هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!
ساڵی ۱۳۰۶ی کۆچی خۆری، کەسایەتیەک لەدایک بوو کە بلیمەتی، لێهاتوویی و لەخۆبردوویی لە ماوەی تەمەنیدا بوو بە ئۆلگووی هەزاران کەس و ژیانی تەرخان کرد لە پێناو ئازادی و بەرابەری و باوەڕی ئیسلامی پێشکەوتوو، بەرهەمێکی دیاری دیکەی ژیانی مامۆستا، دامەزراندنی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بوو، کە بووە ڕێبازێک بۆ هەزاران مرۆڤی دژ بە ستەمگەری لە کوردستان و ئێراندا.
مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی ۹۸ ساڵ پێش ئێستەو لە ساڵی ۱۳۰۶ی کۆچی خۆری، لە خانەوادەیەکی ئائینی و نیشتمان پەروەر لەشاری بانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، چاوی بە جیهان هەڵێنا.
مامۆستا شێخ جەلال لەبەر ئەو ڕەنج و زۆڵمەی کە دەسەڵاتی فاشیستی پاشایەتی بەسەر وڵات و هاووڵاتیانەوە هێنابووی، هەر لە سەرەتای لاویەتیەوەو لە تەمەنی ۱۶ساڵیدا بڕیاری خەبات دژ بە زاڵم و داگیرکەری داو بۆ ستاندنەوەی مافی هاونیشتمانیان، لەساڵی ۱۳۲۲ی کۆچی خۆری بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف، کە یەکەم ڕێکخراوی سیاسی فەرمی لە کوردستانی ئێران بوو، وە هەتا هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ژێکاف لە ساڵی ۱۳۲۴دا، بە ئەندام مایەوە.
پاش هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ژێکاف، جەنابی مامۆستا جگە لە بواری سیاسیی و ئائینی، لە بواری ئەدەبیاتی کوردیدا چالاکیەکانی زیاتر کرد و هۆنراوەو نووسینی گرینگی لە بارەی ئەدەبیات و زمانی کوردیدا بەرهەم هێناو ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لەو بوارەدا گێڕا کە ئێستەش بەرهەمەکانی جەنابیان وەک یەکێک لە سەرەکیترین و خۆماڵیترین جۆری نووسین و زمان و ئەدەبیاتی کوردی بەکار دێت و چەند مامۆستای زانکۆ لە کوردستان وەکوو وانە بەکاری دێنن.
جەنابیان لە ساڵەکانی ۴۶ و ۴۷ی کۆچی خۆری، بە بڵاوکردنەوەی نووسین لە کۆماری کوردستان ڕۆڵیان گێڕا، هەروەها یەکێک لە دەنگە بەرز و ڕەسەنەکانی دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایەتی بوو، لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان لە ساڵی ۱۳۵۷ی کۆچی خۆریدا، ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و مێژوویان هەبوو.
پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پەهلەوی و هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان، کە بە پێچەوانەی بەڵێن و وەعدەکانیان ڕەوتی سەرکوت و چەوساندنەوەی میللەتیان گرتە پێش و فەرمانی جیهادیان دژ بە خەڵکی کوردستان دا، مامۆستا شێخ جەلال کە ئەو کات لە دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین چالاکی دەکرد، فەرمانی لێدانی هێزی گاردی جاویدانی دا. هێزێک کە بەوتەی ڕژیم بۆ کۆتایی پێهێنان بە قائیلەی کوردستان بۆ ئەو ناوچەیە بەڕێکرابوون و بۆ قەتل و عامی خاڵکی بێتاوانی کوردستان هاتووبوون، لە پێچەکانی هەژدەدۆڵان و لەسەر ڕێگەی سەردەشت_بانەو لە ناو شاری بانەدا کەوتنە بەر پەلاماری هێزی پۆڵایینی پێشمەرگەو یەکێک لە شکستە گەورەکانی کانی هێزی سەرکوتگەری ڕژیمی ئاخوندی بۆیان تۆمار کرا.
مامۆستا شێخ جەلال بەهەست کردن بە هەلوومەرجی ئەو کات و بوونی لایەنە چەپەکان و زەروورەتی بوونی هێزێکی نەتەوەیی و ئیسلامی کە بوونی ئەو هێزە فەرمانی جیهادی خومەینی و ئەو فریوکاریەی ئاخوندەکانی پووچەڵدەکردەوە، بڕیارێکی مێژوویی داو لەگەڵ چەند مامۆستای ئائینی دیکەدا سازمانی نەتەوایەتی و ئیسلامی، خەبات یان بنیات نا. سازمانی خەبات لەسەر باوڕ بە ئازادی نەتەوەو نیشتمانی داگیرکراو، بوو بە ڕێگەو ڕێبازێک بۆ ئەو کەسانەی کە باوڕێکی نەتەوەیی و ئیسلامیان بوو، توانی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری تۆمار بکات و لە هەموو شاروو شارۆچکەکانی کوردستان چرایەکی لە دڵی بێ هیوای هاونیشتمانیان هەڵگرسێنێت کە هەتا ئەمڕۆ یەکێکە لە ڕێبازە کەم هەڵەو بێ پەڵەکان لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد و کوردستان و بە سیاسەتە دروستەکانی وا بکات کە پاش ۴۵ ساڵ سیاسەتەکانی لەلایەن ئازادیخواز و ڕەوتە خەڵکیەکانەوە ببێتە پەیڕەوێکی سەرەکی.
مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، ماوەی ۸۳ ساڵ تەمەنی پڕ لەشانازی کرد کە ۶۷ ساڵ لە تەمەنی لە خەبات و ئازادی بۆ نەتەوەی کورد و کوردستان و ئێران و نۆژن کردنەوەی ئەدەبیات و مێژووی کورد تەرخان کرد و لە جەنابیان دەیان شیعر و مەقالەی ئەدەبی و مێژوویی بۆ کتێبخانەی کورد و کوردستان بەجێی ماوە. بەڵام گرنگترین بەرهەم و دەسکەوتی مامۆستای لەدڵان زیندوو، ڕێبازی سازمان خەبات و پەروەردەکردنی خانەوادەیەکی خەباتکار و لەخۆبردوو وە خۆنەویستە کە درێژەدەری ڕێگەو ڕێبازەکەین.
ئەمساڵ و لە یادی ۹۸ ساڵەی لەدایک بوونی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی لە ۳۰ی بانەمەڕی ۱۴۰۴ی کۆچی خۆری، هەزاران سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی مامۆستای هەمیشە زیندوو، مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی و بەڵێن ئەدەین کە هەتا گەیشتنی هاونیشتمانیانی کوردستان، بە مافە ڕەواکانیان لەسەر ئەو ڕێبازە بمێنین و درێژەدەری ڕێگەیەک بین کە تێدا خەبات تەنیا بۆ گەل و نیشتمان دەکرێت و ئازادی و ویستی خەڵک لە سەرووی خواستی کەسەکان دانراوە.
جارێکیتر پیرۆز بێ ۳۰ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی لەدایک بوونی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
۲۹ی بانەمەڕ ۱۴۰۴