یه‌ک شه‌مه‌ 

2 به‌فرانبار2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

راگەیاندراوی كومیتەی ناوەندی لە بارەی کۆتایی پلۆنۆمی سێهه‌می کۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران

راگەیاندراوی كومیتەی ناوەندی لە بارەی کۆتایی پلۆنۆمی سێهه‌می کۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران
سازمانی خەبات


 هاونیشتمانیانی كوردستان!
تێكۆشەرانی ڕیزەكانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران!

 

بۆ ئاگاداریتان پلۆنۆمی سێهه‌می كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران، ڕۆژی شه‌ممە ٢٤ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٣ی هه‌تاوی به‌رانبه‌ر به‌ ١٤ی دیسامبری ٢٠٢٤ی زایینی، بۆ ماوه‌ی چوار ڕۆژ،به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی کومیته‌ی ناوه‌ندی و به‌شێکی زۆر له‌ کادر و ئه‌ندامانی دێرین و به‌رچاوی سازمانی خه‌بات بەڕێوەچوو.

سەرەتای كاری پلۆنۆم به‌ ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له‌ ڕۆحی پاکی شەهیدانی سوورخەڵاتی سازمانی خەبات و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی و ڕۆحی مامۆستا شێخ جه‌لال حوسەینی، ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌که‌مان و دامه‌زرێنه‌ری سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران ده‌ستی پێکرد.  

لە پلۆنۆمدا به‌شێک له‌ ئه‌ندامە چالاک و کادره‌کانی سازمانی خه‌بات له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات،به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداری زیاتریان،له‌ به‌رنامه‌ و کارو تێکۆشانی كومیتەی ناوەندی لە نێوان دوو پلۆنۆم و باسکردن له‌سه‌ر ئه‌رک و کاره‌کانی ئورگانەكانی سازمانی خه‌بات بۆ دەربڕینی نه‌زەرات و بۆچوونیان،بۆ به‌ره‌وپێشچوونی کار و ئه‌رکه‌کانی سازمانی خه‌بات، بەشداریان كرد. 
لە یەكەم ڕۆژی پلۆنۆم،بابه‌شێخ حوسەینی، سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات، وێڕای به‌خێرهاتنی ئه‌ندامان، کورته‌ باسێکی گرنگی له‌سه‌ر ناوه‌رۆکی خه‌باتمیحوه‌ری و ئه‌رک و پێگەی سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران لە دوای بەڕێوەچوونی كونگرەی حه‌وته‌م  باس کرد. بابه‌شێخ، ڕاپۆرتی ورد و پڕ ناوەرۆكی سیاسی و ته‌شکیلاتی،ئەركی شۆڕشگێڕانە و بەرپرسایەتی تێكۆشەرانی سازمانی خەبات لەم قۆناغە حەستەمەدا، بە گرینگ زانی.‌سەبارەت بە ڕوداوە سیاسه‌كانی جیهانی و گرفت و کێشه‌‌‌کانی ده‌وڵه‌تانی خاوەن هێزی جیهان و لاوازی و داڕمانی ڕۆژ به‌ڕۆژی ڕژیمی گه‌نده‌ڵی ئاخوندی، بە تایبەت له‌دوای گۆڕانکاریه‌‌کان له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کاریگه‌ری ئه‌وگۆڕانکاریانه‌ له‌سه‌ر پرسی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر دۆزی ڕه‌‌وای کورد له‌ کوردستانی ئێران و چالاکیه‌کانی داهاتووی سازمانی خه‌بات له‌ هه‌مبه‌ر گۆرانکاریه‌کان، پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌بوان کرد. هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا سكرتێری گشتی، پلاتفۆرمێكی بۆ پێکهێنانی ناوه‌ندی هاوهەڵوێستی له‌ نێوان هێز و لایه‌نه‌کانی کوردستانی ئێران دا به‌مه‌به‌ستی هه‌نگاونان به‌ره‌و وتار و كاری هاوبه‌ش له‌ داهاتودا خستە بەرباس.  
سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات له‌مه‌ڕ سیاسه‌تی جیهانی و گرفت و کێشه‌‌‌کانی ده‌وڵه‌تانی خاوەن هێزی جیهان ڕایگه‌یاند که‌: ڕوداوەكان و ئاڵۆزیە سیاسی، نیزامی و هه‌روه‌ها ئابوریه‌كان به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ  له‌سه‌ر وڵاتەكان بە تێكڕاو هه‌روه‌ها به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر، له‌سه‌ر پرسی کورد كاریگەری هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ی ورد له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی جیهان، بۆ کورد و سازمانی خه‌بات‌ گرنگه‌ و پێویسته‌ ئێمه‌ شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی وردو زیاتری بۆ بکه‌ین. هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکا و سەركەوتنی دۆنالد ترامپ وه‌ک چل وحه‌وته‌مین سه‌رۆکی ئه‌مریکا، بۆژمارەیەك لە شارەزایانی سیاسی ئەمریكاو هێندێك هێز و لایه‌ن چاوه‌ڕوان نه‌کراوبوو. سه‌رکه‌وتنی ترامپ به‌سه‌ر ڕکابه‌ره‌که‌ی، کامالا هریس و حیزبی دیموکرات بە شێوەیەك بوو كە زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران یان، له‌ده‌ست دا که‌ ئه‌و دوو ناوه‌نده‌ بۆ ئه‌مریکا و داڕشتنی سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌سه‌ر جیهان و خودی ئەمریكا زۆر گرنگ و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ن. به‌م شێوه‌ کۆماریه‌کان و ترامپ ده‌‌توانن ده‌ستیان واڵاتربێت له‌سه‌ر بڕیار و راسپارده‌کان بۆ داهاتوو. ده‌کرێ بڵێین کە ڕۆڵی ئه‌مریکا له‌ ڕابردوو دا، به‌تایبه‌تیش له‌‌ په‌یوه‌ند به‌ هەل ومەرجی ئێران و گۆڕانکاری ناوچه‌که،‌ ڕۆڵێکی لاواز و كەم هه‌ڵوێست بوو، هه‌ر بۆیه‌ به‌ هاتنه‌وه‌ی ترامپ ڕۆڵی گرنگی ئه‌مریکا له‌ جیهاندا دەردەكەوێتەوە. لە ڕابردوودا کاریگه‌ری ئه‌مریکا وه‌ک گەورە هێزی جیهانی لە سەر زۆربەی پرسەكان كەم ببوو، بەڵام  لە دەورانی سەرۆك كۆماری ترامپ،ئەمریكا ده‌توانێ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و هه‌روه‌ها یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پرسه‌ جیهانیه‌کان  ڕۆڵێکی کارامه‌ و چالاک ببینێ. 
ترامپ له‌ دەورەی سەرۆك كۆماری له‌ ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٢، هه‌ڵوێسته‌کانی له‌ به‌رانبه‌ر ڕژیمی ئاخوندی و زۆرێک له‌و هێز و لایه‌نانه‌ی که‌ دروستکراوی ڕژیمی ئاخوندین، توند و کاریگەر‌ بوو،حكومەتی ترامپ زۆر به‌رنامه‌ و پرسی گرنگی‌ دژ به‌ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و دیکتاتۆری ڕژیمی ئاخوندی گرتە بەر، وه‌ ‌له‌سه‌رجه‌م ئه‌و په‌یمان و کارنامانه‌ له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئاخوندی ئێراندا چوه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌به‌رانبه‌ردا سزای زیاتری خستە سەر ئەو ڕژیمه.


هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ به‌رجام شکستێکی گه‌وره‌بوو بۆ ڕژیمی ئیِران، کوشتنی قاسم سلێمانی و له‌ناوبردنی چەندین گه‌وره‌ ترۆریستی دیکه‌ له‌ سوریەو عێراقیش سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌بوو له‌و کارنامه‌ی ترامپ دژی گروپ و تاقمه‌ ترۆستیه‌کانی ناوچه‌که‌. فشاره‌کانی ترامپ بۆ سه‌ر ڕژیمی ئێران گرنگ و کاریگه‌ربوو. به‌ بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ترامپ ئەگەر دژی ڕژیم به‌رده‌وامی هەبێ‌، به‌تایبه‌تیش که‌ ئێستا دەسەڵاتی ئاخوندی كەوتۆتە ناو چەندین كێشەو ئاڵۆزیی، گرنگی زیاتری دەبێ‌.  
سكرتیری گشتی ئاماژەی كرد بە قسەكانی سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئەریكا له‌و چه‌ند ڕۆژەی ڕابردوو له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ری تایمز،كە رایگه‌یاندبوو‌ هێرشی نیزامی بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئێران به‌دوور نازانێ. دیاره‌ له‌ ڕابردوشدا ترامپ به‌ به‌رده‌وامی ڕه‌خنه‌ی له‌ جۆ بایدن و ئیداره‌‌که‌ی گرتوه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ڕۆڵی لاوازی ئەمریكا دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێران. له‌ لیدوانی کاربه‌ده‌ستانی ڕژیمیش دا، به‌ ڕوونی ئه‌و ترس و نیگه‌رانیانه‌ لە حكومەتی داهاتووی ئەمریكا دیاره‌، ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌ هاتنه‌ سه‌رکاری ترامپ به‌قازانجی دۆزی ڕه‌وای گه‌لانی ئێران و به‌تایبه‌تیش ویست و داخوازیه‌کانی کورد ده‌بێ له‌ کوردستانی ئێراندا. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ وێ‌ دەچێ‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی ترامپ له‌گه‌ڵ ولاتانی ئوروپایی به‌ره‌ ڕێڕه‌وێکی باشتردا بڕوا،به‌ بۆچوونی ئێمه‌ ترامپ  گۆڕانکاری له‌ په‌یوه‌ندی و هه‌ڵوێسته‌کانی ڕابردووی له‌گه‌ڵ ولاتانی ئوروپایی دا ده‌کا چونكە لە چوار ساڵی سەرۆك كۆماری رابردووی، هه‌ڵوێسته‌کانی ترامپ له‌ بارەی ناتۆ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ووڵاتانی دیکه‌ گەرم و نزیك نەبوو.  

حكومەتی چین و ڕووسیه‌ گه‌وره‌ترین ڕه‌قیبی ئه‌مریکان، چین توانیویه‌تی له‌ باری ئابوریه‌وه‌ ڕەکابه‌ری ئه‌مریکا بكا،هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندیه‌کی باشی له‌گه‌ڵ ئیداراه‌ی ترامپ و ئه‌مریکادا هه‌بێ و نایهه‌وێ په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ببات. ده‌وڵه‌تی چین ناتوانێ وه‌کو جاران پشت به‌ روسیه‌ ببه‌ستێ، چونکه‌ ڕوسیه‌ له‌ جەنگ لەگه‌ڵ ئوکراین دا سه‌رکه‌وتوو نەبوو،وە بەردەوامی شه‌ڕ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌ ڕوسیه‌ لاوازە. ئه‌گه‌ر ڕوسیە بیتوانیایه‌ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئوکراین دا به‌ده‌ست بێنێ،بێگومان حكومەتی چینیش هێرشی سەربازی دەكردە سه‌ر وڵاتی تایوان تا بیخاته‌ ژێر ڕکێف و ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌. 
هه‌روه‌ک ئاماژه‌مان پێدا ڕوسیه‌ له‌ هێرشی بۆ سه‌ر ئۆكراین تووش شکستێکی گه‌وره‌ی نیزامی، ئابووری و سیاسی بۆته‌وه‌و درێژخایاندنی ئه‌و شه‌ڕه‌ش به‌زیانی ڕوسیه‌ کۆتایی دێت. به‌م شێوه‌یه‌ که‌ ده‌رده‌که‌وێ هه‌م چین و هه‌میش ڕوسیه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌مریکا تووشی لاوازی زیاتر ده‌بن. 
بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسی تایبەت بە لێکدانەوەی گۆڕانکاریه‌‌کان له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هەلومەرجی ئاڵۆزی ناوچەكە و کاریگه‌ری ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ له‌سه‌ر پرسی کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر دۆزی ڕه‌‌وای کورد له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بوو. له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات ڕایگه‌یاند که‌ هێرشی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل سه‌ره‌تایی وه‌رچه‌رخانێکی نوێی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا پێک هێنا. هه‌موومان ده‌زانین که‌ کێشه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل کیشه‌یه‌کی جیهانیەو لە كۆن تا ئێستا هه‌وڵ دراوه‌ چاره‌سه‌ری شیاو بۆ ئەو كێشەیە بكرێ‌. 
هێرشی ساڵی ڕابردوو كە حه‌ماس كردیە سه‌ر ئیسرائیل بە قازانجی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین نه‌بوو وه‌ ماڵوێرانی زۆری بۆ خه‌ڵکی فه‌له‌ستین به‌دوای خۆیدا هێنا و له‌و په‌یوه‌ندیه‌ش دا ژمارەیەك لە حكومەتەكانی ناوچه‌که‌ و له‌وانه‌ش ڕژیمی ئێران، هه‌وڵی ئاژاوه‌گێڕی و ئاڵۆزبوونی زیاتری پرسی نه‌ته‌وه‌یی فه‌له‌ستینیان دا. 
پرسی دیموکراسی له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و لاوازکردن و له‌ناوبردنی گروپ و تاقمی توندڕه‌و وە ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر له‌ناوچه‌که، بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بووه‌ زه‌رور‌تێکی پێویست. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌‌ له‌ هێرشه‌کانی ئیسرائیل جینایه‌تی مرۆیی بێته‌ ئاراوه‌ و منداڵ و که‌سی بێتاوانیش ده‌بنه‌ قوربانی، به‌ڵام هێرشی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل به‌هانه‌ی دایه‌ ده‌ست ئیسرائیل که‌ به‌رده‌وامی به‌ هێرشه‌کانی بدات.  
له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل زیاتر واڵابوو وه‌ پشتیوانی ووڵاتانی غه‌ربی له‌ ئیسرائیل، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ئیسرائیل ڕه‌خساند که‌ بەوپەڕی هێز ڕوبه‌ڕووی نه‌یاره‌کانی له‌‌ ناوچه‌که‌ بێته‌وه‌.

هێرشی حیزبوڵا بۆ سەر  ئیسرائیل وای كرد ئیسرائیل له‌ لوبنان زۆرێک له‌ سه‌رکرده‌و فه‌رمانده‌ باڵاکانی حیزبوڵا و پاسدارەكانی ڕژیم بكوژی كە ئەوە سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ بوو بۆ ئیسرائیل.


هێرشی هێزە نەیارەكانی سوریە بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د و ڕووخانی چاوه‌ڕوان نه‌کراوی به‌شارئه‌سه‌د، هه‌م ڕوسیه‌ وه‌ هه‌میش ڕژیمی ئێرانی تووشی شکستێکی گه‌وره‌ كرد. هه‌م ڕژیمی ئێران و هه‌میش روسیە هاوپەیمانێکی سەرەکی بەشار ئەسەد بوون و لە ماوەی دەسەڵاتدای بەشار ئەسەد وە بەتایبەتی لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی خەڵكی سووریە لە ساڵی ٢٠١٢، رووسیە و ڕژیمی ئێران پشتیوانی ڕاسته‌وخۆیان لە حکومەتی سووریە کرد.  
  پرسی دیموکراسی و حه‌‌وانه‌وه‌ی نه‌‌ته‌وه‌کانی ولاتانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بێ ئه‌وه‌ی ببنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و زیان به‌یه‌کتری پرسێکی گرنگه‌ و به‌ بڕوای ئێمه‌ هه‌م وڵاتانی غه‌ربی و به‌شێک له‌و گروپ و تاقمانه‌ی که‌ باگراوندێکی توندڕه‌ویی ئیسلامیان بوه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا ده‌یانهه‌وێ به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ هه‌نگاوبنێن. یه‌کێک له‌و نموونانه‌ گروپی ته‌حریری شامه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌دات گۆڕان له‌ سیاسه‌ت و فکریاندا پێک بێنێ‌ و پێکه‌وه‌ حه‌وانه‌وه‌ و ئاشته‌وایی بکه‌نه‌ قۆناغێکی نوێی. پێکه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانەی ئه‌دیان و بۆچونەكان یه‌کێک له‌ سیاسه‌ته‌ نه‌گۆڕه‌کانی سازمانی خه‌باتە هەر بۆیه‌ گرنگه‌ که‌ ئێمه‌ پشتیوانی له‌ ڕه‌وتی میانڕه‌وی و پێکه‌وه‌ حه‌وانه‌وه‌ بکه‌ین و ڕێز له‌ باوه‌ڕه‌ جیاوازه‌کان و ڕه‌وتی ئیسلامی میانەڕەو بگرین. 

سکرتێری گشتی له‌ په‌یوه‌ند به‌ مه‌سه‌له‌ی کورد و کاریگه‌ری ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ له‌سه‌ر کورد ڕایگه‌یاند که‌ دۆزی کورد بۆته‌ دۆزێکی گرنگی جیهانی و له‌ ڕاستی دا هیچکات وه‌کو ئێستا کورد هه‌لومه‌رجی له‌بارنه‌بوه. سەرەڕای كێشەو فشارەكان بۆ سەر كورد، سازمانی خه‌بات هەلوومەرجی کورد و ڕەوتی ئازادیخوازی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان بە باش دەبینێ‌.‌ ئێستا گرینگه‌ که‌ کورد لە هەر كام لە بەشەكانی كوردستان مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا بکات . 
دوابه‌دوای روخانی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سوریە، پاراستنی قه‌واره‌‌ی کوردی و مافه‌کانی کورد ته‌وه‌رێکی گرنگی جیهانیه‌. ئه‌مریکا ئێستا له‌ جاران زیاتر هه‌وڵی پشتیوانی له‌ کورد لە سوریە دەدات و به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نیگه‌رانیه‌کانیان له‌ به‌رانبه‌ر به‌ پێشێلکردنی مافه‌کانی کورد له‌ سوریە ناشارنه‌وه‌. بێگومان ئه‌و پشتیوانیه‌ به‌رینه‌ی ئه‌مریکا بۆ کورد له‌ کوردستانی سوریه‌ گرنگی و بایه‌خێکی تایبه‌تی هه‌یه‌ و پێوسیته‌ کورد به‌ یه‌کڕیزی و خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی واقیعبینانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌دا خۆی بگونجێنێ و له‌ دروشم و هه‌نگاوی زیانبه‌خش خۆیان به‌دوور بگرن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیه‌ لایەنەكانی کورد له‌ کوردستانی سوریه‌ له‌ هه‌وڵ دان‌‌ یه‌کگرتوانه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا هەنگاو هەڵگرن. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و گفتوگۆ و دانیشتنانه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه‌ و په‌یه‌ده‌ له‌گه‌ڵ یه‌کدا به‌ نێوه‌ندگیری فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مریکا هاتونه‌ ئاره‌وه‌ هه‌نگاوی دڵخۆشکه‌رن . هه‌موو لایه‌نه‌ کوردیه‌کانی کوردستانی سوریه‌ زه‌روره‌ ڕێگە له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی بگرن.
 پێویسته‌ کورد نیگه‌رانیه‌‌کان بڕه‌وێنێته‌وه‌ و هه‌وڵ بدات ناکۆکیه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیه‌ كەم بکات. له‌ ئێستادا حكومە‌تی تورکیه‌ پێی وایه‌ که‌ ده‌توانێ قسه‌ی یه‌که‌م بکات، به‌ڵام ئێمه پێمان وایە به‌و شێوه‌ نابێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ حكومەتی تورکیە هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا و ناتۆیه‌ به‌ڵام ئه‌مریکا ڕێگه‌ به‌ تورکیه‌ نادا دۆخه‌که‌ به‌ره‌و شه‌ڕێکی راسته‌وخۆ به‌رێ. دیارە دۆخی ئێستایی تورکیە هه‌م له‌ باری سیاسی و هه‌میش له‌ باری ئابوریه‌وه‌ باش نیه‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندی تورکیەو ئه‌مریکا پته‌و نیه‌، تورکیە به‌ پیچه‌وانه‌ی ئه‌مریکا، پشتیوانی له‌ گروپه‌ توندڕه‌و ئیسلامیه‌کان ده‌کا و له‌ زۆر بواری دیکه‌شه‌وه‌ دژایه‌تی قازانجەکانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌دا ده‌کات، به‌ڵام له‌ ئێستادا ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیه‌ هەوڵ دەدەن نیگه‌رانیه‌کانی ئه‌مریکا زیاتر بکه‌ن. 

له‌به‌شێکی دیکه‌ی ڕاپۆرته‌که‌دا باس له‌سه‌ر هەلوومەرجی ئێستای هه‌رێمی کوردستان کراو، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و زووتر پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان به‌ گرنگ و کاریگه‌ر زانرا. سکرتێری گشتی،وتی پاراستن و مانه‌وه‌ و به‌هێزکردنی ئه‌زمون و قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان ئه‌رکی هه‌ر که‌سێکه‌ و پێویسته‌ هه‌موومان هه‌وڵه‌کانمان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بێ که‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ بپارێزین و پشتیوانی لێ بکه‌ین.

. له‌و راپۆرته‌دا له‌ په‌یوه‌ند به‌ دۆخی خراپی ڕژیم و لاوازی داڕمانی ڕۆژ به‌ڕۆژی ‌ئابوری ڕژیمی گه‌نده‌ڵی ئاخوندی له‌ ئێران دا، کاک بابه‌شێخ ڕایگه‌یاند که‌ ڕژیمی ئاخوندی له‌ ناوخۆدا تووشی گرفت و قه‌یرانی قوڵ بۆته‌وه‌ و ناتوانێ به‌رده‌وام بێت. ڕژیمی ئێران هیچ کات به‌ ڕادەی ئێستا له‌ ته‌نگژه‌ی سیاسی ئابوری و دیپلۆماتی دا نه‌بوه‌.


هه‌موومان ده‌زانین که‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رینه‌کانی جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکی ئێران له‌ ناوخۆدا ئه‌م ڕژیمه‌ی لاوازو بێ‌ توانا كردوە. ئابوری ئێران داڕماوە، نرخی خواردەمەنی و كەل و پەل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو سەر دەچێ‌. دەسەڵاتداران بە چاپکردنی پوڵی بێ پشتیوانەو هه‌روه‌ها هاندانی خه‌ڵک بۆ که‌م به‌کارهێنانی برق و گاز،‌دەیهەوێ قەیرانی ئابووری چارەسەر بكات بەڵام وەك پزشكیان سەرۆك كۆماری ڕژیم ووتی، ئەو ڕێگەكارانە دەرمانی نەخۆشی قورسی ڕژیم،ناكات.بە ئیقراری سەرۆك كۆماری ڕژیم نزیک به‌ ٢٥٠٠ هه‌زار ملیارد که‌مبودی بودجه‌یان هه‌یه‌ بۆ پێدانی حقوقی مانگانەی خانەنشیان و كارمەندانی چەند ئیدارەو ئورگانی ڕژیم و ناتوانن موچه‌ی کارمه‌ندان دابین بکه‌ن. 
  
به‌رده‌وامی تاوانه‌ دڕنده‌کانی ڕژیم له‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی ئێران و کوردستان و زیاتربوونی فشاره‌کان بۆ گرتن و تاوانی قێزونی دژه‌ ئینسانی زیاتر نیشانه‌ی ئاخری ئه‌م ڕژیمه‌ ده‌رده‌خات. تێکڕای چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگە، به‌تایبه‌ت لاوان و ئافره‌تان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و خه‌ڵک چیتر حیساب بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ناکات. 

 قه‌یرانه‌کانی ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و زیادی ده‌ڕۆن و ڕژیم له‌ ڕوخان زۆر زۆر نزیکه‌،هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ک سازمانی خه‌بات ده‌بێ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ به‌تایبه‌تی ئاماده‌بێت. 
داوا له‌ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی ئێران دەکه‌ین بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەك بۆ كاری هاوبه‌ش هەنگاو هەڵگرین. پێویستە لایەنە سیاسیەكانی کوردستان پێکه‌وه‌ هەوڵی خوڵقاندنی بۆ‌ گۆرانکاری بدەین. جه‌ماوه‌ری کوردستان و که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشه‌نبیران ئه‌و داوایه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌نگاوه‌‌کانمان به‌ره‌و یه‌کڕیزی و پێکهێنانی ناوه‌ندێکی یه‌کگرتوو وە پتەوتر  بکه‌ینه‌وه‌. 

له‌ته‌وه‌رێکی دیکه‌دا، سکرتێری گشتی له‌ په‌یوه‌ند به‌ وه‌زعی ئێستای سازمانی خه‌بات ڕایگه‌یاند که‌ ئێمه‌ له‌ گۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات دا زۆر بریار و ڕاسپارده‌ی گرنگمان په‌سه‌ند کرد، سه‌رکردایه‌تی سازمانی خه‌بات به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ و راسپاردانه‌ ده‌کات و توانیومانه‌ به‌ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو به‌ره‌و پیشه‌وه‌‌ هه‌نگاو بنێین. 

یه‌کێک له‌و ته‌وه‌ر و باسانه‌ی که‌ له‌ کۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات په‌سه‌ند کرا مه‌سه‌له‌ی خه‌بات میحوه‌ری بوو. ئێمه‌ پێویسته‌ کارو ئامانج و تێکۆشان و ئه‌رکی نیشتمانی و سیاسه‌تی خۆمان درێژه‌ پی بده‌ین و له‌ به‌رنامه‌ی سازمانی خه‌باته‌وه‌ به‌ره‌و ئامانج و بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان هه‌نگاو بنێین. ئێمه‌ پێویسته‌ ڕۆحی خه‌باتی بوون گرنگی زیاتری پێ بده‌ین. ده‌بی هه‌موومان سازمانی خه‌بات به‌ته‌شکیلاتی خۆمان بزانین و له‌ پێناو پێشکه‌وتنی ئه‌و ڕێبازه‌دا به‌ به‌رده‌وامی کاربكەین.
پلۆنۆم درێژه‌دان به‌و هاوپه‌یمانی و به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندیه‌‌کانی سازمانی خەبات‌ ‌له‌گه‌ڵ سازمانی موجاهیدنی خه‌ڵکی ئێرانی بە گرینگ زانی‌. ئه‌و په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانیه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سازمانی موجاهیدنی خه‌ڵکی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای باوه‌ڕ به‌‌ مافه‌کانی کورد له‌ کوردستانی ئێران و گه‌یشتنی کورد به‌ مافه‌ ڕه‌واکانی داڕێژراوه‌. سازمانی موجاهیدینی خه‌ڵکی ئێران، وه‌ک هێزێکی سیاسی و سه‌رتاسه‌ری و کاریگه‌ر، باوه‌ڕی به‌مافه‌کانی کورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی تر له‌ ئێراندا هه‌یه‌ و هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی دیموکرات و سیکولار ده‌دات و سازمانی خەبات بەردەوام دەبێ‌ لە هواپەیمانی ڕیشەیی و بەهێز لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران.

بڕگه‌ی کۆتایی ڕۆژی یه‌که‌می پلۆنۆم ئاماده‌بوان و به‌شداربوان به‌ نه‌زه‌ر و بۆچوون و شرۆڤه‌کردنی زیاتری ووته‌کانی کاک بابه‌شێخ و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌مه‌نکردنی ناوه‌رۆکی ڕاپۆرته‌که‌ و پەسەند كردنی ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی کۆتایی به‌کاره‌کانی خۆی هێنا. 

له‌ ڕۆژانی دووه‌م و سێهه‌م و چواره‌می پلۆنۆمدا، سه‌رجه‌م ئورگانه‌کانی سازمانی خه‌بات ڕاپۆرت و پیشنیار و داواکاریه‌کانیان خسته‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ و سه‌رجه‌م ڕاپۆرتی کۆمیسێۆنه‌کان په‌سه‌ند کران.

له‌ په‌یوه‌ند به‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌کانی کوردستانی ئێران دا پلۆنۆم دەبێ پڕۆژه‌ گه‌لاڵه‌یه‌کی سەرەتایی سەبارەت بە كاری هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسیەكان پێشكەش بكات تا بە هەوڵی تێكڕایی ڕێگە بۆ پێکهێنانی ناوه‌ند یا هەر چوارچێوەیەك بۆ كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی ئێراندا دروست بكرێ‌. هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا پلۆنۆم لێژنه‌یه‌کی دیاری کرد تا که‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری به‌ڕێزی هه‌موو لایه‌‌نه‌کان ئاڵوگۆڕی بیروڕا بكات و نه‌زه‌رات و بۆچوونی هه‌موو لایه‌ک وه‌ربگری.


هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا بڕیاردرا که‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ بکرێ و ئه‌م گه‌ڵاڵه‌‌یان له‌گه‌ڵ باس بکرێ که‌ له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ پێکهاتوون: 

1.پێک هێنانی چوارچێوەیەك که‌ پێک بێت، له‌سه‌ر بناغه‌ی ته‌فاهوم و ته‌وافوق.
2.باوه‌ڕ به‌ڕووخانی ڕژیمی ئاخوندی و دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی دیموکرات و سیکولار بۆ داهاتوی ئێران و کوردستان ئامانجی بێت. 
3. ئازادی بۆگه‌لی کورد و دابین كردنی مافه‌ ڕه‌واکانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و مافی چاره‌ی خۆنووسین وه‌ک دروشمی سه‌ره‌کی ئه‌و ناوه‌نده‌ دیاری بکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌‌کان به‌ هه‌ر باوه‌ڕ و به‌رنامه‌یه‌ک که‌ هه‌یانه‌ له‌و پلاتفۆرمه‌دا‌ بتوانن به‌شداری بکه‌ن. 
4.خاڵی هاوبه‌ش پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌سه‌ری هاوڕابن وپەسەندی بكەن.
5.لایه‌نه‌ سیاسیەكان،هه‌ر ناکۆکی و ته‌زادێک که‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌یانه‌،نبێتە كۆسپ بۆ هه‌ڵوێست و نه‌زه‌راتی هاوبه‌ش لە ئامانجە گشتیەكانی گەلی كورد. 
6.به‌ڕێوه‌بردنی ناوه‌ند و هەر ناوێكی دیكە، كە پەسەند دەكرێ‌،‌ ده‌وره‌یی دەبێت و هه‌موو لایەنە هه‌وڵ بده‌ن دارایی بۆ دابین كردنی خەرجی ‌‌دەستەبەر بكەن. 

له‌ درێژه‌ی کاره‌کان دا کاک جه‌لال خۆشکه‌لام بە کارگێڕی کومیته‌ی ناوه‌ندی هەلبژێردرا. هەروەها پلۆنۆم ناوەندی راویژی پێکهێناو ئەندامانی ناوەندی ڕاوێژی هەڵبژارد که‌ پێكهاتوە لە:خاتوو زێنه‌ب حوسەینی، کاک که‌ریم فه‌یزیان، کاک بێهروزی ئه‌رده‌ڵان، کاک مه‌حمودی یوسفی، کاک عبدوڵا قادری و کاک هوومەن سەعیدپه‌نا و کاک ئازاد حسین زاده‌. 

سه‌ره‌نجام پلۆنۆم ڕۆژی ٢٨ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٣ی هه‌تاوی به‌رانبه‌ر به‌ ١٧ی دیسامبری ٢٠٢٤ به‌ کۆمه‌ڵێک ڕاسپارده‌ و به‌رنامه‌ی نوێوه‌ کۆتایی به‌ کاره‌کانی خۆی هێنا. 

 

کومیته‌ی ناوه‌ندی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 
٢٩ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٣ی هه‌تاوی

1 ڕۆژ و 5 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

راگەیاندراوی كومیتەی ناوەندی لە بارەی کۆتایی پلۆنۆمی سێهه‌می کۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران

راگەیاندراوی كومیتەی ناوەندی لە بارەی کۆتایی پلۆنۆمی سێهه‌می کۆنگره‌ی ٧ی سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران