شورای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە دەنگدان بە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک کە لەلایەن ترۆئیکای ئەوروپایی، پێکهاتوو لە وڵاتانی ئاڵمان، بەریتانیا و فەرانسە پەسەند کراوە، پێشێلکارییەکانی ڕژیمی ئێران و فراوانکردن و خێراکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو دەسەڵاتە لە غیابی چاوەدێرییەکی تەواو لەلایەن پشکێنەرانی ئەم دەزگا نێودەوڵەتیەیان مەحکوم کرد.
لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری۱۴۰۳ لە ویەن، ڕەشنووسی بڕیارنامەی پێشکەشکراوی ترۆئیکای ئوروپایی لە مەحکوم کرانی پەرەپێدانی چالاکییە ناوکییەکانی ڕژیمی ئێران پەسەند کرا و لەو کۆبوونەوەیەدا داوا لە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران کرا کە لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هاوکاری بکات و قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی پشکێنەرانی باڵای ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژیمی ئێران هەڵوەشێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "فرانس پرێس، ئەم ڕەشنوسە بە ڕێکەوتنی ٢٠ وڵات و دژایەتی دوو وڵات و ئامادەنەبوونی ١٢ وڵاتی ئەندامی ئەم ئەنجومەنە پەسەند کراوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەڕای گومان و نیگەرانییەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنگی بەڵێ بۆ ئەم بڕیارنامەیە دا.