ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوو
پێشنیاری دیکەی دژ بە رژێمی ئێران پێشکەش کردوە. یەکێک لەو دوو پێشنیارە کە "ئالێسی هێستیگز" ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرە ئەمریکا پێشکەشی کردوە داوا لە سەرۆک کۆمار دەکا ئیزنی بە کارهێنانی هێزی سەربازی لە بەرامبەر رژێمی ئێراندا بدات.
ئەو پێشنیارە لە ژێرناوی "رێگەدان بە بەکارهێنانی هێزی چەکداری ئەمریکا بە مەبەستی پێشگرتن لە دەستراگەیشتنی رژێمی ئێران بە چەکی ناوکەیی" کە رۆژی 3ی ژانویە پێشکەش بە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا پێشکەش کرا.
پێشنیارەکەی دیکە داوای ئابڵوقەدانی رژێمی ئێران بەهۆی پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی دووررهاوێژ دەکا. ئەو پێشنیارەش بە هەمانشێوە رۆژی 3ی ژانویە پێشکەش کۆمیتەی پێوەندیدار کرا. پێشکەش کردنی ئەو پێشنیارانە هاوکاتە لەگەڵ دەست پێکی کاری کۆنگرەی ئەمریکا لە ساڵی نوێ دا.
115 مین دەوری کاری کۆنگرەی ئەمریکا رۆژی 14ی بەفرانبار بە زۆرینەی کۆماریخواز دەستی پێکرد. بە هاتنە سەرکاری ترامپ لە 20ی ژانویە کۆماریخوازەکان بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2007وە کونترۆڵی کۆنگرەو کۆشکی سپی بە دەستەوە دەگرن.