هاونیشتمانیانی تێکۆشەری كوردستان!
گەلانی ستەملێكراوی ئێران!
۱۰ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ۷۸ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەواقازی موحەممەد سەرۆك كۆماری حكومەتی كوردستان، ئەبولقاسمی قازی برای پێشەوا، سەدری قازی و حەمەحسێن خانی ئامۆزای پێشەوا و سەیفی قازی، تێدەپەڕێت. ۱۰ی خاکەلێوە یادی خەسارەتێكی جەرگبڕو شەهادەت و قوربانی قازی محەممەدو گەورە پیاوانی ڕێگەی سەربەستی و ڕزگاری کورد و کوردستانە كە دڵی هەموو وڵات خۆشەویست و نەتەوەدۆستێک بەژان دێنێت. ۱۰ی خاکەلێوە یادی جوانەمەرگ بوونی کۆماری کوردستانە، كۆمارو دەسەڵاتێك کە پاش چەندین ساڵ مێنەتی و بندەستی گەلی کوردی خاک دابەشکراو و مافخوراو، وە پاش چەندین ساڵ شەڕ و بەربەرەکانێ لەگەڵ دژمنان، نەتەوەی کورد بە مافەکانی گەیشت. بەڵێ كۆماری كوردستان لە كاتێكدا دامەزرا کە شەڕی دووهەمی جیهانی ئاڵووگۆڕە ناوچەیی و سیاسی بە دوای خۆیدا هێنا بوو. لەو هەلومەرجەدا، دەسەڵاتی پاشایەتی پەهلەوی لاواز و تەریک كەوتبوو، هەر بۆیە بە هیمەتی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هاوکاری خەباتکاران و نەتەوە دۆستانی پارێزەری وڵات و نیشتمان، لە ۲ی ڕێبەندانی ۱۳۲۴ی کۆچی خۆری، ئاڵای دەسەڵاتی كوردستان لە چوارچرای شاری مەهاباد هەڵكراو جەماوەری چەند شاری کوردستان بە ئازادیی شاد بوون. ئازادیەک كە بە داخەوە زۆری نەخایاند و بە خیانەتی خۆفرۆشان و چاوچنۆکی و دڵڕەشی دڵ پڕ لە قینی دژمنان کۆتایی پێهات و قازی محەممەد و هەواڵانی لە بەرەبەیانی ۱۰ی خاکەلێوەی ۱۳۲۶ی کۆچی خۆری، لە لایەن حەمەڕەزاشاو دەسەڵاتە فاشیست و ڕەگەزپەرەستەكەی لەسێدارە دران. ئەگەرچی کۆماری کوردستانی تەمەنێکی کەمی خایاند، بەڵام ئەزمونێکی گەورەی خۆبەڕێوەبەری جەماوەری کوردستان بوو هەروەها دەركەوت کە بە خەبات و كۆڵنەدان، دەتواندرێ بە سەر داگیركەران و دژمناندا سەرکەوین و خەبات و موبارزە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافی ڕەوا، بەئاکام دەگات. هاوڕێبازانی ڕێگەی خەبات! ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی شەهیدکرانی پێشەوای نەمر، قازی محەممەد و هەواڵانی بەرز ڕادەگرین کە ڕژیمی ئێران و ئاخوندە خوێنڕێژەکانی دەسەڵاتدار بەسەر وڵاتدا، لە دۆخێکی ئاڵۆزتردان و كێشە ناوخۆییەكان و هەروەها شكستەكانی ئەو دەسەلاتە دیكتاتۆرە، بۆتە هۆی هەڵومەرجێكی لەبارتر بۆ گەلانی ئێران و شۆڕشە ڕەواكەیان. ڕووخانی بەشار ئەسەدی زاڵم و دیکتاتۆر بەسەر وڵاتی سوریەدا، کوژرانی سەرکەردەکانی حەماس و حیزبوڵا بەدەستی ئیسرائیل و لاواز بوونی میحوەری شەرارەتەکانی ڕژیم لەناوچەکەداو خەونی هیلالی شیعی، خەرج كردنی میلیارها دولار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران کە بەفیڕۆدرا، فشارەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئامریکا بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان لە شكستە گەورەو بەرچاوەكان بوون. لە لایەكی دیكە، لەناوخۆیشدا خەڵک بە گڕ و تینێکی زۆرەوە بەرانبەر بە سەرەڕۆییەکانی ڕژیم وستاونەوەو سەرەڕای ڕێگریەكانی دەسەڵاتداران، خەڵكی شارو دێی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی ئێران جێژن و بۆنەكانی نەورۆزیان بەشكۆترین شێوە بەڕێوەبرد و جارێکی تر دەست لە دەستی یەکتر سەلماندیان لە دەسەڵات هیچ مشروعیەتێکی نیە. لەئێستادا بەو یەکگرتوویەی لەنێوان خەڵکدا لەئارادایەو دۆخی هەنووکەیی، پرسی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسیەکان زۆرترین تیشکی دەخرێتە سەرو پێویستە لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران بە دەم ئەو پەیامی سازمانی خەبات بۆ یەكگرتوویی و تەباییەوە بێن. لەم کاتەداو بە وەبیرهێنانەوەی شەهیدکرانی پێشوا قازی و هەواڵانی بەدەستی ڕژیمی دڵڕەشی پەهلەوی و ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو، دەبێ ئاگاداری ئوپۆزسیون و ئاڵتێرناتیوی فیشاڵی و ساختەی دەستی ئاخوندەکان بین کە باوکی قاتڵی پێشەوا قازی بوو، وە خوەیشی هەر خاوەن هەمان بیرۆکەکانی باوکیەتی و هەمان ڕەوتی هەیە، خەباتی گەلی کورد بەلاڕێدا نەبەن. ئێران و کوردستان پێویستی بە حکومەت و سیستەمێکی دیمۆکراتیک و خەڵکی هەیە تا نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران تێدا بە مافەکانیان بگەن و ئەو هەموو قوربانیەی لەڕێگەی سەربەستی و ڕزگاری نەتەوەو نیشتمان خۆیان فیدا کردوە، خوێنیان بەفیڕۆ نەڕوات. بەرز و بەڕێز بێت یادی پێشەوا قازی محەممەد، هەواڵانی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی نەتەوەو نیشتمانی داگیر کراو.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
۹ی خاکەلێوەی ۱۴۰۴