هەڕەشەو ستەم لە ڕۆژنامەنووسان تاوانێکی دیکەی دەسەڵات لە ئێراندایە
كاری ڕۆژنامەنووسی پیشەیەکی گەلێك گرینگە بۆ كۆمەڵگەی ئینسانی و لە گەڵ گرینگی و بایەخەكەی، مەترسیدارەو
ڕۆژنامەنووسان بەردەوام لە مەترسی مەرگ و زیندانی کردن دان، بەتایبەت ئەو ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرانەی کە هەواڵ و ڕاپۆرت لە بارەی جەنگ و شۆڕش و ناڕەزایەتی گەلان لە وڵاتان و ناوچە جیاجیاكانی کە شەڕی تێدا ڕوودەدا یا ناڕەزایەتی خەڵك لە دژی دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان ئامادە دەكەن و بڵاوی ەكەنەوە.
وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەیە کە لە سایەی ڕژیمی چەقبەستوو و دیکتاتۆری ئاخوندی ڕۆژنامەنووسان بەرەورویی سزای زۆر قوڕس و زیندان و تەنانەت مەترسی مەرگ دەبنەوە .بە پێی ئامارەکان، ئێران لە نیو سەدەی ڕابردوودا زۆرترین ڕێژەی کوشتن و گرتن و لە سێدارەدان ڕۆژنامەنووسانی هەیە.
بە پێی توێژینەوەیەک کە لە لایەن ڕێکخراوی پارێززگاری و داكۆكیكار لە ئازادی زانیاری (DeFFI) ئامادەکراوە سەرکوتکردنی میدیا و ڕۆژنامەنووسانی ئێران لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتۆتە ٢١٦ جار. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، لە تاریخی ١ی بەفرانباری ١٤٠٢ تا ٣٠ی پوشپەڕ ئەمساڵ، ١٨١ میدیا، ڕۆژنامەنووس و چالاکی میدیایی بەرەوڕووی حوکمی ناڕەواو قورس لە لایەن دەزگای گەندەڵی قەزایی ڕژیم بونەتەوە.
گرتن و زیندانیکردنی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی، پارێزەران، مامۆستایان، قوتابیان و بە گشتی "خەڵکی بیرمەند" لە ئێران دوای ڕاپەڕینی گشتی ناڕەزایەتی بە شەهیدکرانی ژینا ئەمینی زیاتر بووە.
نیلۆفەر حامدی و ئێلاهە محەمەدی لەو ڕژنامەوانانەن كە لەسەر شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و کاردانەوەكان بەرامبەر بە تاوانی كوشتنی ئەو كچە کوردە، هەواڵییان ئامادە کردبوو،لە ساڵی 1402 لە بێدادگای تێهەڵچوونەوە ڕژیم بە تۆمەتی ناڕەوای “پڕوپاگەندە دژی ڕژێم” سزای ساڵێک و بە چەند تۆمەتی دیکەش بە پێنج ساڵ زیندانی و بە کۆی گشتیی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاوە.
زیاتر بوونی بەندکردن و زیندانیکردنی نایاسایی ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێران و چالاکانی ڕاگەیاندن لە ئێران، نموونەیەکی ڕوونی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ڕوانگەی توند و نامرۆڤانەی حکومەتە بەرامبەر بەو کەسانەی کە تەنیا ئامانجیان ئاگادارکردنەوە و پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیە.