رژیمی ئاخوندی دەسەڵاتدار له ئێران، هەم له ناوخۆی ئێران و هەمیش له دنیای دەرەوە، بەرەو داڕمان و رووخان دەچێ و تووشی نسکۆێک بووە کە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە و تەنانەت خودی کاربەدەستانی ڕژیم له ئاستی سەرەوە له ئیعترافێکی کەم وێنەدا، دان بە و راستیه دادەنێن و هیچ رێگا چارەیکیان بۆ دەرباز بوون لەو قۆناغهدا نییە . ئەگەر جاران دڵیان بە گروپه تیروریستەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حیماس و حوسیەکانی یەمەن و... هتد، خۆش بوو، بە لەناو چوون یا زعیف بوونی لەڕادەبەدەریان و نەمانی بەکردەوەیی بەرەی موقاومەت و کۆتایی هاوپەیمانی لەگەڵ رژیمی ئەسەد، ئێستا ئیدی ئەو روناکایەشیان نەماوە ، کە سالانیکە بودجە و داهاتی خەڵکی ئیرانیان بۆ خەرج دەکرد. جیا لەوە له ناوخۆی ئێرانیش روبەرووی دەیان قەیرانی کومەڵایەتی ، سیاسی و ئابووری بوون، کە دەرخەری ئەو راستییه کە رژیم بەرەو ڕوخان و له ناوچوون دەچێ و هیچ فاکتەرێکی بۆدرێژەدان بەو سیستەم و نیزامە نەماوە.
مەبەستی سەرەکیم لەو کورتە شیکردنەوەیە هێنانە بەرباسی دەورو ئەرکی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەو ئەرک و پراکتیکی کاری کورد له کوردستانی ئێران و ئەحزابی سیاسی ئۆپۆزسیونە لەم کات و ساتە هەستیارەدا .
هەروەک هەموو لایک ئاگادارن گەلی کورد له کوردستانی ئێران بەردەوام لەپێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی ، چ له سەردمی رژیمی پاشایەتی و چ له ئێستادا کە رژیم ئاخوندی دەسەڵاتداره لەریزی پیشەوەی قوربانی دان بوون بۆ خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان. له شۆرشی ژینادا زۆر بە ڕوونی جارێکیتر دەوری پیشەنگایەتی و ئازایەتی و حەقخوازی خۆمان سەلماندەوە و بە هاوراێکی بەرزەوە داوای رووخان و نەمانی رژیمی جینایەتکاری ئاخوندیمان بە گوێی دیکتاتورانی جەماران دادایەوە.
بەداخەوە تا ئێستاش ئەحزابی ئۆپوزسیونی کوردی نەیانتوانیوە بەرەیەک یان ناوەندێک پێک بینن کە جێگای دڵخۆشی و هیوای خەڵک بێت. هەر چەند هەوڵی بۆ دراوە بەڵام ئەگەر زۆر بە راشکاوانە بڵیم بەرژەوندی تەسکی حیزبی تا ئێستا نەیهێشتووە ئەو ئاواتە بێتە دیی ، ئێمه له سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران باوەرمان به مکانیزمێکی واقیعی بۆ به یەکەوە کار کردن و یەک ریزی ماڵی کورد هەیه و هەوڵیشمان بۆ داوەو بە کردوە. بۆ نمونە سکرتێری گشتی سازمانی خەبات جەنابی کاک بابەشێخ حوسیەنی چندسال لەوە پێش له دیمانەیەک لەگەڵ کورد کاناڵ
رایگەیاند؛ کە نەخشە رێگای سازمانی خەبات یەکگرتوییه هەروەها لە چەند روژەی ڕابردووشدا، لەپەیامێکی ویدیوی روو به هەموو ئەحزابی کوردستانی ئێران رایگەیاند؛ کە تەنیا رێگاچاره پێک هێنانی بەرەیەکی کوردستانیه کە باوەڕی بە راستیەکان هەبێ کە نە کوری شای باوەڕی بە مافی کورد هەیه و نە ڕژیمی ئاخوندی باوەڕی به وتویژه، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان بەدەم ئەو بانگەشە ڕەوایەدا بین و چی دیکە ماڵی کورد پەرتەوازه نەبێ ، پێکهێنانی بەرەێکی کوردستانی هەم هەستکردن بە بەرپرسیاریتیه له حاست خەڵک و هەمیش قورسایەکە لەحاست دنیا دەروە کە بۆ نەتەوەکەمانی درووست دەکەین. لەبیرمان نەچێ تەنیا لەبەیەکەوە بوونمانە کە دەتوانین پارێزگاری لەبەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان بکەین .