ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان، پەرویز قادری، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی ترۆریستە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران لە سنووری "نیروان"ی بانە بریندار کراوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە لاقی بە سەختی پێکراوە و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە گواستراوەتەوە و باری تەندروستی ناوبراو، ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
هەر لەم پەیوەندیەداو لەو ڕۆژەدا کۆڵبەرێك بە ناوی "سەلاح (ناوبانگ نادیار)" خەڵکی گوندی "هەڵوژان"ی سەر بە سەروئاوا بە تەقەی ترۆریستە چەكدارەکانی ڕژیم لە سنووری "تەتە"ی هەورامان بریندار بوو.
هەروەها کۆڵبەرێكی دیکە بە ناوی هەژیر مەحموودپوور خەڵکی گوندی "پوینە" و دانیشتووی جوانڕۆ بەهۆی تەقەی ترۆریسته چەكدارەکانی ڕژیم لەسەر سنووری نەوسوود گیانی دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە ئێوارەی سێشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣ دوای تەقەی ڕاستەوخۆی ترۆریستەکانی ڕژیمی ئێران بە سەختی بریندار بووە و بەرەبەیانی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بە هۆی سەختیی برینەکانی لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە گیانی داوە.
شایانی باسە که جینایەتکاره چەكدارەکانی ڕژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ڕاستەوخۆ تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.