23 کەس لە بەرپرسانی پلەبەرزی پێشووی ئەمریکا
لە نامەیەکدا بۆ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، داوا دەکەن لە سەبارەت بە کاروباری ئێران هاوکاری لەگەڵ "شۆرای ملی مقاومەتی ئێران"دا بکا.
تەلەفزیۆنی فاکسی نیوزی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە نووسی:
کەسایەتیەکانی وەک رودی جولیانی شارەدار پێشووی نیۆیۆرک، جەو لیبەرمن سەناتۆری پێشوو و هیو شلتۆن سەرۆکی ناوەندی هاوبەشی سپای ئەمریکا لە کاتی سەرۆکایەتی بیل کلینتۆن لەو 23 کەسەن کە ئەو نامەیان واژۆ کردوە.
لەو نامەدا داوا لە دۆناڵد ترامپ کراوە کە سەبارەت بە کاروباری ئێران لەگەڵ شۆرای ملی مقاومەتی ئێران کە بنکەکەی لە پاریسە راوێژ بکات. شۆرای ملی مقاومەتی ئێران خوزیاری کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی مەزهەبی لە تاران و ئازادی هەڵبژاردن و دین لە ئێرانە.
شۆرای ملی مقاومەتی ئێران کە لەلایەن مەسعودی رەجەویەوە دامەزراوە، ئەندامانی رێبەری سازمانی موجاهیدین و چەندین سازمانی سیاسی و کەسایەتی ئێرانی لە خۆ دەگرێ، ئەو شۆرایە زیاتر لە دوو دەیەیە خانمی مریەمی رەجەوی وەک "سەرۆک کۆماری کاتی لە ئێران" هەڵبژاردووە.