عاسیمە جەهانگیری راپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤی
نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت بارودۆخی لانیکەم هەشت زیندانی مانگرتوو بە تایبەت دوو چالاکی سیاسی کورد لە گرتووخانەکانی رژێمی ئێران بە جیددی نیگەرانی خۆی دەربڕی.
لە نامەی ڕاپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە لە ماڵپەری ئەو رێکخراوەدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بە ناوی ٨ کەس لە زیندانیان کە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێراندا مانیان لە خواردن گرتووە بەرچاو دەکەوێت.
حەسەن ڕستگاری مەجەد، سەعید شێرزاد، محەممەد عەلی تاهیری، عەلی شەریعەتی، محەممەد ڕەزا نیکونام، مێهدی کۆخیان، نزاز زەکا و ئارش سادقی ناوی ئەو هەشت زیندانییەن کە لە نامەکەی عاسیمەدا ئاماژەی پێکراوە.
سەعید شێرزاد چالاکی سیاسی کورد لە ١٧ی سەرماوەزی رابردوو، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە دورینی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە کە ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی کێش و زەختی خوێن و لەگەڵ ئێشی گورچیلەش بەرەوڕوو بووەتەوە.
حەسەن ڕستگاری مەجەد، یەکێکی دیکە لە زیندانییانی کوردە کە زیاتر لە یەک مانگە لە زیندانی شاری ورمێ مانی لە خواردن گرتووە و چەند ڕۆژ پێش لە سەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواچوونی داواکارییەکەی مانگرتنەکەی شکاند.
ناوبراو داوای ئازادکردنی بێ شەرت و مەرجی ئەو زیندانیانە دەکا کە بەشێوەی خۆسەر و نایاسایی دەستگیر کراون.