هاوونیشتمانیانی ئازادیخواز و خۆڕاگر!
ئافرەتانی بوێر و هەمیشە لە مەیدان!
دوو ساڵ بەسەر شەهید کرانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، تێدەپەڕێت و وێڕای بوونی هەزاران شەهید و قوربانی، ئەو شۆڕشە ئازادیخوازانە هەر بەردەوامە.
لەوەها ڕۆژێکدا کە ژینا ئەمینی تێدا شەهیدکرا، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە کوردستان بڵێسەکەی بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران و هەروەها تارانی گرتەوە.
ئەو توڕەیی و ناڕەزایەتیەی خەڵک، زوڵم و ستەمی چەند دەیەی ئاخوندانی ستەمگەر و قازانج خوازی هێنایە لەرزەو ترسی لەناوچونیان لە نێوچاوانە ڕەشەکانیان دەبیندرا.
خەڵکی وەزاڵەهاتوی ئێران و کوردستان بە یەک دەنگ و بەیەکەوە بە دروشمی(ژن، ژیان، ئازادی) ڕژانە سەرشەقامەکان و ڕووبەڕوی هێزە دڕەندەکانی ئاخوندی وەستانەوە.
خەڵکی کوردستان چاونەترسانە لە شەقامەکاندا هاواری ئازادیخوازانەی خۆیان نیشانی جیهان دا و خواستەکانیان نەک هەر لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتی بەڵکو خواستی نەتەوەیی و هەمەلایەنە نیشانی جیهان دا.
شایەنی وتنە ئافرەتان وەک هەمیشە پشکی شێریان لەم ناڕەزایەتیانەدا بەردەکەوێ و بێ باکانەو چاونەترسانە لە ڕیزی پێشەوەی هەر ناڕەزایەتیەکدا ڕۆڵی خۆیان نیشان ئەدەن، هەر بۆیە لە شۆڕشی ژینادا بە هەمان شێوە بەشداریان کردوە و دەکەن.
ئەو شۆڕشە لەناو خۆی ئێران و کوردستاندا سەری هەڵداو ماوەیەک درێژەی کێشاو شەهیدێکی زۆری دا.
خەڵکی خۆڕاگر و ئافرەتانی بوێر!
ناڕەزایەتیەکان لە دژی ڕژیمی ئاخوندی بەردەوامەو هەر بۆنەیەک و ڕووداوێکی لەو شێوە، توڕەیی خەڵکی ئێران زیاتر دەکات و هەڵی لەناوچون و ڕوخانی ڕژیمی خوێن مژی ئاخوندی نزیکتر دەکاتەوە.
لە ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و سەرجەم شەهیدانی دیکەدا، ناڕەزایەتی و خۆنیشاندان دەکرێت و دەنگی خەڵکی بەوەج، ڕەساتر و بوێرانەتر لە شەقام و کۆڵانەکانی ئێران و کوردستاندا دەبیندرێ.
هەر بەو هۆیەش ڕژیمی ئاخوندی لە هەموو تاکێکی ناڕازی دەترسێ و هەوڵی کپ کردنی دەدات.
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی دەکات و داوا دەکات لە هەموو ئازادیخوازان کە بە دەم داوای مانگرتنی گشتیەوە بچن و جارێکی دیکە ببنەوە هۆی ترس و دڵە ڕاوکێی ئەو دەسەڵاتە نگریسە.
مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی ئازادیخوازی
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران