سێ‌شه‌مه 

13 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

كورتەیەك لە ژیانی رێبەری زانای كورد مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی

كورتەیەك لە ژیانی رێبەری زانای كورد مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی
سازمانی خەبات

سی پووشپەڕی هەموو ساڵێک یادی کۆچی دوایی مامۆستا سەیید جەلال الدین حوسەینی ڕێبەر وسەرکردەی ڕاستگۆ، سیاستمەداری دڵسۆز،نووسەرو شاعیری گەلەکەمانە، کە زیاتر لە 64ساڵی تەمەنی خۆی لە خەبات بۆ ڕزگاری کورد وکوردستان تەرخان کرد.
مامۆستا شێخ جەلال کوڕی قازی شێخ ساڵحی بانە لە ساڵی 1367ی ک، خ، لە شاری بانە لەدایک بووە.قازی شێخ ساڵح كەسایەتیەکی گەورەو پێشەوایەكی ئایینی ئیسلام و مامۆستا و قازیێکی دادپەروەر و جێگەی ڕێزو باوەڕی خەڵکی كوردستان بوو.
مامۆستا شێخ جەلال،هەر لە منداڵیەوە كەوتە بەر خۆێندن و بارهاتن لە بەر دەستی باوكی دا بەشێك لە وانەکانی ژیان و زانستی ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسی لە خزمەت باوکی دا خوێند و فێر بوو. بە بڕیاڕی قازی شێخ ساڵح،بۆ درێژدان بە خوێندن و فێربوونی و عیلم وزانستی زیاتر ، ڕووی لە دێی و گوندو ناوچەكانی،سەردەشت،بۆكان،مەهاباد،مەریوان و چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان و هەروەها دێی گەناو لە كوردستانی عێراق دەكات.
لە حوجرەی فەقێ‌ كان و لە كۆڕی خوێندەواران و زانایانی ئەو ناوچانەدا،  لە گەڵ خوێندن لە لای زۆر مامۆستای خوێندەوارو زانای  ئایینی، لە گەڵ پیاوانی جێگەی متمانە و دیاری ناو کۆمەڵگەی کوردەواری  دەبێتە ئاشنا.
مامۆستا شێخ جەلال لە گەڵ خوێندنی  زانستی ئایینی و فەلسەفەو نەتیق و ئەدەبی عەرەبی، دەستی كردوە بە نووسینی شیعری نەتەوەیی و نیشتمانی و پەخشان و نووسینی ووتاری سیاسی و ئایینی. 
بە دامەزراندنی كۆمەڵەی ژێكاف كە تەشكیلات و رێكخراوێكی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو،مامۆستا شێخ جەلال لە سەر دەستی مامۆستا مەلا عەبدوڵای حەسار، ئەندامیەتی  کۆمەڵەی ژێکاف وەردەگرێ و بە کوردایەتی پاک بۆ وەدەست هێنانی ماف وئازادی گەلەکەی دەست دەداتە  خەبات وتێکۆشان و بە هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی ژێكاف مامۆستا زۆر نیگەران دەبێ‌ بەڵام لە کاتی کۆماری کوردستانیشدا بە گەرمی درێژە بە کاری سیاسی و نووسین دەدات. 
بە تێك چوونی كۆماری كوردستان و بە شەهید كرانی قازی محەممەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە لایەن حەمەڕەزا شا، مامۆستا شێخ جەلال خەم و پەژارەی قووڵ دایدەگرێ‌ وچەندین پەخشان و شیعر بەو بۆنەوە دەنووسێ‌. 
تێك چوونی كۆمارو هەلومەرجی نالەباری كورد لەو سەردەمەدا كاریگەری خراپ دەكاتە سەر مامۆستا سەیید جەلال، بەڵام بە تێپەڕنی چەند مانگ بە سەر ئەو زەربەتە گەورەیەی لەگەلی كورد درا، سەر لە نوێ‌ بە شێوەی كاریگەر درێژە بە خوێندن دەداو لە ئاكامدا لە گوندی بالكی مەریوان و لە سەر دەستی مامۆستا مەلا باقر لە  ئێجازەی مەلایەتی وەردەگرێت و پاشان دەچێتە ناوچەی موكریان. دوایەش دەگەڕێتەوە بۆ شاری بانەو ئەو مزگەوتەی كە قازی شێخ ساڵحی باوكی مامۆستا و پێشنوێژی بووە ئاوەدان دەكاتەوەو دەبێتە مامۆستا 
دەست بە ووانە ووتنەوەی ئیسلامی فەلسەفەو مەنیق و نەحو سەرف و گەلێک مامۆستای بە توانا وشارەزا نیشتمان پەروەر پێدەگەینێ.
مامۆستا لە گەڵ تەدریس و ڕێنوینی خەڵک لە ماڵ ومزگەوت وحوجرەکەی مزگەوتەكەی خویدا ،دەرسی کوردایەتی وشۆڕشگێڕی بە کەسانی جێگەی باوەڕ دەڵێ و لە هەمان کاتیشدا  لە قاڵبی شیعر و ئەدەبیاتدا  کوردایەتی وخۆڕاگری و  خەباتگێڕی خۆی ودڵسۆزانی نەتەوەکەی دەردەبڕێ و خەڵک بۆ دژایەتی ناعداڵەتی ودیکتاتۆری بار دەهێنێ‌ دەبێتە یەکێک لە دوژمنانی سەرسەختی ڕژیمی گۆڕ کراوی پاشایەتی.
 پێگەی بەرزی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی  مامۆستا لە لای جەماوەری شاری بانەو زۆربەی شارەكانی دیكەی كوردستان بە ڕادەیەک بوو کە دەسەڵاتی ڕەشی ساواک سامی لێدەکرد و بە پێشڕەو و سەرکردەیەکی نەیاری خۆیان دەزانی.
پێویستە ئاماژە بەو تایبەتمەندیە گەورەیەی مامۆستا بگەین كە ئەویش قەبولچ نەكردنی سەرفترەو كۆمەگی دارایی خەڵك بوو،تەنیا  لە چەند مانگی سەرەتای مامۆستاییدا هێندێك مافی دارایی مامۆستاییەكەی لە خەڵك وەرگرت بەڵام لە دواییدا بە هێزی خۆی و خانەوادەی و بە كاری جوتێری و ئاژەڵداری بژێوی بە دەست دەهێناو ژیانێكی گەلێك سەربەرزانەی بەڕێكرد لە ماوەی مامۆستایی دا.  
لە ڕۆژانی سەرەتای شۆڕشی دژی  دەسەڵاتی دیكتاتۆری پەهلەوی لە ئێراندا ،مامۆستا لێبڕاوانە وشۆڕگێڕانە دەستی كرد بە رێنوێنی خەڵك و ڕێبەری وڕێنوینی جەماوەر لە شارەكانی بانە،سەقز،بۆكان،سەردەشت،سنە،مەریوان،جوانرشۆ،ڕەانسەر،مەهاباد و چەندین شاری دیكەی كوردستان. جەنابی مامۆستا یەكێك لە ڕێبەران پێشڕەوانی شۆڕش و ڕاپەڕینی لە دژی دەسەڵاتی شا بوو، وە بۆ هێنانە دیی ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان، دەستی لە ژیانی ئاسایی و سەرمایەی خۆی و ماڵ و منداڵ و خێزانی لە پێناو سەركەوتنی ڕاپەڕیندا هەڵگرت.


مامۆستا لە ڕیزی پێشەوەی جەماوەری ڕاپەڕیندا بە دەنگی دلێر وحەماسی خۆی گەلی كوردی بەرەو ئامانجی ڕزگاری و دامەزراندنی سیستەمی حوكمڕانی دیموكڕاتیك فرەچەشنە ڕێبەریی كردو  بانگەوازی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی لە نێوان تێكڕای چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بەرزكردەوە.
ووتارە حەماسیەكانی مامۆستا لە كۆبونەوە جەماوەریەكانی خەڵك لە شارو ناوچە جیاجیكانی كوردستان شەپولەکانی دەریای خروشانی جەماوەری زیاتر تین دەداو هەستی نیشتمان پەروەری لە دڵی هەموواندا گەرم دادەهێنا. دوابەدوای سەرکەووتنی شۆڕش مامۆستا شێخ جەلال لەزۆربەی شارەکانی کوردستان کەوتە هەڵسوڕان و دامەزرانی ناوەند وسەندیکاو ئێدارەکانی شار وناوچەکانی کوردستان و کومیتەکانی بەڕێوەبەری کاروباری ژیانی خەڵک ودامەزراندنی ناوەند و بارەگای پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و سەروماڵی هاونیشتمانیان و هەلی کێشەی نێوان چین وتوێژەکانی خەڵک. دوابەدوای هاتنە سەرکاری خومەینی و حكومەتە دیكتاتۆرەكەی، مامۆستا بە ناسینی ناوەڕۆک و ماهیەتی ڕەشی ئاخوندان ودەسەڵاتەکەیان كە لە گەڵ  ویستەکانی گەلی کورد دژایەتیان دەكرد بە توندی هەڵوێستی گرت و دژی پیلان و بەرنامە دژی ئێنسانیەکان دەسەڵاتی  ئاخۆند کەوتە تێكۆشانی شۆڕگێڕانە.
ئەوجار  مامۆستای تێكۆشەرو شۆڕشگێڕو بە بڕیار، لە پێناو کوردو بزافەڕەواکەی دا سەنگەری گرتوو بووە پێشەنگ وڕێبەڕی سیاسی و  شەیدایەکی ئازادی. پێش هاوبیرو هاو باوەڕانی و ناوچە بە ناوچە و شار بە شاری کوردستان گەڕاو خەڵکی بۆ دڕێژەدان بە خەبات وپێشمەرگایەتی لە دژی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی  هان دەدا. لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی لە 28 ی گەلاوێژی ساڵی 1358 كۆچی خۆری بە دژی گەلی كوردو هێرشی پاسدارە چەقۆكێشەكان و هێزەسەركوتكەرەكانی ئەو ڕژیمە بۆ سەر کوردستان وداسەپاندای شەڕێکی نابەرابەر و ناخوازراو بە سەر کورد و وکوردستاندا و شەهید كرانی دەیان هاونیشتمانی كوردستان و وێران كردن و سووتاندنی چەندین دێی كوردستان. مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی بڕیاڕی دا لە پێنجی خەرمانانی ساڵی 1359ی کۆچی خۆریدا لە پێناو سەرفرازی و ڕزگاری نەتەوەو نیشتمان وێڕای هاوباوەڕانی سازمانی خەباتی دامەزراند. سەرەڕای گیر و گرفت و كێشەو بەربەست لە لایەن دژمنانی کورد و ڕێبازی سازمانی خەبات، جەنابیان سەركەوتوانە سازمانی ڕێبەری کرد، بە شێوەیەک کە لەماوەیەکی  کورتدا سازمان لە زۆربەی ناوچەکان لەهەموو شارەکانی کوردستاندا پەرەی سەندوو دەستە دەستە ڕووڵەکانی کوردستان بۆ خزمەتی پیرۆزی پێشمەرگایەتی ڕوویان تێکرد. مامۆستا نەک هەر خۆی بەڵکوو ماڵ ومنداڵو تێکڕای خێزانی لە پێناو ڕێبازی سازمانی خەبات و کوردایەتیدا بە سەر وماڵ وتێکۆشان و فیداکارانە وبوێرانە حزمەتیان کرد، بە شێوەیەک کە لە پێناو سەرکەوتنی شۆڕش و بە ئاوات گەیشتنی گەلەکەی سەروەت وسامان وماڵ وژیانی كردە قوربانی لە پێناو سازمانی خەبات خەبات و شۆڕش ولەم ڕێگایەدا کوڕەگەورەو خۆشەویستەکەی شەهید کاک سەید عەبدوالکەریم  حوسەینی فەرماندەی گەورەو پارتیزانی لێزانی ڕۆژانی سەختی بەرخۆدان، پێشکەش بە بارەگای خەباتی کورد کرد.مامۆستا زانایەکی شارەزاو ڕێبەر وسەرکردەیەکی سیاسی پاك و ئەدیبێکی بە تواناو  کوردێکی بە هەڵوێست،تێكۆشەرێکی دوربینی خەم خۆری نەتەو ونیشتمان بوو كە بەو پەڕی شەهامەت وئەمانەتەوە دەینی خوی ئەدا کرد.مامۆستا نمونەی كەسایەتی دەگمەن و بەرزی مێژووی پڕ لە سەروەری نەتەوەکەمان بوو. ،مامۆستای وانەی ئەخلاق و پاكی و خاوەن هەڵوێست ونەبەزی خۆڕاگری بوو كە بۆ ماوەی سێ دەیە ڕێبەری کردنی سازمانی خەبات توانی لە حەستەم ترین کاتەکاندا وەک قەڵایەکی قایم رابگرێ‌ و سازمانی خەبات بەرەو پێش بەرێ.
مامۆستا هەمیشە پێداگر بوو لەسەر پێویستی  یەکێتی و تەبایی نێوان هێز ولایەنە سیاسیەکانی کوردستان ولەو پێناوەشدا چەند جار هەنگاو ی جیددی هەڵگرتووە، لە باری فکری و دژی هەر جۆرە  خوڕافات و کۆنە پەرەستیەک بوو، باوەڕی وابوو کۆمەڵگەی کوردستان لە زۆر دین ومەزەب پێکهاتووە ودەبێ لەو نیشتمانەدا هەموان خۆیان بە خاوەن پرس وکێشەکان بزانن و خاوەن مافی بەرانبەر ویەکسان بن. لە  سی پووشپەڕ دا كە یادی  کۆچی دوایی  ئەو ڕێبەرە بلیمەت و زانایە دەكەیینەوە، هەزاران سڵاو درود دەنێرین بۆ گیانی پاکی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی و لە سەرکەووتنی  ڕێبازی سازمانی خەبات، یادگاری ئەو ڕێبەرە مەزننە، دڵنیاین.

5 مانگ و 8 ڕۆژ و 2 کاتژمێر و 9 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

كورتەیەك لە ژیانی رێبەری زانای كورد مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی

كورتەیەك لە ژیانی رێبەری زانای كورد مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران