یادی سەروەران
سەروەری گەل مام سەلیم قادری
زۆر شت هەن كە مۆری نەستەقی و ڕەوایی بە سەرتاپای ڕزگاری كورد و كوردستانەوە دەنێن و ئازادكردنی كوردستان مسۆگەر دەكەن،كە یەكیان، بەشداری بەرینی جەماوەری خەڵكی كوردستانە بە هەموو چین وتوێژەكانیەوە،یەكی دیكەیان گیان بازی و فیداكاری ڕۆڵە ئازاكانن كە شەهید دەكرێن. با بڕوانینە دەفتەری سەروەران ئەو دەفتەرەی ناوی سەروەران واتە شەهیدە سەربەرزەكان بۆتە گوڵی هەموو ڕووپەڕەكان، دەبینین هەر لە لاوی ژیری ١٨ ساڵەوە هەتا پیری ٧٥ ساڵە لە پێناو ویستی گەلە بەشخوراوەكەیاندا هەتا بەرزترین پلەی تێكۆشان واتە شەهید بوون وگیان بەختكردن سەر دەكەون. با لەم ڕۆژە پیرۆزەدا كە یادكردنەوەیە لە شەهیدان و دەرس وەرگرتن لە كردەوە هەرە باشەكانیانە، یادی وەفاداری پیرە پیاوێك بكەین كە هەموو توانای بەدەنی بۆ هەڵگرتنی چەكێك بە كاربرد كە بڕواو لە بن دەوەنان دژی داگیركەران سەنگەر بگرێ و لە پێناو گەلەكەیدا دوا بەشی تەمەنی درێژی، پێشكەش بە نەوەی داهاتووی كورد بكا و لە مەیدانەدا جێ بكاتەوە. دژمنی كورد بزانێ كە شەهید مام سەلیم ئەو شێرە پیاوەی ڕۆژی تەنگانەو هەموو شەهیدەكانی دیكە، ڕێ نیشاندەری ڕێگەی فیداكاری و شۆڕشگێرەكانن و پاش شەهید بوونیشیان یادەكەیان هاوباوەڕانی زیاترهان دەدا بەرەو خەباتێكی سەركەوتوو و شۆڕشێكی ڕەوا. هێزە بە كرێگیراوەكانی ڕژیمی ئاخوندی كە چاویان بە ئازادی كوردستان هەڵنەهاتووە و هەڵنایە، ڕۆژی ٦/گەلاوێژ/١٣٦٠ لەشكرێكی تەیار بە تۆپ و تانك و خۆمپارە و هەموو چەكێكی مۆدێرن لە بانەوە بەرەو سەردەشت وەڕێخست. پێشمەرگە هەمیشە وریاكانی كوردستان بۆ ئەوەی كە پێیان بسەلمێنن كە كوردستان تەنیا وەك گۆرستان دوژمنانی گەلی كورد وەردەگرێ، لە نزیك (زەرواو) لە سەر جادەی بانە سەردەشت سەنگەریان لێگرتن و دایاننەبەر ئاگری توند و دژمن تەزێن و تەواوی ئەو هێزە تەیارەیان تێك شكاند و تەفروتونایان كردن و زیاتر لە ٥٠ كەس لە ئەفرادی دژمن كوژران و ٦٢ كەسیان لێ بریندار بوو و زیاتر لە دە دەزگا تانك و ماشێنیان لە كار خرا و سووتێندران و زیاتر لە ٥٠ قەبزە تفەنگ و هەزاران فیشەك كەوتە دەست پێشمەرگەكان. بەڵام بە داخێكی گرانەوە پێشمەرگەیەكی سازمانی خەبات ، پیرێكی ناو سەنگەری شەرەف و كوردایەتی بە ناوی سەلیم قادری كوڕی فەتاح خەڵكی گوندی (یاكوباوایی) ناوچەی بانە بە گوللەی ڕەشاشی هەلیكۆپتەر پێكراو و لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا شەهید بوو. شەهید مام سەلیم قادری پیاوێكی ئازاو كوردێكی كورد خۆشەویست بوو. پێی وابوو ئازادی كوردستان و ڕزگاری گەلی كورد دەبێ بە خوێن بكڕدڕێ و سەنەدی ئازادی كورد بە خوێنی شەهیدان مۆر بكرێ.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید مام سەلیم و شەهیدانی سازمانی خەبات و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی