هەفتەی ڕابردوو چالاکێکی سیاسی کوردی خەڵکی سەقز، بە ناوی بێهزاد خوسرەوی کە كارتی فەرمی پەنابەری کۆمیسیاریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی بووە، لە ناوکاو لە ئێران ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و گوتی کە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە هانامەوە نەهاتووە و منیش داوام لە ئاسایش کردووە کە بمگەڕێنەوە بۆ سەر سنوورو ڕادەستی ڕژیمی ئێرانم بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حیزبی دیموکرات هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، بێهزاد خۆسرەویی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزیان گرتووە و دوای شکەنجەی زۆر ڕادەستی ڕژیمی ئێرانیان کردووەتەوە.
دەزگای ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی سەبارەت بەكەیسی بێهزاد خۆسرەوی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو گوتی: "كەیسی بێهزاد خۆسرەوی پەیوەندی بەكاری سیاسییەوە نییەو مۆڵەتی مانەوەی لە هەرێمی كوردستان نەبووە، هەربۆیە لەسەر داوای خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ ئێران".بۆ ئەم مەبەستەش ئاسایشی سلێمانی بەڵێن نامەیەكی یاسایی پێی ئیمزا دەكات كە داواكارە لەسەر خواستی خۆی بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
بەڵام حیزبی دیموکرات و خێزانی بێهزاد دوای ئەو ئیدعایەی ئاسایشی سلێمانی کارتی ئیقامە و بەرگەی یوئێنی ناوبراویان بڵاوکردەوە سەڵمێندرا کە بێهزاد مۆڵەتی مانەوەی هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە دایک و خوشکی بێهزاد خۆسرەوی بە ناوەکانی حەدیقە حوسەینی و بێگەرد خۆسرەوی کە نیشتەجێی شاری سلێمانین خراونە ژێر فشار کە دەبێت لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ناوچەی سلێمانی بەجێبهێڵن.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمانی سەرۆکی یەکێتی بێهزاد خۆسرەوی ڕادەستی ئێران کردووە،هەر وەها پێداگری لەوە کردەوە کە ئەنجومەنی
ئاسایشی هەرێم ئاگاداری ئەم کارە نییە .
هەر لەو بارەوە، چەند ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە ولەو بەیاننامەیەدا گوتیان؛
ئێمە ڕێکخراوەکانی واژۆکەری ئەو بەیاننامەیە، نیگەرانیی قووڵی خۆمان سەبارەت بە بارودۆخی ئەستەم و مەترسیداری پەنابەرانی سیاسی، ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و بنەماڵە نیشتەجێبووەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە لەم دواییانەدا لە ڕووی ناچار و بە زۆرەملی لە جێگای نیشتەجێبوونی خۆیان لە زڕگوێز لە نزیک شاری سلێمانی بۆ کەمپێکی ناوچەی سوورداش ڕاگوێزراون، دەردەبڕین.
ئەم ڕاگواستنە کە دوابەدوای ڕێککەوتنێکی ئەمنی نێوان حکوومەتەکانی عێراق و ئێران جێبەجێ کراوە، نیگەرانییەکی جیددی سەبارەت بە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان وەکوو خەڵکێکی مەدەنی و پەنابەری سیاسی دەخولقێنێت.
ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو پەنابەرانە و بنەماڵەکانیان، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی کۆنوانسیۆنی ژنێڤ کە پەیوەندیی بە دۆخی پەنابەرانەوە هەیە؛ مافی پارێزگاری و ژیانێکی مرۆیی و ڕێزگرتنی کەسایەتییان پێ دەدا.