هەواڵدەری رۆیتێر 20ی بەفرانباری 1395 بڵاوی کردەوە کە: لە راپۆرتێکی نهێنی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ناردووە وردەکاری پێشێلکاری ئابڵوقەی چەکوچۆڵی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە شیی کردۆتەوە. لەو راپۆرتەدا سەبارەت هەناردنی چەکوچۆڵ بۆ حیزبوڵای لوبنان نیگەرانی دەربریوە.
رۆیتێر دەڵێ بان کی مون، سکرتێری پێشوو دوو رۆژ پێش ئەوەی پۆستەکەی بە ئانتۆنیۆ گوتێرز بسپێرێ ئەو راپۆرتە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ناردووە. لەو راپۆرتەدا ئیشارە بەوە کراوە کە رژێمی ئێران لەلایەن فەرانسەوە بە قاچاخی چەک تاوانبار کراوە. فەرانسە لەو بارەوە راپۆرتێکی بڵاو کردبۆوە کە کەشتیەک کە لەباکوری زەریای هیند راگیراوە هەڵگری چەکوچۆڵی دروست کراوی رژێمی ئێران بۆ یەمەن یان سوماڵی بووە. لە خاکەلێوەی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو کە سەربازانی فەرانسەیی، کەشتیەک کە هەڵگری چەک و تەقەمەنی بووە راگرتووە کە لە ئێرانەوە بۆ سۆماڵی لە رێگەدا بووە. وتەبێژی ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا وتبووی لێکدانەوەی ئەوان ئەوەیە کە بە ئەگەری زۆر ئئامانجی کۆتایی ئەو چەک و تەقەمەنیە یەمەن بووە. بان کی مون لەو راپۆرتەدا ئیشارەی بە قسەکانی هاوینی رابردووی حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حیزبولای لوبنان کردوە کە وتبووی تەواوی خەرجی و چەک و تەقەمەنی ئەو تاقمە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دابین دەکرێ. نەسروڵا لە پووشپەری رابردوودا لە پەیامێکی تەلەفزیونی دا وتبووی: ئێمە لە بارەی بوجەی حیزبوڵاوە شەفافین، داهاتەکانی، خەرجیەکان هەموو ئەو شتانە دەخورێن و دەخورێنەوە، موشەکەکان و باقی تەقەمەنیەکان سەرجەم لە ئێران وەردەگرین. سکرتێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا گوتوویەتی: من سەبارەت بەم قسانەی حەسەن نەسروڵا زۆر نیگەرانم. بەپێی راپۆرتەکەی هەواڵدەری رۆیتێر بریار وایە 18ی ژانویە ئەو راپۆرتەی بان کی مون لە ئەنجومەنی ئاسایش دا بخرێتە بەرباس.