جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!
ئافرەتانی تێکۆشەر و مافخواز!
چالاکانی تێکۆشهری بواری ئافرهتان!
ئافرەتانی شۆڕشگێر لە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران!
بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش دەکەین بە ئافرەتانی جیهان و کوردستان. سڵاو دهنێرین بۆ ئافرهتانی زیندانی و بەندکراو لە چاڵە ڕەشەكانی دەسەڵاتداری دیکتاتۆری ئاخوندی لە ئێران، هەروەها سڵاو دەنێرین بۆئافرەتانی ستەملێکراوی دەستی کۆمەڵگە و خێزان.
زیاتر لە سەدەیەکە ٨ی مارس وەکو سیمبۆل و ڕەمزی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان، دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی چینایەتییە. ڕۆژی پشتگیریی و داکۆکی و هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و دەستەبەرکردنی هەلومەرجی باشترە لە ژیانی ئافرەتان و ژناندا. لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا و بەتایبەت ئوروپا و ئەمریکادا ژنان تا ڕادەیەک بە مافە سەرەتاییەکانیان گەیشتوون،بەڵام سەڕەڕای هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان و بەردەوامی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز، هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، لە نێو چوارچێوەی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و خێزان و شوێنی کار و هتد؛ ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و بە قانون گەلێکی مەزهەبی ساختەو پیاوسالاریی دژی ژن، مافی ڕەوای ژنان پێشێل دەکەن.
لە وڵاتی ئێران دا ئافرەتان و ئافرەتانی كوردستان بە تایبەت زیاتر لە سەدەیەکە بەدەست دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆری پاشایەتی و دەسەڵاتی ئاخوندەکان،لە هەموو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە، زیاتر دەچەوسێنەوە.
ئافرەتانی کورد نەک هەر نەگەیشوون بە مافە سەرەتاییەکانیان، بەڵكو دوو جاریش دەچەوسێنەوە، جارێک بەهۆی کورد بوونیان و جاریكیش بە هۆی ئافرەت بوونیان چەوساوەی دەستی کۆمەڵگەی پیاو سالارن.
لەمێژووی خەباتی خوێناوی گەلەکەمان پڕە لە باس و خواسی ئافرەتانی وا کە نەک هەر بەشداری خەبات و تێکۆشان بوون، بهڵکو لە زۆر قۆناغ و هەل و مەرجدا، ڕێبەر و بەڕێوەبەری بزوتنەوە ڕەوا و یەک لە دوای یەکەکانی نەتەوەکەمان بوون. لە شۆڕش و خەباتی ئەم قۆناغەی نەتەوەکەماندا بەشداری ژنان ئەگەر لە پیاوان زیاتر نەبێ کەمتر نیە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران خوازیاری کومەڵگەیەکی یەکسانە. کومەڵگایەک کە دەرفەتی یەکسان بۆ گەشە و پێشکەوتنی هەموو تاکەکانی بڕەخسێنێ و بۆ دەسەتەبەر کردنی مافەکانی ئافرەتان هەموو جۆرە پشتیوانی لە ئافرەتان دەکات. بەم بۆنەوە هیوادارین هەموو ژنانی کوردستان، بەتایبەت ژنانی تێکۆشەر و مافخواز، خواستەکانیان کە مافی بێ ئەملاولای خۆیانە وەدی بێ.
ئاشکرایە وەدیهاتنی مافەکانی ئەوان، دەبێتە هۆی بەختەوەری و گەشانەوەی کۆمەڵگە. هەر لەم ڕۆژەدا سڵاوی تایبەت دەنێرین بۆ خاتوو پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی وسەرجەم ئەو تێکۆشەرانەی کورد، کە لەپێناوی بیروباوەڕی یەکسانیخوازی و نەتەوایەتییەکانیاندا بەند کراون بەڵام بە ورەی بەرزەوە لەسەر بیروبڕواکانیان قورس و قایم ڕاوەستاون.
پیرۆز بێ ٨ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان.
کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.