بەپێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵیەکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی بانەمەڕ١٤٠٣، پێنج بەندکراو کە یەکێکیان ژنە بە ناوەکانی پەروین مووسەوی، پەرویز قاسمی، یووسف سەعیدی، ڕامین لەوەند پوور و مەنسوور ناسری خەڵکی شارەکانی مەراغە، ئورمیە و بۆکان لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لەسێدارە دراون. ئەم پێنج بەندکراوە پێشتر بەهۆی تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ئەم راپۆرتە، پەروین مووسەوی هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵی تورک و خەڵی شاری مەراغە، هاوکات لەگەڵ چوار بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مەنسوور ناسری تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان، یووسف سەعیدی تەمەن ٣٢ ساڵ، ڕامین لەوەند پوور تەمەن ٢٧ ساڵ و پەرویز قاسمی تەمەن ٣٥ ساڵ هەرسێکیان خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندی رژیم لە ورمێ (بەندیخانەی دەریا) لەسێدارە دراون.