بە بۆنەی جێژنی قوربان، لە لایەن خۆم و هاوباوەڕانم لە سازمانی خەبات، پیرۆزبایی گەرم بە هاونیشتمانیانی موسڵمان لە كوردستان، ئێران و جیهان، خانەوادەی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی،زیندانیانی سیاسی و تێكۆشەرانی ڕێگەی ئازادیی و ڕزگاریی پێشكەش دەكەم.
داواكارم موسڵمانانی كوردستان و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لەگەڵ بەجێ هێنانی ئەركی ئایینی و ئیسلامی، لە خەباتی شێلگیرانە لە پێناو ئازادیی بۆ گەلی زوڵم لێكراو، وە ماف پێشێلكراوی كوردو لە تێكۆشان بەرانبەر دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی و خائینان و خۆفرۆشان بەردەوام بن.
لە كاتێكدا موسڵمانی كوردستان جێژنی پیرۆزی قوربان بەرز ڕادەگرن، لە هەمان كاتدا ئەو پەیامە گەورەیەی جێژنی قوربان، كە فیداكاری و گیان بەخشین و قوربانیدانە لە پێناو ئامانجە پیرۆزو بە نرخەكاندا، كاری پێی دەكەن و بە جێی دەگەێنن. بێگومان هەر لە بەر ئەو پەیام و ڕاسپاردە پیرۆزانە، پێویستە لەگەڵ خەبات و كۆڵ نەدان لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی، ڕێگە لە پیلانگێڕیەكانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و هەوڵە ئاژاوەگێڕیەكانی لە ناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری و بە تایبەت لە ناو موسڵمانانی كوردستان و ئێران و مامۆستایانی ئایینی بگیرێ.
لەگەڵ پیرۆزبایی دوبارە
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
۲۶ی جۆزەردانی ۱۴۰۳ كۆچی خۆری