راگەێندراوی کۆمیسیۆنی تە شکیلاتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان
خەڵکی خەباتگێڕو تێکۆشەری کوردستان! هەر وەک ئاگادارن شۆفێری بارهەڵگرەکان لە چەند ناوچەی ئێران و کوردستان، لەسەر خراپی بارودۆخی ژیانیان و دروستکردنی گرفت و کێشە بۆ کارکردنیان و هەروەها گرانکردنی سوتەمەنی بۆ ماشێنەکانیان، دەستیان داوەتە مانگرتنێکی گشتی. شۆفیری بارهەڵگرەکان لە ئێران، ساڵانێکە لە ژێر باری قورسی گرانیی کەلوپەل و بەشەکانی کامیۆن و ترێلی کانیان و کەمبوونەوەی سووتەمەنی و کرێی کەم و نادادپەروەرانە و کار و سەختی و دژواری دیکەوە دەناڵێنن، هەر بۆیە شۆفیری بارهەڵگرەکان لە ساڵانی ڕابردوودا لە گەڵ ناڕەزایەتی لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی مانیان گرتوە بەڵام مانگرتنی ئەم چەند ڕۆژەی شۆفیری ترێلی و ئوتۆمبێلە باره ڵگرەکان جیاوازی هەیەو زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران و کوردستانی گرتۆتەوە. ئەگەرچی ڕژیمی ئاخوندی لە ڕێگەی هێزە سەرکوتکەر و خوێنڕێژەکانیەوە هەوڵی کۆتایی هێنان بەو مانگرتنانە دەدات بەڵام لە بێ دەنگ کردن و کۆتایی هێنان بە مانگرتن شکستی هێناوە. ئەم سیستەمە گەندەڵ و دژی گەلە نەک هەر چاوپۆشی لە داواکارییە ڕەواکانی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان دەکات، بەڵکو ڕۆژانە بەشێوەێکی سیستماتیک فشاری ئابووری و ئەمنی لە دژی خەڵکی زەحمەتکێش زیاد دەکات. رژیمی ئێران وەک هەمیشە لە جیاتی وەڵامدانەوەی ویستی رەوای ئەو چینە زەحمەتکێشە بە زمانی هەڕەشە هەوڵی کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتیەکان دەدات کە بێگومان شکست دەخوات. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە مانگرتنی شۆفێری بارهە ڵگرەکان، داوا لە ئەندام و لایەنگرانی سازمانی خەبات و جەماوەری کوردستان دەکات بە هەموو توانات پشتیوانی لە مانگرتنی ڕەوای شۆفیران بکەن. دڵنیاین خەباتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خەباتی گەلانی ئێران، رووخان و لەناوچوونی یەکجاری دەسەڵاتە دیکتاتورەی لێ دەکەویتەوە و بەری رەنج و زەحمەتی تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی و خوێنی شەهیدان دێتە دیی. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کومسیۆنی تەشکیلات