یه‌ک شه‌مه‌ 

4 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

ڕوناكبیر و نوسەرانی بێ‌ هەڵوێست تاوانبارانی مێژوون

ڕوناكبیر و نوسەرانی بێ‌ هەڵوێست تاوانبارانی مێژوون
دەنگی خەباتی کوردستان

سیامەند
ئەگەر بەراوردێكی كتێب و نووسراوە و سەرچاوە مێژووییەكانی ژمارەیێك لە نوسەرانی جیهان و خۆڕهەلاتی ناوەڕاست بكەین دەردەكەوێ‌ ئەو سەرچاوەو نوسراوانە بەشێكی زۆریان ناڕاستن و هیچ بنەمایێكی حەقیقان نیە. ئەو مێژوونووسە درۆزنانە بە ستایشی بێ‌ بنەمای دەسەڵاتداران و فرۆشتنی مێشك، بیركردنەوە، نووسین و قەڵەمەكەیان، تەنیا لە پێناو بە دەست هێنانی سەروەت و سامان و بۆ پاراستنی جێگەو پێگەی خۆیان، هەوڵیانداوە دەسەڵاتە دیكتاتۆرو حكومەتە خوێنمژەكان بە دروستكارو خزمەتكار بناسێنن و دەستی خۆیناویان بە خوێنی خەڵك، بە دەستی ڕەحمەت و چاكەو پاك پێناسە بكەن و راستیەكانی مێژوو بشێوێنن. دەسەڵاتدارانی دیكتاتۆری وەك هیتلێر لە ئاڵمان، ستالین لە ڕوسیە، مائۆ لە چین، و زۆر دیكتاتۆری دیكە لە جیهان، لە لایەن ژمارەیەكی بە ناو رۆشنبیری لە بنەڕەتدا تاریك بیرو دزێوی دەرباری و دۆڕاوی نەفس نزم، هەوڵدراوە بە كەسایەتی دڵسۆزو خزمەتكاری میللەت پێناسە بكرێن و بەداخەوە توانیویانە ڕوی دزێویان لە لای بەشێك لە جەماوەرو لە سەردەمێكدا وەشارن، كە تا ئێستاش ئەو دیكتاتۆرە بێ‌ بەزییانە لە لای ژماریەك لە خەڵك بە كەسانی باش دەناسرێن و رێگەو باوەڕی چەوتیان لایەنگری هەیە.
لە مێژووی كۆنی خۆرهەلاتی ناوەڕاستیشدا، سەرۆك و شاهەنشاو دەسەڵاتداری دیكتاتۆرو ستەمگەر زۆر هەبوون كە لە لایەن نووسەرو ڕۆشنبیری ئەو سەردەمانەدا،بە دروستكارو عەداڵەتخوازو چاكەكار ناوهێندراون. بۆ وێنە كاتێك خوسرەوی یەكەم پادشای ساسانی كە نازناوی ( ئەنەوشیروانی عادڵ) پێدرا، لە ساڵی ٥٢٤ زایینی دەستوری قەتڵ و عام و كوشتاری (مەزدەك) سەركردەو مرۆڤی باش و خزمەتكارو زیاتر لە هەزاران كەس لە (بەڵخ یەكانی) شوێن كەوتووی مەزدەكی دا، وە هەروەها دوو برای خۆی و دەیان كەس لە خزمان و بەرپرسانی نزیك لە خۆی، بۆ پاراستنی دەسەلات و تەختی شایەتی كوشت و گەورەترین جینایەتی كرد، هەروەها دەیان تاوانی دیكەی بەرانبەر بە خەڵكی ووڵاتەكەی ئەنجامدا، كە سەرەرای ئەو گشتەجینایەتە، بەڵام لە لایەن نوسەران و روناكبیرانی ئەو سەردەمەدا، جینایەت و تاوانەكانی پێچەوانە كرایەوەو نازناوی نەوشیروانی عادڵ یان بۆ داناو تا ئێستاش بەشێك لە خەڵك پێ‌ یان وایە نەوشیروان پادشایێكی عادڵ بووە. هەر لە مێژووی كۆنداو لە دەورانی حكومەتی ساسانیەكان دا باس لە ڕاستبێژی و هەوڵەكانی (یەزدگوردی) سێهەم پاشای ساسانیەكان دەكرێ‌ كە هەوڵیداوە دەوڵەمەندەكان و كەسانی خۆپەرەست و گەندەڵ لە دەسەڵات دور بخاتەوەو بەرابەری لە كۆمەڵگەدا دابین بكات و ستەم لە سەر جوتیاران و هەژاران هەڵگرێ‌ بەڵام لە لایەن ژمارەیێك لە نووسەران، بە پادشای بەدكارو خراپەكار ناو دەهێندرێ‌.
دو جیاوازی نابەرابەر لە هەڵوێست و نووسینی ژمارەیێك لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەدا، كەكرداری دزێوی نەوشیروانی دیكتاتۆر بە پەسەند وكرداری یەزدگوردی دڵسۆزی خەڵك بە ناپەسەند پێناسە دەكەن، دەری دەخا ئەو نوسەرانە تاوانكارو هاوبەشن لە جینایەت و ڕەواییدان بە زوڵم و بێدادی. لەسەردەمی نوێشدا، زۆر لە دەسەڵاتداران لە ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دیكتاتۆرو ستەمگەرن كە بە ڕشتنی خوێنی خەڵك و لەسەر ئێسك وپروسكی هاوڵاتیان، كۆشكەكانیان دامەزراندوەو لە ڕێگەی خوێن ڕشتن و جینایەتەوە درێژەیان بە دەسەڵات داوە،. دیارە نمونەی ئەو دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرانە زۆرن و كەم كەس هەیە زانیاری لە بارەیانەوە نەبێ‌. لە بیرەوەری ئەوانەی لەساڵانی دەی ١٩٦٠ زایینی هاتونە دونیا، كەم تا زۆر لە سەر تاوان و جینایەتەكانی دوو ڕژیمی حەمەڕەزای پەهلەوی و ڕژیمی ئاخوندەكان لە ئێران ئاگادارن. بە تایبەت جینایەتە بێ سنوورەكانی حكومەتی خومەینی بەرانبەر بە خەڵك و نەتەوەكانی ئێران بە ڕادەیێك بەرچاو و بەرین بوون كە دەیان جار لە لایەن رێكخراوە جیهانیەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ و لە لایەن حكومەتە ئازادو دیموكراتەكان مەحكوم كراوە. ئیعدامی هەزاران تێكۆشەری سیاسی و سەركوتی بەردەوامی خەڵك لە ماوەی ٤٠ ساڵ حوكمڕانی ئاخوندانی دەسەڵاتدار لە ئێران، بۆتە باسی هەموو ڕۆشنبیرو نووسەرانی خاوەن هەڵوێست لە سەرانسەری جیهان و نووسەران و ڕوناكبیرانی نەترس و دڵسۆز لە ناوخۆی ئێراندا، بەڵام سەرەرای ئاشكرابوونی جینایەتكاری و دڕەندەیی خومەینی و ڕژیمەكەی، ژمارەیەك بە ناو نووسەرو بە ناو ڕوناكبیر، بە بێ‌ سڵ كردنەوە كەوتونە تەعریف و پێداهەڵگوتن بە خومەینی جینایەتكارو دەسەڵات و حكومەتە دیكتاتۆرەكەی و كەرامەت و بەرپرسایەتی ئەخلاقی و ئەركی پیرۆزی نووسین و ڕۆناكبیر، بە دراو پوڵ و بەرپرسایەتی فرۆشتوە.
كردەوەی دزێوی ئەو بە ناو ڕۆناكبیرو قەڵەم بەدەستە ناپەسەندانە زیانی زۆری گەیاندوە بە خەڵك و لە بەرانبەردا دەسەلاتی ستەمگەر، زۆرترین كەڵكی لێ وەرگرتوە. بە جۆرێك كە لە زۆر كۆڕوكۆبونەوە نووسین و ئاخاوتنەكانی قەڵەم فرۆشان و تاریكبیرانی بە ناو ڕوناكبیر، وەك فاكت و بەڵگە لە سەر بێ‌ تاوانی دەسەڵات و حكومەتی تاوانبارو جینایەتكاری ئاخوندی لە ئێران دەهێندرێتەوە. بێگومان درۆی بە ناو نووسەران و ڕۆناكبیران لە سەردەمی كۆن و لە سەردەمی ئێستادا دەردو بەڵایێكی گەورەیە لە سەر كۆمەڵگە، ئەوانە بوونە هۆی ئەوە كە دیواری دەسەلات و بەرێوەربەریی بە خواری بنیاد بنرێ‌ و هاوكاری دەسەڵاتدارانی ستەمگەریان كردوە لە ڕاگرتنی ئەو دیوارە خوارەی دەسەڵات، كە بە خوێن و گیانی خەڵكی ڕەنج دیتوو قوربانیدانیان بوون بە بەردەبازی دەسەڵاتی نامەشروع و ناڕەوا. ئەو سەرەتایە بۆ ئەوە بوو كە مەبەستە سەرەكیەكەم لە نووسینی ئەم بابەتەدا باس بكەم كە ئەویش دەوری ڕوناكبیران و نوسەرانە لە ڕێنوێنی جەماوەرو دامەزراندنی وولات و نیشتمانێكی سەقامگیرە. نووسەران و ڕوناكبیران دەبێ هەوڵ بدەن بۆ ڕاست كردنەوەی دەسەڵات و ڕێبەرانی گەل و شۆڕش. زۆر جار باس لە سیستم و دەسەڵاتداری لە وولاتانی ئوروپایی دەكرێ‌ و بە نمونەی باش و جۆرو شێوەی ڕەوای دەسەڵاتداریی دەهێندرێنەوە، بێگومان ئەو شێوە دەسەڵاتداریە مەشروع و ڕەوایەی لە زۆربەی ووڵاتانی ئوروپا هەیە، هەر لە خۆڕا نەهاتۆتە ئاراوە، بێگومان ووڵاتانی ئوروپاییش لە پیش سەدەی ١٧ زایینی و لە سەردەمانی ڕابردو،خراپترین جۆری حكومەتیان هەبوە، هەر وەك لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێكرد. بەڵام لە ئوروپاو لە ووڵاتانی پێشكەوتودا، ڕۆشنبیران و ونووسەران كەوتنە خۆ و بوونە زمانی خەڵك لە حەقبێژی و دژ بە گەندەڵی و جینایەت وێستانەوەو كۆتاییان بە پێداهەڵگوتنی ناڕاست و بێ بنەما بە سەر دەسەڵات و حكومەتدا هێنا. بەڵێ‌ ئەوان بە ڕەچاو كردنی بنەما پیرۆزەكانی رۆشنبیریی، خاڵە لاوازەكانی دەسەڵاتیان دەست نیشان دەكردو لە قاویان دەداو هەروەها لە پێوەند بە كردەوەو خزمەتی دەسەڵات دڵخۆشی و پەسەندیان دەردەبڕی، كە ئاكامەكەی ئەوەیە كەلە ئێستادا سیستم و قانوونێك لە زۆربەی وولاتانی ئوروپایی پەسەند كراوە كە، دەسەڵاتدارو بەرپرس دەبێ لەگەڵ خەلك‌ ڕاستگۆبێ‌، وە ئەرك و بەرپرسایەتی تەنیا بۆ قازانجی خەڵك و بە مەبەستی خزمەت بە ووڵات بە كار بێنێ‌. كاتێك وەزیرێك و بەرپرسێكی وولاتی خاوەن سیستم و دەسەلاتی خزمەتگوزارو ڕاست بێژ كردەوەیێكی هەڵەو پێچەوانەی قانون و بەرنامەی ووڵاتەكەی دەكات، هیچ پاساوێك بۆ كردەوە دژی قانونیەكەی ناهێنێتەوە. بۆ نمونە لە ماوەی ڕابردوو (ئینگر ئستۆی بێرگ)كە خانمەو وەزیری كۆچ وپەنابەرانی پێشووی ووڵاتی دانماركە بە هۆی پێشێلكردنی قانونی وولاتەكەی بە جیاكردنەوی ژن و مێردێكی ئەفغانی لە یەكتر، چۆتە بەردەم دادگاو ئیعترافی كردوەو ددانی پێداناوە بڕیارەكەی دژ بە قانونی ووڵات بووە، وێ‌ دەچێ‌ ئەو وەزیرە لە كەسە ڕاستەكان بێ، بەڵام سەرەڕای ڕوانگەو بیروبۆچوونیشی لەبەرانبەر پەنابەران، ددانی بە هەڵەكەی خۆیدا ناوە. نمونەی لەو شێوە لە سەر ئیعتراف و ددان پێدانانی بەرپرسانی ووڵاتانی پێشكەوتوو لە سەر كردەوەی هەڵەو گەندەڵیان زۆرن، ئەو نمونانە ئەوەمان پێ‌ دەڵێ‌ كە وولات لە سەر درۆ و گەندەڵی بەڕێوە ناچێ‌، پێمان دەڵێ‌ بەرپرس دەبێ‌ شەهامەتی ئەوەی هەبێ‌ هەركات كردەوەیێكی هەڵە بەرانبەر بە ووڵات و جەماوەرەكەی كرد ئیعتراف بكاو هەروەها ڕۆشنبیران و نوسەران لە بەرانبەر گەندەڵی بوێستنەوەو دەسەڵات و سیستمی تاونبار لە قاو بدەن. كوردستانی ئێران و ڕۆشنبیرانی تەزیوی دزێوی بێ‌ بەراوردو تاریك بیرو تاوانبار! وەك ئاشكرایە گەلی كورد دەیان ساڵە لە پێناو بە دەستهێنانی مافە زەوت كراوەكانی خەبات دەكاو هەزاران ڕۆڵەی كورد لە پێناو گەیشتن بە مافی ڕەوا،گیانیان فیدای گەل و نیشتمان كردوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا كورد بە سەرەتایی ترین مافەكانی نەگەیشتوە. قەتیس مانەوەی جولانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان، بە هۆی نەبونی گیان فیدایی و قوربانیدان نیە، بە هۆی نەبوونی تێكۆشەرانی خۆنەیست و بە بڕشت و دڵسۆز و ... هتد نیە. بەڵكو هۆیێكی سەرەكی سەرنەكەوتنی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان لە نەبونی نەقدی پێویست و ڕەخنە لە شۆڕش و ڕێبەرانی جوڵانەوەی گەلی كوردە.
گەلی كورد سەرەڕای قوربانیدانی زۆر تا ئێستاش لە سەرەتای كاردایەو نەیتوانیوە هەنگاوی گەورە بۆ گەیشتن بە ئامانج هەڵگرێ‌. یەکێک لە دەردە گەورەكان لە جوڵانەوەی مافخوزانەی كوردستانی ئێران ئەوەیە كە لە ڕیزی لایەنە سیاسیەكان و هەورەها لە ناو كۆمەڵگەدا كەسانی بە ناو ڕۆشنبیرو نوسەر، هەر لە خۆڕاو كوێر كوێرانە بوونە سەنا بێژی دەسەڵاتی ناڕەواو و ئەم یا ئەو لایەنی سیاسی و ئەم یا ئەو بەرپرسی لایەنە سیاسی. تەنانەت ئەگەر كەسانێك زمانی ڕەخنەیان بكرێتەوە ئەو بە ناو نوسەرو بە ناو ڕۆشنبیرانە، بە شێوەیێكی دوور لە بنەماو هەڵسوكەوتی ئەخلاقی هێرشی دەكەنە سەرو تۆمەتی جۆراوجۆی دەخەنە پاڵ. بێگومان تا تەعریف و پێداهەڵگوتنی بێ‌ بنەما بكرێتە كاری سەرەكی بە ناو ڕۆشنبیران و ڕێگری بكرێ‌ لە ووتنی ڕەخنەی شیاو لە هەر كەس و لە هەر ڕێبەرێكی شەهیدو كۆچ كردوو وە ڕەخنە لە هەر لایەنێكی سیاسی و فێری ئەوە نەبین كە گوێ‌ لە ڕەخنە بگرین و فێری ئەوە نەبین ڕێگە دروست و شیاوەكان بۆ داهاتوو دەست نیشان بكەین، كورد بە ئامانجەكانی ناگا. ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین سەداقەت و ڕاستی بكەینە بنەماو هەروەها بە ڕەخنەی سازندە لە ئێستاو ڕابردووی جوڵانەوەی كوردو ڕێبەرانی بە دیاردەیێكی پێویست بۆ جوڵانەوەی مافخوازنە بزانین. هیچ كەس و هیچ شۆڕشێكی مافخوازانە لە میللەت و لە نیشتمان گەورەتر نیە. جا ئەگەر نیشتمان و گەل و شۆڕشی مافخوازانە خۆشەویستن، كەوایە پێویستە گوێ‌ لە ڕەخنە بگرین و لە بەرانبەر ڕەخنەدا، ئەو شێوە ڕەفتارە لە خۆ نیشان نەدرێ‌ كە ستەمگەران و جەلادەكان دەیكەن.
هێزی تۆكمە لە بناغەیێكی بە هێزدایە، جوڵانەوەی مافخوزانەی كوردو ڕێبەرانی، ناشیرین نابن بە ڕەخنە لێگرتن بەڵكو بە تەعریف و پێداهەڵگوتنی بێ‌ بنەمای بە ناو ڕۆشنبیرانی تەزیوی لاپەسیو، ئامانجی پیرۆزیان بە لاڕێدا دەبرێ‌ و درەنگ دەگاتە ئامانج. پێشنهادم بۆ دۆستان و ئەندامان و هۆگرانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران ئەوەیە كە لە بەرانبەر هەر جۆرە ڕەخنەیێكدا بە گیانی بەرپرسانەو غەمخۆرانە هەڵوێست بگرن و خۆیان دوور بگرن لە زمانی زبر چونكە ڕەخنە قەبوڵ كردن بە هێزمان دەكات، زۆر بە هێزتر لە مانۆڕی گاڵتەجاڕانەو خۆ گیف كردنەوەی بێ‌ ڕیشە. خانو لە سەر زیخ و چەوی قەراغ ڕوبارو دەریا دروست بكرێ‌، دەكەوێتە بەرلافاو لە ئاكامدا ڕۆدەچێ‌ ودەڕوخێ‌، كەوایە بەكۆڵەكە بەردانی دیوارەكانی و هەر هەوڵێك، ناتواندرێ‌ خانوی بنیادنراو لە سەر لم و زیخی كەناری ڕوبارو دەریا لە ڕوخان ڕزگار بكرێ

 

5 مانگ و 25 ڕۆژ و 10 کاتژمێر و 33 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ڕوناكبیر و نوسەرانی بێ‌ هەڵوێست تاوانبارانی مێژوون

ڕوناكبیر و نوسەرانی بێ‌ هەڵوێست تاوانبارانی مێژوون

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران