بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵیەکان، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ڕژیم، سزای داسەپاوی لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بۆ سەر مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، خەڵكی بۆكان و تەمەن ٤٥ ساڵی وەک خۆی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەم کەسایەتییە ئایینیە پێشتر لەلایەن لقی سێی بێدادگای بەناو شۆڕشی ڕژیم لە ورمێ، بە تۆمەتی ساختەی فساد فی الارض سزای لەسێدارەدان و بە تۆمەتی ساختەی زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات، سزای ١٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕژین سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
گرتنی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە دوای ڕێوڕەسمی یادی ئەسعەد ڕەحیمی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بووە کە ناوبراو لەم ڕێوڕەسمە لە مزگەوتی ئیفتخاری بۆکان وتاری پێشکەش کردبوو و ڕەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتی ڕژیم لەگەڵ خۆپیشاندەران گرتبوو.
ناوبراو یەک ساڵ و شەش مانگ و ١٩ ڕۆژە گیراوەو بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی و لە بەندی ٢ی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ و بە بێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانباران بە پێی تاوانەکان ڕاگیراوە.