سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە گیرانی خەبات ئیراندووست، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی گیرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادەکەی بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی خانەوادەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو بێ ئاکام بووە.
خەبات ئیراندووست ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گیرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.