دەسەڵاتی دژە مرۆڤی ئاخوندی ئێران، زیاتر لە ۴۵ ساڵە ئەوەی جینایەت و کردەوەی دژە مرۆڤانەیە لە حەقی میللەتی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی کردوەو سەرەڕۆیانە درێژە بەو پەیڕەوە ئەدات.
تەنیا لە ساڵی ۲۰۲۴ دا، ڕژیمی ئاخوندی ۳۱ ژنی لەسێدارە داوە، کە زیاترین ڕێژە لە ۱۷ ساڵی ڕابردوودا بووەو دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەو دەسەڵاتە نەک پاشەکشە لە دڕندەییەکانی خۆی ناکات، بەڵکوو بە دڵڕەقیەکی زۆرترەوە درێژە بە جینایەتەکانی ئەدات.
نەدانی مافی سەرەتایی، ڕێگری لە سەرکەوتن، سەپاندنی یاسای پیاوسالاری بەسەریانداو فشار بۆ بەکۆیلەکردنیان، بەشێک لە بیرۆکە چەقبەستووەکانی ڕژیمی ئاخوندەکانە کە دژ بە ژنان پەیرەی دەکات. بەڵام ئەوەی ئەو ڕژیمە تێدا سەرکەوتوو نەبوە، بە ئاکام گەیاندنی ویستەکانی دژ بە ژنانەو بەپێچەوانەوە ژنان وێڕای ئەو هەموو فشارە کە لەسەریانە، زۆرترین هەوڵ بۆ دەربازکردنی خۆیان لە تەوقی ڕژیم ئەدەن و چالاکانە لەبواری مافی ژنان و گەیشتن بە ئازادی، خەبات دەکەن. ڕاستی ئەو بابەتە لە شۆڕشی ژینا، کە بە ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە، زۆرتر خۆی نواند و بینیمان کە وێڕای ئەو هەوڵانەی ڕژیم، ژنان پێشەنگی خەبات و بەرخۆدان بوون و وەکوو لیدەر و ڕێبەر، ڕیزی یەکەمی ناڕەزایەتیەکانیان ڕێبەری دەکرد.
شۆڕشی ژینا بەردەوامەو ڕژیم لەو ترسەدا هەموو پەلەقاژەیەک دەکات و ئێستەش بە سەپاندنی حوکمی ناڕەوا بەسەر چالاکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان، وەک پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، بەنیازە بەخەیاڵی خاوی خۆی، خۆف و دڵەڕاوکێ بخاتە دڵی خەڵکی ئازادیخواز و مافویست و دەنگی ڕزگاریخوازی کپ بکاتەوە. بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە دەنگی ئازادیخوازی هیچ کات کپ نابێت و خەبات و شۆڕش هەتا کۆتایی هێنان بەو ڕژیمە درێژەی دەبێ.
پشتیوانی و سازدانی هەڵمەت بۆ ڕزگار کردنی گیانی پەخشان عەزیزی ئەرکێکی گرنگی خەباتگێڕانەو نەتەوەییە، بەڵام پەخشان و پەخشانەکان هیچ کات کۆتاییان پێی نایەت و هەتا زوڵم و داگیکاری هەبێ، پەخشانیش هەیە.
لە ئێستادا زەروورەتی هاوکاری و هاودەنگی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان و ئێران، لەهەمووکات گرنگترەو لەم دۆخەدا کە ڕژیمی ئێران لاواز و لەناخەوە ڕووخاوە، دەبێ خەڵکی ئازادیخواز و خەباتکار لە ناوخۆ و ڕیزەکانی شۆڕش دا، گڕ و تینێکی زیاتر بە ناڕەزایەتیەکانی خۆیان بدەن و وابێت فشارەکانی بۆ سەر ڕژیم زیاتر و بەرفرانتر بکرێن و کۆتایی زوڵم و ستەمیان بهێندرێت. گەر وانەبێت، کەمپەین و هەڵمەت بۆ ڕزگارکرانی گیانی هاووڵاتیانی ئازادیخوازمان کۆتایی پێی نایەت.