مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی پێشڕەو داهێنەری کوردایەتی خۆماڵیانەو نیشتمانی و نەتەوەیی
هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
چواردە ساڵ پێش ئێستەو لە ساڵی ۱۳۸۹ی کۆچی خۆری دا، مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، پاش ۶۷ ساڵ خەبات و بەرخۆدان لە مەتەرێزی کوردایەتی ڕاستەقینە بۆ گەیشتنی نەتەوەو نیشتمان بە ئازادی و ڕزگاری، دڵی گەورەی لە لێدان وەستاو به داخەوە لە ڕۆژی ۳۰ی پووشپەڕدا بۆ هەمیشە بە جەستە بەجێی هێشتین و خەمێکی گەورەی لەسەر دڵی ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی و سازمانی خەبات دانا.
مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی یەکێکە لە کەسایەتیە گەورەکانی کوردستانی ئێران، کە لە خانەوادەیەکی ئایینی و کورد پەروەر چاوی بە جیهان هەڵێنا. ڕووناکبیری و کراوەیی بیرۆکەو هزری مامۆستا شێخ جەلال بە ڕادەیەک بەرز و سەرەنج ڕاکێش بوو، کە نەتەنیا لەلای مامۆستایانی ئائینی جێگەی ڕێز و باوڕ بوو، بەڵکوو هەموو چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگەیە کە کەسایەتی بەڕێزیان دەناسی ڕێزی تایبەتیان بۆ دادەناو مەدحی گەورەیی و لەخۆبردوویان دەکرد.
یەکێک لە گرنگترین نایبەتمەندیەکان لە بیر و هەزری ئەو گەورە پیاوە، پێداگری بوو لەسەر بەرابەری ماف و حەقی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو ڕێزدانان بۆ هەموو ئائین و باوڕەکان. مامۆستا شێخ جەلال وێڕای ئەوەی کە کەسایەتیەکی ئائینی نیشتمانپەروەر بوو، ئەدیب، مێژووناس، شاعیر و وەرگێڕێکی بەتوانا بوو کە خزمەتێکی زۆری بە ئەدەب و نووسینی کورد کردوەو ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی زمانی کوردی هەبووە.
زانایی و بلیمەتی مامۆستا سەید جەلال لە باری سیاسی و حیزبیش دا زۆر سەرەنج ڕاکێش بوەو، بەجۆرێک کە جەنابیان لە باری پەیوەندی لەگەڵ ڕژیمی ئێران، وێڕای هەموو هەوڵەکانی ئەو دەسەڵاتە،قەد فریوی نەخوارد و بە ناسینی ناخ و ناوەرۆکی ڕژیم شێلگیرانە لە بەرانبەریدا تێکۆشا. یەکێک لە تایبەمەندیەکانی دیکە جەنابیان ئەوە بوو کە هیچ کات خۆی بە گەورە نەزانی و لە پێناو خزمەت بە خەڵک و شۆڕش هەدای نەداو، هەرگیز تێکەڵ و گیرودەی پیلانەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژیم و بە ناو ووت وێژی فریوکارانەو دوور لە ڕاستی ئەو دەسەڵاتە نەبوو .
هەروەها لە پەیوەندی بە تەباییو یەکێتی لە نێوان هێزو لایەکانی کوردستان و ئێران دا تێکۆشاو لە گەڵ دیفاع لە مەوجوودیەت و پارێزگاری لە سازمانی خەبات، نەیهێشت پێشمەرگەکانی سازمان تووش شەڕی براکوژی و شەڕی کورد لە گەڵ کورد بن.
مامۆستا شێخ جەلال لە تەمەنی ۱۶ ساڵی دا بە وەرگرتنی ئەندامەتی لە کۆمەڵەی ژێ کاف،درێژەی بە تێکۆشان لە پێناو ئازادی گەلی کورد داو،هەر ئەوەش کە جەنابیان لە هەرەتی لاویەتیەوە دەستی دایەتێکۆشان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری ، بووە هۆی ئەوە ڕۆڵی لاوانی لە ڕێبەری سازمانی خەبات بە گرینگ بزانێ.
ڕێگە پێی دان بە لاوان و هەوڵ بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندیان لە سیاسەت و ڕێگەی ئازادیخوازی بۆتە مێتۆدێکی زۆر شیاو و بەجێگەو لە ئەمڕۆش دا ئەو لاوانە ڕۆڵگێڕی بەشێک لە سەرکردایەتی و کادرەکانی سازمان پێک دێنن.
لاوانی تێکۆشەر و خەباتکار!
پێشەنگایەتی ئێوە لە ڕەوتی خەبات لە ناوخۆی وڵات و ڕیزی پێشمەرگایەتی، وێڕای ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران هەموو هەوڵی خۆیان داوە کە بە خەیاڵی خاوی خۆیان، خولیای ئازادی لە مێشکی ئێوەدا بسڕنەوە، لەم ساڵانەدا زۆرتر لە هەموو کات سەلمێندراوەو جیهان بینەر و شایەتحاڵی ئەو ڕاستیەیە کە لاوانی مافویست لە کوردستان و ئێران و لە هەموو چین و توێژەکان دا، لەم ڕژیمە بێزارن و لە هەموو دەرفەتێک بۆ زۆرتر شکاندنی چۆکی ئەو دەسەڵاتە نەگریسە کەڵک وەردەگرن.
ڕژیمی ئێران هەوڵی زۆری دا کە بتوانێت لاوان ڕاکێشێتە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ڕژیم و بە دووباره هێنانەوە مەیدانی مۆرەیەکی سوتاوی دیکە لە ژێر ناوی ڕێفۆرمیست، بەنیاز بوو ڕەواڵەتی ئیسلاحات بداتەوه بە حکومەتە گەندەڵەکەی، کە دیسان بەخۆشیەوە لاوان وشیارانە دژکەردەوەیان نیشان داو ئامارەکانی خودی ڕژیم باسی لە بەشداری چل لە سەدی خەڵک کرد کە لە ڕاستی دا ئەو ئامارە ژێر بیست لە سەد بوە.
ناسینی ناوەرۆکی ڕژیم لەلایەن خەڵکەوە ئەوەمان وەبیر دێنێتەوە کە ڕێبەری گەورەی کورد مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، چەند زانایانە ئەو حکومەتی دەناسی و دانوستان لەگەڵ ئەو ڕژیمەی بەبێ بایەخ و ئەنجام زانیوەو باسی ئەوە بوە کە ڕێفۆرم لە ڕژیمی ئاخوندەکان دا بوونی نییە.
لاوانی ئەمڕۆ زۆر وشیارن و زانیاری بەرچاویان هەیە لە ڕووداوەکانی ڕابردوو وە ئەو هەڵوێستانەی بەرانبەر بە ڕژیمی ئێران گیراوە. هەربۆیە لەم ڕۆژەدا پەیمان نوێ دەکەینەوە کە هەتا ڕووخانی ئەو ڕژیمە لە ویستی خۆمان پاشگەز نەبین بە ڕووخاندنی ئازادی بەرینە وڵاتەکەمان.
جارێکی دیکەو لە ساڵڕۆژی کۆچی مامۆستا شێخ جەلالی مەزن، هیوادارین بەزووترین کات هیواو ئاواتە شیاوەکانی جەنابیان کە کوردستانێکی ئازاد و ئاوادانە وەدیی بێت.
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری