خەباتمێدیا: رۆژی هەینی ٥ی گەلاوێژ ١٤٠٣ی کۆچی خۆری، بەرانبەر بە ٢٦/٠٧/٢٠٢٤ زاینی، کۆڕیادی ١٤ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بە بەشداری چەند کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر، پێشمەرگە، ئەندام و لاینگەرەکانی سازمان، لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای مەراسمەکەدا لە لەیەن لێژنەی ئامادەکاری، بهخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان کراو پاش پێشکهشکردنی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز بۆ رێز گرتن لە یادی شەهیدانی سازمانی خەبات و رۆحی بەرزی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، ساتێک بە بێدەنگی و سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب، مەراسم دەستی پێی کرد. لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکەدا داوا لە خاتوو ئەفسانە رەحیمی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات کرا کە پەیامی کومیتەی ناوەندی سازمان بە بۆنەی یادی تێپەڕبوونی ١٤ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال بخوێنێتەوە. لە پەیامی کومیتەی ناوەندی دا ئاماژە بەوە کرا بوو کە مامۆستا داهێنەری خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی دوور لە دەستێوەردانی بێگانەكان بە دڵسۆزی ڕێبهرایهتی خهباتێکی پاکی له پێناو ماف و ئازادیهکانی گهلهکهمان و دژی زوڵم و زۆرداری كرد. تێكۆشانی ئەو ڕێبەرە بلیمەتە لە دژی دەسەڵاتی شا و ڕژیمی حەق نەبیست و دیکتاتۆری ئاخوندەکان بەردەوام بوو و بۆ کۆتایی هاتن بە زوڵم و چهوسانهوهو بهرهوپێش بردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی گهلی کورد و شۆڕشی ئازادی خوازی له ئێران و کوردستان دا دەستی لە هەموو ژیانێکی ئاسایی هەڵگرت. مامۆستا له مەدرەسەی کوردایهتی و نیشتمانپهروهری دا، لە بەردەستی قازی شێخ ساڵحی باوکی پێگهیشت و بە ئەزموون وەرگرتن لە ژیانی سیاسی خانەوادەیی و ڕێوێنیەكانی باوكی، توانی ببێتە ڕێبهرێكی دلسَۆز،شاعیرو نووسەرێكی كەم وێنە، مامۆستایهکی ئاینی نیشتمانپهروەر،کهسایهتیهکی به ئهزموون، نوخبهیی ناو کۆمهڵگهی کوردستان و ئاڵا ههڵگر و پێشهنگی كوردایەتی ڕەسەن و خۆماڵیانە بوو.
لە درێژەدا هۆنراوەیەکی خوالێخۆش بوو، مامۆستا شێخ ڕهئوف حوسەینی، ئهندامی سهرکردایهتی پێشووی سازمانی خهبات کە له سهر کۆچی دوایی مامۆستا نووسیبووی، لەلایەن ماردین زاهیدی خوێنرایەوە. لە بڕگەیەکی دیکە مەراسمەکەدا پەیامی رێکخراوی ئافرەتانی خەبات لە لایەن خاتوو شیلان محەممەدی، ئەندامی دەستە بەڕێوەبەری رێکخراوی ئافرەتانی خەبات بۆ ئەم یادە خوندرایەوە. لە بەشێک لە پەیامی رێکخراوی ئافرەتانی خەبات دا هاتووە کە مامۆستای نەمر،لە ژیانی سیاسی، ئایینی و كۆمەڵایەتی خۆیدا، لەگەڵ هەوڵی بەردەوامی بۆ بردنە پێشی دۆزی نەتەوەكەمان، هاوكات لەبیری چارەسەری كێشەی چینایەتیشدا بوو. هەوڵی هۆشیاری هەمەلایەنی ئەداو كاری بۆ ئەوە ئەكرد تاكی كورد بەمافەكانی ئاشنا بكات. پشتیوانی لە جووڵانەوەی مافخوازانەی ئافرەتان لە كوردستان دەكردو پێی وابوو بەختەوەری ئەو چینە بەستراوەتەوە بە بنەماو بەها جوانەكانی كۆمەڵگە. پێشكەوتن و گەشەی ئافرەتانی لە هۆشیاری و زانستدا دەبینیەوەو لەم پێناوەدا وانەی بنەماكانی ئەخلاقی دەدا.
مامۆستای ڕێبەرو خەمخۆری تاكی كورد، خەمی پێشێلکاریە گشتیەکانی مرۆڤ بوو لەلایەن دەسەڵات و خانەوادەوە، هەر بۆیە بەشێک لە خەباتەكەی تایبەت كردبوو بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو باوەڕە لە كۆمەڵگەداو بەشێوەی كرداری و مەیدانی لە پێناو نەهێشتنی توندووتیژی هۆشیاری ئەداو ڕێنمایی دەکردین. بەرێزیان وا بیری دەكردەوە كەنابێت بۆ قۆناغی پرۆسەی ڕزگاری، لایەنەكانی وەک ئەرک و ماف و پاراستنی حەقی چینەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بكەوێتە پەڕاوێزەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکان دا هۆنڕاوەیەکی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی بەناوی "یەک بە هەزار" لەلایەن ماردین زاهیدی خوێندرایەوە و پاشان پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بۆ ئەو یادە، لەلایەن خاتوو ڕێناس فەلەکی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لاوانی خەبات، خوێندرایەوە. لە پەیامەکەی رێکخراوی لاوانی خەبات دا،باس لەوە کراوە کە یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندیەکان لە بیر و هەزری مامۆستا شێخ جەلال، پێداگری بوو لەسەر بەرابەری ماف و حەقی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو ڕێزدانان بۆ هەموو ئائین و باوڕەکان.
مامۆستا شێخ جەلال لە تەمەنی ۱۶ ساڵی دا بە وەرگرتنی ئەندامەتی لە کۆمەڵەی ژێ کاف،درێژەی بە تێکۆشان لە پێناو ئازادی گەلی کورد داو،هەر ئەوەش کە جەنابیان لە لاویەتیەوە دەستی دایە تێکۆشان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری، بووە هۆی ئەوە ڕۆڵی لاوانی لە ڕێبەری سازمانی خەبات بە گرینگ بزانێ. ڕێگە پێی دان بە لاوان و هەوڵ بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندیان لە سیاسەت و ڕێگەی ئازادیخوازی بۆتە مێتۆدێکی زۆر شیاو و بەجێگەو لە ئەمڕۆش دا ئەو لاوانە ڕۆڵگێڕی بەشێک لە سەرکردایەتی و کادرەکانی سازمان پێک دێنن.
خاتوو موژدە سەیف پەناهی هونڕاوەیەکی بۆ یادی ١٤ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی ئامادە کردوو کە پێشکەش بە یادی رێبەری مەزن و لە دڵان زیندوومانی کرد. هەروەها لە دڕێژەدا کاک خەلیل یوسفی بابەتێک و پەخشانە شیعرێکی لە مەدحی مامۆستا شێخ جەلال ئامادە کردبوو کە پێشکەش بە بەشداربوانی کرد. لە بەشێکی دیکەی مەراسمەکەدا پەیامی ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات، لەلایەن کاک جەمال عەلیپوور خوێندرایەوە. لە پەیامی ئاندامان و لایەنگران دا وتراوە؛ مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی ئەستێرەیەکی گەشی نەتەوەیی بوو کە تەواوی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی تەرخان کرد بو ئازادی و بەرابەری و پێکەوە ژیان خەڵک لە ئاشتی و ئازادی دا.
راستە جەنابی مامۆستا بەجەستە لەلامان نیە بڵام بو هەموو کاتێک وانەکانی وەک چرای رووناکی رێگەی رزگاری سەرمەشقی ژیانمان دەبن و سەنگەری خەباتی، لەگەڵ درێژەدەری ڕاستەقینەو بەوجەی ڕێبازەکەی، کاک بابەشێخ حوسەینی، بە ئاوەدانی و بەهێزی، درێژە پی دەدین بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئارەزوەکانی کە رزگاری کوردستان بووە، وە بۆ جارێکی دیکە بەڵێن نۆی دەکەینەوە کە تا دوا دڵۆپی خۆینمان و دوا هەناسەی ژیانمان درێژە دەری رێگەی ئەو سەرکردە بلیمەتە دەبین. کۆتا بڕگەی کۆڕیادی ١٤ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، تەرخان کرا بوو بۆ بڵاو کردنی بەشێک لە کار و چالاکی تەشکیلاتی ناوخۆی سازمان لە شارەکانی کوردستان و ئێران کە بۆ ئەم یادە نێردرابوو.