نوێنەرانی مەجلیسی سەنای ئەمریکا بەرنامەیەکی نوێ یان
بۆ ئابڵوقەی زیاتر دژ بە رژێمی ئێران بە هۆی "بەردەوامی پشتیوانی لە تیرۆریزم، پێشێلکاری مافی مرۆڤ و پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکی" ئامادە کردوە.
بەپێی راپۆرتێکی ئەلعەرەبیە بەرنامەی "ئابڵوقەی غەیرە ناوکەیی 2016" بە ناساندنی سپای پاسداران وەک " مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی" دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، سەپاندنی فشار لەسەریان بە سیاسەتێک زانیوە کە پێویستە واشینگتۆن بەدواداچوونی بۆ بکات.
بەپێی ئەو راپۆرتە مارکو روبیۆ نوێنەری سەنای ئەمریکا پێشنیارێکی پێشکەش کردوە کە ئەگەر پەسەند بکرێ و ببێتە قانوون، ئابڵوقەی نوێ دژ بە رژێمی ئێران بە هۆی "پشتیوانی لە تیرۆیزم، پێشێلکاری مافی مرۆڤ و پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکی" جێبەجێ دەکرێ.
ئەو یاسایە سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەرکدار دەکا کە لە ماوەی 90 رۆژ لە دوای جێبەجێ کردن، سەرمایەکانی "بەرپرسان، مۆرە و ئەندامانی سپای پاسداران" بلوک بکات.
خاڵێکی دیکە "قانوونی غەیرە ناوکەیی" داوا دەکا تەواوی ئەو کەسانەی کە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ سات و سەودا لەگەڵ شیرکەتی فرۆکەوانی "ماهان ئایر" ئابڵوقەیان بخرێتە سەر.
ئەو پێشنیارە هەروەها داوا لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکا کە سەرمایە و دارایی ئەو کەسانەی کە لە ماهان ئایر، لق و شیرکەتەکانی کونترۆڵ/ بەرێوەدەبەن، بوەستێنن.
مارکۆ روبیۆ لە بەشێکی دەیکەدا سەبارەت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی رژێمی ئێران و بەرێوەبردنی هەڵبژاردنی نائازاد و ناداپەروەرانە، گرتن و راوەدوونانی رۆژنامەنووسان ئیشارەی کردوەو هەندێ رێ و شوێنی دیاری کردوە کە بەپێی وتەی ناوبراو ئەو کەسانەی پێوەندیان بەو بابەتانەوە هەبێ دەخرێنە ژێر فشار و ئابڵوقەیان دەخرێتەسەر.