رۆژی دووشەممە 29ی سەرماوەزی 1395 ئەنجومەنی
ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەکدا لەسەر جێگیرکردنی بەپەلەی چاودێرانی نێونەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب رەزامەندی دەربڕیوە. بەپێی ئەو بڕیارنامەیە چاودێرانی نێونەتەوەیی چاودێری هەلسوکەوتی سەربازانی ئەسەد و لایەنگرانیان لەگەڵ خەڵکی سڤیلی نیشتەجێ لەو ناوچەیە دەکەن.
هەندێ لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەورۆ دووشەممە زیاتر لە 4500 کەس لەو ناوچەیە دەرچوون.
پێشتر روسیە هەرشەی ویتۆی لەو بڕیارنامەیەی لەلایەن فەرانسەوە پێشنیار کراوە بۆ کۆتایی هێنان بە شەر و تێکگیرانەکانی شاری حەلەبی کردبوو و ئەو پێشنیارەی بە کارەسات ناوبردبوو. بەپێی ئەو رەشنووسەی فەرانسە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی کردبوو، چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانتوانی بە ئازادی چاودێری رەوتی دەرچوونی خەڵکی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی حەلەبی سوریە بکەن. ئامانجی فەرانسە ئەوەبوو کە ئەو خەڵکە سڤیلەی کە لە حەلەب دەچنەدەر ئازاد بن بۆ کوێ دەچن. بەڵام روسیە رەدی کردەوە. وترا کە شەوی رابردوو روسیە و فەرانسە و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش رێکەوتوون.