەرماوەزدا هێزە و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی رژێم تۆرە کۆمەڵایەتیەکانیان بە تەواوی سنووردار کرد و دەوری ئەو زانستگایانەی کە چالاکیان تێدا بەرێوەدەچوو بە هێزی پۆشتە تەوق دابوو.
|