بە داخەوە ئەمڕۆ ۱۶ی گەلاوێژی ۱۴۰۳ کۆچی خۆری، دەسەڵاتی دیكتاتۆری لە ئێران، لە جینایەتێکی دیکەدا، ڕەزا ڕەسایی لاوی بێ تاوانی كوردی یارسانی لەبەندیخانەی كرماشان ئیعدام كرد. لەسێدارەدان و قەتڵی ناڕەوای ڕەزا ڕەسایی و چەندین كەسی دیكە لە ئێران و سەپاندنی حوكمی ئیعدام بۆ دوو ئافرەتی تێكۆشەر، وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی لە چەند ڕۆژی ڕابڕدوودا، نیشان دەری بەردەوام بوونی تاوان و جینایەتكاری دەسەڵاتی ئاخوندەكانە لە ماوەی سەرۆك كۆماریی مەسعود پزشكیان كە بەڵێنی چاكسازی و دابین كردنی ئازادی و مافی نەتەوەكانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی كوردی دابوو. بەڵام زۆری نەبردو دەركەوت دژمنی گەلی كورد و تێكڕای خەڵكی ئێران و تێكۆشەرانی ئازادیخوازە.
بێگومان قەتڵی لاوانی تێكۆشەرو بێ تاوان لە ژێر ناوی قانوون و حوكمی قانونی، نابێتە هۆی داپۆشینی ستەم و جینایەتكاریی ئاخوندە دەسەڵاتدارەكان لەئێران دا.
لەگەڵ مەحكوم كردنی ئەو جینایەتە، ئیعدام و قەتڵی ڕەزا ڕەسایی و تێكۆشەرانی کورد و ئێرانی، داوا لە ڕێكخراوەكانی پارێزەری مافی ئینسان و ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان دەكەم بەپەلە بۆ ڕزگاری گیانی بەندكراوانی كوردو ئێرانی تێبكۆشن.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی