لە ڕاپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە، بە بە وتەی كەسانی نزیك لە شەهید شێخ ئازاد شەهابی، پێداگری لەوە کراوەتەوە کە بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئەم کەسایەتییە ئایینییە لەلایەن بریکارەکانی حکوومەتەوە تیرۆر کراوە.
لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە "جەوادی"، بەرپرسی پاراستنی ئیتلاعاتی سەقز، حەفتەیەک پێش تیرۆرکردنی شێخ ئازاد سەردانی شێخ ئازادی کردووە و دەربارەی تێڕوانینەکانی سەبارەت بەرژیمی ئاخوندی پرسیاری لێ کردووە.
لە بەشێكی دیكەدا باس لەوە دەکرێت کە کامێراکانی خانەقای شێخ ئازاد شەهابی لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتەوە تۆمارکراون و گواستراونەتەوە و پێداگری لەوە کراوەتەوە کە بەشێکی کورتی ڤیدیۆکە دراوە بە کەسوکارەکەی و ئەوانی تر هێشتا لە دەستی دەزگا ئیتلاعاتییەكان دایە.
هەروەها بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی بکوژێک بە ناوی "ڕزگار نادری" کەرژیم وەک بکوژی شێخ ئازاد ناوی بردووە، لە لایەن کەسوکاری شێخ ئازاد شەهابیەوە نەبینراوە و ناسنامەکەی ئاشکرا نەكراوە.
کەسوکاری شێخ ئازاد شەهابی ڕایانگەیاند کە ناوبراو بەشدارییەکی کارای لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و لەوانەش شۆڕشی ژینادا هەبووە
بە وتەی ئەوان، دابین كردنی پارەی سەدان بریندار و دەستگیرکراوی شۆڕش، هەروەها گواستنەوەی بەشێکی زۆری دەرمانەکان لەلایەن شێخ ئازاد و پەیوەندییەکانی لە کوردستان ئەنجامدراوە.