هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!
گەلانی ستەملێکراوی ئێران!
بەبۆنەی یادی ۷۹ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان،کە لە ۲ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۲۴ی کۆچی خۆری لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد و تێکۆشەرانی گەلی کورد لە شاری مەهاباد دامەزرا، گەرمترین پیرۆزبایی بە جەماوەری کوردستان و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی و خەباتکارانی خۆنەویست لە ئێران و کوردستان ڕادەگەینین . ۷۹ ساڵ پێش، یەکێک لە ئاواتەکانی کورد و کوردستانیانی نیشتمانپەروەر بەڕەنج و تێکۆشانی خەباتکارانی کۆمەڵەی ژێکاف و پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد بوو کە چرای هۆمێدی لە دڵی ڕزگاریخوازان و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی و نیشتمان دۆستان، داگیرساند. دامەزرانی کۆماری کوردستان لە پاش چەندین ساڵ سەرکوت و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد بەدەستی حکومەتە فاشیستەکانی زاڵ بەسەر ئێراندا، بووە هۆی دڵخۆشی بەرینی خەڵکی کوردستان. کۆماری کوردستان هەرچەند تەمەنێکی کورتی بوو، بەڵام ئەزمونێکی بەنرخ و پڕ دەسکەوت بوو وە لەمێژوودا بە سەرفەرازی گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای و پێشەوا قازی محەممەد ماوەتەوە. کۆماری کوردستان ئەو پەیامەی لەدوای خۆی بەجێی هێشت کە ئەگەر یەکگرتوویی و هاودەنگی میللەتی کورد لە پێناو ئازادی و ڕزگاریدا ڕیشەدار بێت، گەلی کورد بە ئامانجەکانی دەگات و ئەگەریش پێچەوانەکەی بێت، واتە نەبوونی تەبایی هاوکاری لەنێوان خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازاندا ڕەچاو نەکرێ،ئەو هیوایە ناگاتە ئاکام و ڕزگاریی یەکجاری وەدیی نایەت و هەر وەک چۆن تێک چوونی کۆماری کوردستان بە هۆی ناتەبایی و کێ بەرکێی و خەیانەتی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆمار، تەنیا یازدە مانگ تەمەنی کرد. ئازادیخوازانی ڕێگەی ڕزگاریی! ئەمساڵ لەکاتێکدا ئەو یادە مێژووییە بەرز ڕادەگرین، کە ڕژیمی دیكتاتۆری ئێران چەندین شکستی لە ناوخۆی وڵات و کۆمەڵگەی جیهانیدا بەسەر هاتو. ڕوخانی حکومەتی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد و لاواز بوونی بەرەی بەناو موقاومەت کە بووە بڵقی سەر ئاو،ئاواتەکانی ڕژیم لە پێکهێنانی هیلالی شیعی،سەرەڕای ئەوەی سەرمایەو هێزی زۆری ناوخۆیی بۆ دروست کردنی هیلالی شیعی و ئیمپراتۆری ئاخوندی بە کار هێنابوو شکست پێی هات و هاوکات خەڵکی سوریه بە ئازادی گەیشتن،هەر ئەوەش بووە یەکێک لە گەورەترین شکستە سیاسییەکانی ڕژیمی ئێران چ لە ناوخۆی ئێران و هەروەها دەرەوەی ئێراندا.. ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی چەندین کێشەی گەورەی چارەسەر نەکراوی هەیە لە هەمانکاتدا ناڕەزایەتی جەماوەری، کێشەی ئابووری، کەڵەکەبوونی قەرزەکان بەکارمەندانی دامەزراوەکانی حکومەت،کەمیی سەرچاوەکانی بژێوی خەڵک و دەیان کەم و کورتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆتە هۆی ئەوە کە ڕەوتی ڕوخان و لە ناوچوونی دەسەلاتی دیكتاتۆریی ئاخوندیی خێراتر بێت. دیارە لە وەها هەلوومەرجێکدا، بوونی تەبایی، هاوکاری، یەکڕیزی و یەکدەنگی لەنێوان ئازادیخوازان و هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان و ئێران لەهەموو کاتێک پێویست ترەو دەبێ کەڵکی بەجێی لەو هەلە وەر بگیرگێت. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، وەک پەیڕەوی هەمیشەیی خۆی، دەسپێشخەری هەڵمەتێک بۆ پەیوەندی پتەوتر لەنێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەپێناو ویست و داخوازیەکانی گەلی چەوساوەو زوڵم لێکراوی کورددا پێشکەش کرد و داوای کرد بە یەکیەتی و تەبایی دڵی خەڵکی کوردستان و خانەوادەی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و بەندکراوانی سیاسی و هەموو تێکۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان خۆش بکەین. لە مانگی ڕێبەنداندا کە یادی کۆماری کوردستان دەکەینەوە،پێویستە بەکەڵک وەرگرتن له ئەزمونی کۆمار، یەکیەتی و تەبایی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پتەوتر بکرێت و پێداگری لەسەر خواست و داخوازی خەڵک بکەین و بۆ ڕووخانی ئەو دەسەڵاتی دژە مرۆڤی ئاخوندی و جێگر کردنی حکومەتێکی دیمۆکراتیک لە ئێرانێکی ئازاددا تێبکۆشین تا کۆتایی بە دەرد و مێنەتی هاونیشتمانیان بێت و هەموو نەتەوەکانی ئێران بە ماف و ئازادی و بەرابەری بگەن. جارێکی دیکە پیرۆز بێ ۲ی ڕێبەندان، ۷۹هەمین ساڵڕۆژی پڕشکۆی دامەزرانی کۆماری کوردستان.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی ۲ی ڕێبەندان ۱۴۰۳