"رۆژی هەینی 23-12-2016، تۆمەتباری هێرشەکەی
بەرلین لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا تەقەی لێکراوە و کوژراوە".
ئاماژە بەوەشکراوە کە، پۆلیسی ئیتاڵیا داوای ناسنامەکەی لە تۆمەتبارەکە کردووە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە و رووبەڕووی پۆلیس بووەتەوە پاشان کوژراوە.
لەدوای کوژرانی هێرشکارەکەی بەرلین، مارکۆ مینیتی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "هێزەکانی پۆلیس داوای ناسنامەیان لە هێرشکارەکەی بەرلین کردووە، ئەویش تەقەی لە هێزەکەی پۆلیس کردووە، دواتر لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و هێرشکارەکەی بەرلین پۆلیسێک برینداربووە و هێرشکارەکەش کوژراوە".
وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا گوتی "شانازی بە هێزەکانمان دەکەین، کە توانیان هێرشکارەکەی بەرلین بکوژن، بەڵام تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و نامەوێت هەمووشتێک باس بکەم، چونکە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوە بکەین".
پێشتر پۆلیسی ئەڵمانیا بەڵێنی دابوو کە بڕی 100 هەزار یۆرۆ بە پاداشت بداتە هەرکەسێک کە زانیاری لەبارەی ئەو کەسە پێشکەش دەکات.
شەوی دووشەممە 19-12-2016، لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بارهەڵگرێک خۆی بەنێو ئاهەنگێکی کریسمسدا کرد، بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون، هەمانکاتیش باری نائاسایی راگەیێندرا.