ڕۆژی سێشەممە ۱۹ی خاکەلێوەی ۱۴۰۴، شاندێکی پەیوەندیەکانی هەولێری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بریتی لە ماردین زاهدی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندیەکانی هەولێری سازمانی خەبات، خاتوو ڕێناس فەلەکی و کاک مەتین پەرێشان، کادری سازمانی خەبات، سەردانی پەیوەندیەکانی هەولێری کۆمەڵەی زەخمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لەلایەن بەڕێزان; ئەمجەد حوسێن پەناهی ئەندامی دەستەی کارگێری و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە هەولێر و هەریەک لە فایق رەسولی ، جەهانگێر عەلیخانی، ئاگرین سنە و ئازاد کرماشان کادێرانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، پێشوازیان لێکرا.
لەم دیدارە دۆستانەدا، پاش هەڵسەنگاندنێکی گشتی لەسەر بابەتەکانی ڕۆژ لە جیهاندا، بابەتی هەلوومەرجی ناوەچەکەو کاریگەری لەسەر دۆخی جیهانی و هەستیاری دۆخی هەنووکەیی خرایە بەر باس.
هەلوومەرجی ڕژیمی ئێران پاش داواکاری سەرۆک کۆماری ئامریکا لە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران بۆ دانوستان و ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەی ناوکەیی و هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ڕژیم و دامەزراوە ناوکەییەکانی لە ئەگەری ڕێنەکەوتنیان، بابەتێکی گرنگ بوو کە باسی لێوەکرا.
کاریگەری ئەو دۆخەو چۆنیەتی مامەڵەکردنی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ئێران، هەروەها پێویستی یەکڕیزی و یەکگرتووی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ کەڵک وەرگرتنی بەجێگە لەو دەرفەتە بابەتێکی گرنگی دیکە بوو کە باسی لێوە کرا. هەروەها لەو دیدارەدا هەردوو لایەن وێڕای پێداگری لەسەر دۆستایەتی نزیک و بوونی پەیوەندی پتەو لەگەڵ یەکتر، باسی ئەوەیان کرد کە دەبێ ئەو پەیوەندیانە لەنێوان هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستانی ئێران هەبێت و پێویستە پەیوەندیەکانی هەر دوو لایەن هەوڵ بۆ یەکگرتوویی زۆرتر لەو بارەوە بدەن و هەنگاوی جیددی بۆ هەڵگرن.