وریشە مورادی، چالاکوانی کورد، کە لە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ لە لایەن لقی ١٥ی بێدادگای بە ناو شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بە فەرمانی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە کە بەهۆی ٢٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن تووشی کێشەی هەرس بووە، لە کاتی دەرچوونی سزای لەسێدارەدانەوە لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە. بڕیار بوو لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە خەرجی تایبەتی خۆی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان بگوازرێتەوە، بەڵام پاش دەرچوونی سزای لەسێدارەدان، بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاند کە دەرچوونی لە زیندان قەدەغە کراوە.