زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتیی فەرهەنگی و هونەریی نێودەوڵەتی لە نامەیەکدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی توماج ساڵحیان کرد.
ئێستینگ گۆرانیبێژی بەریتانی، جید ئەمێلیا سیروال گۆرانیبێژ، مارگارێت ئەتوود نووسەری کەنەدی و گرووپی ڕاکی بەریتانی "کۆلدپلی" لە واژۆکارانی ئەم نامەیەن.
لەم نامەیەدا کە کۆپییەکی ٢١ی گوڵانی ١٤٠٣، لە ڕۆژنامەی گاڕدییەن بڵاوکرایەوە، ئەم هونەرمەندانە و کەسایەتییە فەرهەنگییانەی نێودەوڵەتی، داوای "هەڵوەشاندنەوەی بەپەلە و بێ مەرجی حوکمی دڕندانەو داسەپاوی ئێعدامی توماج ساڵحی و ڕەتکردنەوەی سەرجەم تۆمەتە ساختەکانی دژ بە ناوبراویان کردووە". هەروەها پێداهریان لەسەر ئازادیی ئەم گۆرانیبێژە ناڕازییە کردووە.
واژۆکارانی ئەم نامەیە وتوویانە: "دەبێت ڕێگە بە هونەر بدرێت ڕەخنە بگرێت، هان بدات، ئەمە هەم ماف و هەم ئەرکی ئێمەی هونەرمەندە".
هەروەها هاتووە: نابێت هیچ هونەرمەندێک بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە مافی ئازادیی بەیان تووشی ئازار و ئەزیەت بێتەوە، چی بگا بەوەی سزای لەسێدارەانی بەسەردا بسەپێنرێت.