پەیامی رێکخراوی ئافرەتانی خەبات،
بە بۆنەی ۴۴مین ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
هاو باوەڕانی تێکۆشەر!
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئافرەتانی بوێر و خۆڕاگر و ماف ویست!
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە شکۆدارە لەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، سڵاو ودرود دەنێرێت بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و گشت هۆگرانی ئازادی و تێکڕای ئەندامان و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات و ئەم یادو وبۆنە مەزنەیان لێ پیرۆز دەکات.
۴۴ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێک دا سازمان دەمەزرا، کە بووە قەڵایەک لە دژی خوێن ڕێژان و داگیرکەران لە ناو نیشتمانی داخراو و ماف پێشێلکراو .
بووە مەتەرێزێکی خۆپاراستن لە شەڕگەی نێوان داگیرکەری خوێنڕێژ و خاوەن ماف. سەنگەرێک کە لە ماوەی ئەم ۴۴ ساڵەدا نەک چۆڵ نەکراوە، بگرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قایم و خۆڕاگرتر لە پێشوو، خەباتکارانی ڕاستەقینەی نەتەوە و نیشتمان، لە ڕاستەڕێی گەیشتن بە ئاوات و ئامانج دا لەم سەنگەر و مەتەرێزەوە ئەرکی پاراستن و بەرەو پێشبردنی خەباتی ڕەوای نەتەوایەتی و نیشتمانیان لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵی کۆمەڵگای کوردەواری بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بەڕێوە بردووە.
لە سۆنگەی ئەم سەنگەرە قایمەوە ئافرەتی خەباتکار و داکۆکیکار لە ماف و ئازادیەکانیان بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانج، شان بە شانی ڕەگەزی بەرانبەر ئەرکی سەرشانی خۆیان بە جێ هێناوە و لە هیچ چەشنە فیداکاری و ماندوو بوونێک دڵسارد و ناهومێد نەبوون و خۆڕاگرانە لە دژی پێشێلکاری و نا بەرابەری و دیاردە ناڕەوا و دواکەوتووەکاندا فیداکاریان کردووە و لە خەبات دابوون.
هاووڵاتیانی تێکۆشەر!
ئافرەتانی شۆڕشگێڕ و نەسرەوتووی کوردستان!
ئەمساڵ لە کاتێک دا یادی ۴۴ساڵەی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەکەینەوە، کە ئێران بە گشتی و کۆمەڵگای کوردەوای بەتایبەتی تووشی نەهامەتی و بێ دەرەتانی و قەیرانی جۆراو جۆر بوونەوە و لەلایەکی تریشەوە توندوتیژی و بێ مافی بەرۆکی بە ئافرەتانی کوردستان گرتوە، بە پێ نۆێترین ئامارەکان گیانی دەیان چالاکی مافی ژنان مەترسی سێدارەیان لەسەرە،
ڕژیمی دژی مرۆڤ و دژی ئاشتی و ئاوەدانی ئاخوندی لە ئێران، سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانە، لە ماڵوێرانی و ئیعدام و کوشت و بڕ و بەتاڵان بردنی ماڵ و سامانی هاووڵاتیان، نەک دەست هەڵناگرێ بگرە لە مەودایەکی فراوانتردا پەرەی پێداون. لێرەدا بە هەلی دەزانین کە لەوەها کاتێکدا، داوا لە ئافرەتانی ئێران و کوردستان بە تایبەتی بکەین کە دەنگ هەڵبڕن و چیدیکە زوڵم ستەم و نادادی قبوڵ نەکەن و هەڵوێست و ناڕەزایەتی لە بەرانبەر پێشێلکاریەکان و دەستدرێژیەکان بۆ سەر ئافرەتان، بدەنە دەرو بەجۆرێک هاندەری وەدەنگ هاتوان بن و پیشتیوانی یەکدی بن پێویستە ئەم حوکمە ناڕەوا و دژە مرۆڤانە هەرچی زووتر بوستێندرێت.
تاکو بەو شێوە دەسەڵاتی ئاخوندی بەرەو زبڵدانی مێژوو پاڵ پێوە بنێین. وەڵات و نیشتمانی خۆشەویستمان پاک بکرێتەو لە دەسەڵاتی خۆسەپێن و خۆێنمژی ئاخوندی.
جارێکی دیکەش ڕێکخراوی ئافرەتانی خەبات پیرۆزبایی گەرم لە ئافرەتانی پێشمەرگە و هەڵسوڕاوانی ناو ڕیزەکانی سازمانی خەبات دەکات، ئەرک و ماندوو بوونیان بەڕز دەنرخێنین.
بڕوخی ڕژیمی پەتو سێدارە،
سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان،
۵ی خەرمانی ۱۴۰۳ی هەتاوی.