یادی سەروەران
یادی سەروەری گەل شەهید ڕەحمان پوور كەریمی ناسراو بە ڕەحمان ساردەكۆسانی
نووسینی: بابەشێخ حوسەینی
ئەی نیشتمانی ڕەنگین ڕۆڵەكانت بە تاسەی ئازادیت سەر دەنێنەوە، لاوانی خوێن گەرم دەست لە ژیان و خۆشیەكانی، هەڵدەگرن و لەماڵ و كەس و كاریان پەرتەوازە دەبن لەپێناو ئازادی و سەربەستی و گەیشتنی گەل و نیشتمان بە مافی ڕەوا. لەمێژساڵە ئەم نیشتمانە مەیدانی نەبەردیی و نەبەزی ڕۆڵە خاوەن هەست و گیان لەسەر دەستەكانە، كە لەبەرانبەر هێز و دەسەڵاتی داگیركەر و دژمنانی قین لەدڵ و حەق نەبیست تێدەكۆشن و خەبات دەكەن. كوردستانیانی خێر لەخۆ نەدیو، دەردەداری خۆسەپێنی دەسەڵاتە ملهوڕەكان و داگیركراوی نیشتمانی ڕەنگین و زوڵمی بێ بەزەییانەیانن. هۆ داگیركەرانی بەدفەساڵی ناشیرین و دزێو، ئێوە بۆ حەق نابیستن و لەكەلی شەیتان نایەنە خوار، مەگەر نەتانزانیوە خەوی داگیركردنی كوردستان و لەناوبردنی گەلی كورد هیچكات نایەتە دی، لەمێژ ساڵە ئێوە هەر لەخۆڕا خۆتان و چارەنووستان بە داگیركردنی كوردستان و بە چۆكدا هێنانی گەلی كورد بەستۆتەوە، بزانن ئەوە ویستێكی بێ بنەمایه كە بێجگە لەدۆڕانی خۆتان هیچ دەستكەوتێكی بۆ وەدی نەهێناون.
لە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتی ئاخوندە مێشک وشک و دواكەوتووەكان لە ئێران، هێزی پاسدار و بەكرێگیراو هەروەها بە فریودانی ژمارەیەک كوردی خۆفرۆش بە خەیاڵی خاویان دەتوانن هیمەتی مەردانەو بڕیاری لێبڕاوانەی گەلی كورد و ڕۆڵە نەبەزەكانی سست بكەن، بەڵام ئەوەی دیارە، ساڵانێکە بە هەموو توانایان و بەخەرجكردنی پووڵێكی زۆر و بەكارهێنانی پێشكەوتوترین چەک و تەقەمەنی نەیانتوانیوە بڕیاری گەلی كورد بۆ تێكۆشان لەپێناو گەیشتن بە مافی ڕەوا لەچوارچێوەی ئێراندا لاواز بكەن. گومان نییە كاتێک گەلێگ كە خاوەنی ڕۆڵەی خاوەن هەستی وەک كاک ڕەحمان پوور كەریمی ساردەكۆسانی بێ، نیشتمانێک كە قارەمانی وەک كاک ڕەحمان لە داوێنیدا پەروەردە بووبێ هیچ كات دژمنانی ناتوانن سەركەوتووبن لە وەدی هێنانی ئامانجی چەپەڵیان. هەر چەند داگیركەرانی نیشتمانی ڕەنگینمان لەلایەن دەسەڵاتی ستەمگەری ئاخوندی بەردەوامە، بەڵام بوونی قارەمانانی وەک شەهید ڕەحمان كە خوێنی خۆیان دەكەنە چۆڵەچرای ڕێگەی ئازادیی و بەختەوەری گەلی كورد، بۆ هەمیشە خەونی ئاخوندانی ملهوڕ لەگۆڕ دەنێن و بە، بەخشینی گیانی پیرۆزیان حەقانیەت و ڕەوایی خەباتی كۆڵنەدەرانەی گەلی كورد دەسەلمێنن. بێگومان خۆێنی شەهید ڕەحمان و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و خەباتی نەپساوەیەو بۆتە هەوێنی شۆڕشی بەردەوام لەبەرانبەر حكومەتی ستەمگەری ویلایەتی فەقێدا.
قارەمانی گەل و ڕۆڵەی بە وەفای كوردو سازمانی خەبات، شەهید ڕەحمان پوور كەریمی كوڕی كاک ڕەحیم لە ساڵی ١٣٦٣كۆچی خۆری لە خانەوادەیەكی هەژار و نیشتمانپەروەر و لە داوێنی خاتوو پەریزاد دایكی ڕەنج كێش، لە دێی ساردەكۆسان لەدایک بوو. تەمەنی منداڵی وەک زۆربەی منداڵانی كوردستان بەبێ نازی بردەسەر، لە تەمەنی ٦ ساڵی چووە مەدرەسەی ساردەكۆسان و چەند ساڵی سەرەتایی دەرسی خوێند.
بەڵام بە مەبەستی هاوكاری خانەوادەكەی لەكاری ئاژەڵداری و جوتیاری و بۆ دابینكردنی داهاتی خانەوادە دەستی لەخوێندن هەڵگرت.
زوڵم و ستەمی ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندی و هێزە بەكرێگیراوەكانی لەبەرانبەر خەڵكی كوردستان و خەڵكی ساردەكۆسان و هەروەها ئامانجی كوردایەتی و خزمەت بە ڕێبازی سازمانی خەبات كاک ڕەحمانی هاندا بێتە ڕیزەكانی سازمانی خەبات و هەر بەو مەبەستە لە پاییزی ساڵی ١٣٨٢ كۆچی خۆری ڕووی كردە بنكەكانی سازمانی خەبات و دەورەكانی بارهێنانی سیاسی و نیزامی بە سەركەوتوویی تەواو كرد و لەبنكەی سەرەكی سازمان، چەكی شەرەف و پێشمەرگایەتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانی لەشان كرد.
بەهۆی بوونی بنكەی تەشكیلاتی و پێشمەرگەیی سازمانی خەبات لە دێی ساردەكۆسان دانیشتووانی ئەو دێیە بە تێكڕا زۆر بە باشی لەگەڵ سازمانی خەبات و ڕێبازەكەی ئاشنا بوون. دێی ساردەكۆسان وەک یەكێک لەدێی و ناوچەكانی كوردستان بە قەڵای سازمانی خەبات دەناسرێ و هەروەها مامۆستا مەلاكەریم سەیادی ناسراو بە مامۆستا ڕاوچی یەكێک لەو كەسایەتیانە بوو كە هاوكاری مامۆستای ڕێبەر، مامۆستا سەید جەلال حوسەینی بوو لە دامەزراندنی سازمانی خەبات. ساردەكۆسان یەكێک لە مەڵبەندەكانی كوردایەتی و شۆڕشگێڕیەو خاوەنی چوار شەهیدی سازمان، شەهید سڵێمان سڵێمان نژاد، شەهید سادق زەندی، شەهید مام خدر پوور كەریمی كە مامی شەهید ڕەحمان بوو، هەروەها دێی مامۆستا مەلاكەریم ساردەكۆسانی یەكێک لە دامەزرێنەرانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانە.
ئەو ڕاستیانە بوونە هەوێنی ئەوە تا شەهید ڕەحمان زۆر دڵسۆزانە لە پێناو بردنە پێشی سیاسەتەكانی سازمانی خەبات و گەشەی تەشكیلاتی هەڵسووڕێ، و بە چالاكی بەردەوام و نەبڕاوەی پلەو بەرپرسایەتی لە ئورگانەكانی كۆمسیونی سیاسی نیزامی و بەشی پێوەندیە كوردستانیەكانی سازمانی خەباتی پێ بسپێدرێ. كاک ڕەحمان كەسێكی زمان شیرین و زۆر كۆمەڵایەتی بوو زۆر بە زوویی ناسیاوی بەرینی لەگەڵ خەڵک و كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەكوردستانی عێراق پەیدا كرد و ببووە خۆشەویستی خەڵک. شەهید ڕەحمان كادری دڵسۆز و خاوەن باوەڕ لەكاتی سەردانی بۆ لای خانەوادەكەی و هەروەها لە ئەركێكی تەشكیلاتی دوای زیاتر لە سیانزدە ساڵ پێشمەرگەیی و لە ئەستۆگرتنی چەندین بەرپرسایەتی گرینگ لە رۆژی ٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٥ كۆچی خۆری لەلایەن بەكرێگیراوان و خۆفرۆشانی ڕژیم شەهید كرا.
لە بیرەوەری شەهادەتی شەهید ڕەحمان پوور كەریمی ڕۆڵەی گوندی ساردەكۆسان مەڵبەندی كوردایەتی و سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو ڕۆژە دێتە دی كە ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندەكان لە ئێران بڕوخێ و ئەوكات خەڵكی ئێران و گەلی بەش خوراوی كورد لە نیشتمان و لەماڵی خۆی بە ئاسودەیی و دوور لەهەڕەشە ژیان بكا.
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی شەهید ڕەحمان و سەرجەم شەهیدانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران کوردستان.