وتووێژی خەباتمێدیا لەگەڵ کاک عومەر ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لەژێر ناوی کەی نۆرەی ئێرانیش دێت؟ خەبات مێدیا، لەسەر بابەتێکی گرنگ و چارەنووسساز لە ئێران کە بەتایبەتی کاریگەری لەسەر پرسی کورد لە کوردستانی ئێران هەیە، زنجیرە بەرنامەیەکی رێک خستوەو لە چەند عەلقەیەک دا لەگەڵ بەرپرسی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان وتووێژ دەگات. لە عەڵقەی دووهەمی بەرنامەکان دا، خاتوو ئەفسانە رەحیمی، لەگەل کاک عومەر ئیلخانیزاده، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران گفتۆگۆ دەکات و چەند بابەتێکی گرنگ دەخاتەروو. ئەم پرسیارانە لەسەر داواکاری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بۆ پێکهێنانی بەرە یان ناوەندێک بۆ کاری هاوبەش و یەکدەنگی و یەکڕێزی لە نێوان حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە هەلوومەرجی هەستیاری ئەمرۆی ئێراندا داڕێژراوەو هەوڵ بۆ تێگەیشتنی زۆرتری خەڵک و هەروەها یەکوتاری لایەنە سیاسیەکان بۆ قازانجی گشتی نەتەوەو هاونیشمانیانی کوردستانە. لەم گفتۆگۆیەدا خاتوو ئەفسانە رەحیمی دەپرسێت کە ئایا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ئێران، ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی ئێران و گەلاڕنی چەوساوەی ئەو وڵاتە دەبینێت؟ داهاتووی کورد لەو ئاسۆیە چی دەبێ، ئایا مێژوو دووبارە دەبێت و کورد مافخوراو دەبێ، یان بە مافەکانی خۆی دەگات؟ ئیلخانیزادە وتی، نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران، ئەگەرچی هەموو چەشنە سەرکوت کراوەو زۆڵم و چەوساندنەوەی لەڕادەبەدەری بەخۆیەوە دیتوە، بەڵام قەد دەنگی ناڕەزایەتی کپ نەبوەو بەردەوام داوای مافەڕەواکانی خۆی کردوە. ئەم ناڕەزایەتیانە لە شۆڕشی ژینادا زۆرتر خۆی نواند و کوردستان کە مەکۆی شۆڕش و پێشەنگی ئەو نارەزایەتیانە بوو، ئاسۆی خەباتی سیاسی لە کوردستان دا گۆڕی. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، شۆڕشێکی سکۆلار و سەردەمانە بوو، کە هەموو بناغەکانی ڕژیمی هێناوە لەرزە. ناوبراو وتی شۆڕشی گەلان لە ساڵی ۵۷دا کە لەدژی ڕژیمی پاشایەتی کرا، خەڵک خوێن بە دڵ بوون و بەکگرتوانە هاوکاری ڕووخانی ئەو ڕژیمەیان کرد. ئێستە شۆڕشی ژینا جگە لەو خاڵانەش، سەردەمانەتر و پێشکەوتنخوازەو پشتیوانی جیهانی بەدواوە بوو. کاک عومەر باسی لە ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و لاوازی میحوەری مقاومەت کرد کە بەڕێوەبەری شەرارەتەکانی ڕژیم لەو ناوەچەدا بوون. کاک عومەر وتی: ڕژیمی ئەسەد گەندەڵ و دژە خەڵک بوون و ئەو خەڵکە لە ساڵی ۲۰۱۱وە دژی دەسەڵات خەباتیان دەکرد. پێداگری خەڵک بۆ ڕووخانی ئەسەد، وای کرد کە وێڕای هەوڵەکانی ڕژیمی ئێران و حکومەتی ڕووسیە، ئەسەد ڕووخاو خەڵکی سوریە بە ئازادی گەیشتن. لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی لە ئێستادا بەرەیەکی یەکگرتوو لە حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پێک نەهاتووە، ئیلخانیزادە وتی: لە ئێستادا کە وەها دەرفەتێکی مێژوویی خوڵقاوە، پێویست ئەو هەلە بقۆزرێتەوەو کەڵکی پێویستی لێ بگرین. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئوپۆزسیون و پۆزێسیونی ئێرانی چیبکەین، ڕوو بە کۆمەڵگەی جیهانی چیمان هەیە، کاریگەری بەشەکانی دیکە کوردستان و پەیوەندیمان چۆن دەبێ لەگەڵیان، هێزی پێشمەرگە چی بەسەر دێ؟ ئایا هێزێکی یەکگرتوو ڕێک دەخەین یان هەر لایەنێک بۆ خۆی ڕێکخستن بۆ هێزەکانی دەکات و پاش ڕووخانی ڕژیمی ئێران، حکومەتی کاتی چۆن بەڕێوەبەری دەکرێت و لەسەر چ بناغەیەک دائەڕێژرێت. کاک عومەر وتی: ئیتر مانۆور لێدانی حیزبی باوی نەماوەو خەڵک چاوڕوان دەکەن هاوکاری و یەکدەنگی حیزبەکان ببینن و هێز و لایەنەکان ئێستە ئەو خاڵانەیان لەگەڵ یەکتر باس کردوەو ئەو دیالۆگانە لەئارادان. وتیشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوان دەکات بزانێت ئێمەی کورد داواکاریمان چیەو داوای چی دەکات. یەکگرتوویی ئۆپوزسیۆنی کوردی و ئێرانی بەگرنگ زانی و وتی ئوپۆزسیۆنی ئێرانی پرت و بڵاون و ئەوانیش پێویستە خۆیان ڕێک بخەن، پێش ئەوەی دەستی دەرەکی ئاڵترناتیڤێک بەسەر خەڵک دا بسەپێنێت