کۆمپانیای مێتا بە هۆی پێشێلکردنی یاساکانی ئەم کۆمپانیایە لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە، دەیان هەژماری پێوەندیدار بەم ڕژیمەی سڕیەوە.
کۆمپانیای مێتا هۆی سڕینەوەی ئەم هەژمارانەی بۆ پێشێلکردنی یاساکانی ئەم کۆمپانیایە لەلایەن رژیمی ئێرانەوە لە ڕێگەی دروستکردنی هەژماری ساختە و چالاکی بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک ناو بردووە.
بەپێی زانیارییەکان ئەم هەژمارانە هاووڵاتییانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و لە ئێرانەوە کاریان لەسەر کراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لەمبارەوە لەلایەن مێتاوە بڵاو بووەتەوە، ئەم کۆمپانیایە ٢٢ هەژماری فەسیبووک، ٨ لاپەڕە، ٨ گرووپ و ٢٣ هەژماری ئینستاگرامی لە سێ مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا سڕیوەتەوە.
مێتا ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵەی ڕژیمی ئێران تەنیا لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی کۆمپانیای مێتاوە نەبووە و لە پلاتفۆرمەکانی وەک تێلێگرام، یوتیووب، ئیکس و تیک تاکیشدا چالاکیی هەبووە.
کەسانی پشت ئەم هەژمارە ساختانە، بە زمانی عێبری هەواڵ و ڕووداوە ساختەکانی پێوەندیدار بە ئیسرائیلیان بڵاو کردووەتەوە.