باراک ئوباما لە وتارێ:دا بەبۆنەی ساڵیادی جێبەجێ کردنی بەرجام کە لە ماڵپەری کۆشکی سپی دا بڵاوکراوەتەوە، تەئکیدی کردەوە کە ئابڵوقەکانی دیکە دژ بە رژێمی ئێران وەک خۆی لە کاردا دەبێ. ناوبراو گوتی لە مانگی ئۆکتۆبر تا ئێستا، رژێمی ئێران بیست و پێنج هەزار "پوند" ئورانیۆمی پاڵاوتەکراو، یانی نزیک بە 98 لەسەد ئورانیۆمی هەڵگیراوی خۆی بۆ دەرەوە گواستۆتەوە، دوو لەسەر سێی سانتریفوژەکانی خوی دابەزاندوە یان رایگواستووە، دڵی رئاکتۆری ئاوی قورسی ئەراکی دەرهێناوەو جێگەکەی بە سیمان پڕ کردوەتەوە و پشکێنەرانی نێونەتەوەیی دەتوانن بەشێوەیەکی بێ پێشوونە دەستیان بە دامەزراوە ناوکەییەکان و بەرهەمهێنانیان بگات. ئوباما گوتی لە بەرامبەردا ئابڵوقەکانی دژ بە بەرنامەی ناوکەیی دانرابوون هەڵدەگیری و رژێمی ئێران دەستی بەو پووڵانە دەگات کە پێشتر دەستی بەسەردا گیرابوو، و گرینگتر ئەوەیە کە بەشێوەی دیپلۆماسی و بەبێ هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەدەست هاتووە. سەرەک کۆماری ئەمریکا هەروەها تەئکیدی لەوە کردەوە، ئێمە بە توندی بەرنگاری هەڵسوکەوتی تێکدەرانەی رژێمی ئێران دژ بە هاوپەیمانەکانمان و پشتیوانی ئەو رژێمە لە تاقمە توندئاژۆکان لە ناوچەکانی وەک یەمەن و سوریە، دەبینەوە. ناوبراو لە درێژەدا وتی: هێشتا ئابڵوقەکانی ئێمە دژ بە رژێمی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سانسۆر، پشتیوانی لە تیرۆریزم و بەرنامەی مووشەکی لە جێی خۆیدایەو ئێمە ئەو ئابڵوقانە جێبەجێ دەکەین. باراک ئوباما گوتی: تاقی کردنەوەی مووشەکی ئەم دواییانەی رژێمی ئێران نیشانەی پێشێلکردنی بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی ئەو رژێمەیە و لە ئاکامدا، ئابڵوقەکانی ئەمریکا دژ بە کەسەکان و شیرکەتە چالاکەکان لە بردنە پێشی بەرنامەی مووشەکی دوورهاوێژی رژێمی ئێران بەردەوام دەبێ، ئێمە لەم باردا هۆشیارین و لە بەرگری لە خۆمان و هاوپەیمان و شەریکەکانمان راناوەستین. |