ماوەی سەد ساڵ و نیو پێش ئێستە، واتە ساڵی ١٨۵٧ ز. لە شاری نیۆیۆرکی ئامریکا، ئافرەتێک بوو بە پێشەنگی ڕاپەڕینێکی گەورە. لەو کاتەدا بەهۆی نادادپەروەری و کەمیی حەقدەستی کارکردن، ئافرەتانی کارگەی ڕستن و چنینی نیۆیۆرک بە پشتیوانی پیاوانی یەکسانیخواز دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان. بەرهەمی ئەو ناڕەزایەتی و مانگرتنە دوای دوو ساڵ گەیشتە ئامانج و بە پێشەنگایەتی "کلارا زتکین" ئەو ڕاپەڕینە سەر کەوت. ماوەی چل ساڵە لە وڵاتی ئێران، ئافرەتان بە هەموو شێوەێک دەچەوسێنرێنەوە، لە هەموو مافێکی تاکەکەسی و مرۆیی بێبەشن؛ تەنانەت جۆری پۆشینیشیان کراوەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بچەوسێنرێنەوە، لە ڕووی مافی حەقدەست و میرات و هاووڵاتیبوون بە پلەی دووهەم لەقەڵەم ئەدرێن؛ تەنانەت بۆ کارکردنیشیان یاسایان بۆ دانراوە و بەپێی ئەو یاسایە پیاو حەقی تەواوی هەیە کە ڕێگەی پێ نەدات کار بکات ... ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ئافرەتانی وڵاتی ئێران و ئافرەتانی خوڵقێنەر و دروستکەری ڕۆژی مێژوویی ٨ی مارس، بێ دوودڵی دەتوانین بڵێین ئەو زوڵم و غەدرەی کە بەرانبەر بە ئافرەتان لە ئێران دەکرێت، دە قات زۆرتر و زیاترە لەو غەدرەی بەرانبەر بە ئافرەتانی کارگەی ڕستن و چنینی ئامریکا کرابوو. ئافرەتان لە ئێران چوار دەیەیە لەگەڵ زوڵم، زۆر، غەدر و نادادپەروەی ڕووبەروو بوونەتەوە و بە بەردەوامییش تێ کۆشاون و هەوڵیان داوە بۆ وەستانەوە بەرانبەر بەو سیستم و دەسەڵاتە. بە دیاریکراوی، ماوەی یەک دەیە زیاترە کە هەڵوێستنواندن و ڕاپەڕین و خەباتی ئافرەتان بە شێوەیەکی بەردەوام و جیاوازتر لە هەر سەردەمێک لەو وڵاتە لە ئارادایە. ئەو خەبات و ڕاپەڕین و ئازایەتییەی ئافرەتان لەو ماوە دیاریکراوەدا تاویان داوەتێ، دەگمەن و بێوێنە بووە و هاوکات بە دەیان و سەدان قوربانیشی لێ کەوتووەتەوە. لەگەڵ هەموو جۆرە وریای و ئازایەتی و بەردەوامیی ئەو ڕاپەڕینانەی ئافرەتان، بەداخەوە تاکوو ئێستەش بە ئامانج نەگەیشتووە و دەسەڵاتی دواکەوتووی ئاخوندیی ئێران هەر بەردەوامن لەسەر سیاسەتی چەوساندنەوە و سەرکوت و سڕینەوەی دەنگی ئازاد و مافویستیی ئافرەتانی ئازا. ڕاپەڕین و مانگرتنی ئافرەتانی کارگەی نیۆیۆرکی ئامریکا بەهۆی پشتیوانی و پاڵپشتیی هەمەلایەنە و دێموکراتیزەبوونی دەسەڵاتی سەردەم، دوای دوو ساڵ توانی بە ئامانج بگات. دیارە گەیشتنی ئافرەتان بە مافەکانیان، گرێدراوی ڕووخان و نەمانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەیە، هەر بۆیە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئافرەتانی خەباتکار، هەنگاونان لە خەتی ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێرانە. جیاواز لەوە هەندێک کەموکوڕی لە بەرخۆدانی ئافرەتان لە ئێران لە ماوەی چوار دەیە تاکوو ئێستە هەیە کە لەوانەیە بێ کاریگەر نەبووبێت لە چۆنایەتیی خەباتی فیمینیستی لە ئێراندا. ١_ نەبوونی هاودەنگی و هاوپەیوەندییەکی هەمەلایەنە لە نێوان ئافرەتانی سەرانسەریی ئێران و جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە دەکرێت ببێتە تەوەری لێککۆکردنەوەی هێز و تواناکانی کوردستان و سەرانسەری ئێران. ٢_ کەمیی پاڵپشتی و هاوکاریی هەمەلایەنەی سەرجەم توێژەکان و بەتایبەتی پیاوانی بەرانبەریخواز بەو جۆرەی کە شایەن و پێویستە. ٣_ خۆڕاگریی بەشێکی سوننەتیی کۆمەڵگە لە بەرانبەر گۆڕانکاریی ئەرێنی و خۆنوێکردنەوە و گونجان لەگەڵ پێوەرەکانی مرۆیی و نێونەتەوەیی. ٤_ سستی و هێواشیی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ئافرەتانی تاڕاوگەنشین و زاڵکردنی هەندێک بەها و بابەتی تری حیزبی بەسەر بابەتە سەرەکییەکە کە بابەتی خەبات و تێکۆشانە لە پێناوی مافەکانی ئافرەتاندا. بەو هیوایەی ڕاپەرینی ئەم جارە لەسەر دەستی ئافرەتانی پێشەنگ و بە پشتیوانیی باقی توێژەکانی کۆمەڵگە، بنیانی سیستەمی دواکەوتووانەی تاران هەڵتەکێنرێت و سەردەمێکی نوێ بە پیشەنگایەتیی ئافرەتان بنیات بنرێت.