بۆ ڕای گشتیی جیهانی
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەشەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێی سەرکوت و دەستبەسەرکردن، ڕاودوونان و ئێعدام لەکوردستان و لەسەرانسەری ئێران لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوەدەستی پێ کردوە. ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش بەهەڵبەستنی تۆمەتی ناڕەوا و پەروەندەسازی بۆ زیندانییانی سیاسیو هەروەها پێداچوونەوە بەیاسای سێخوڕی لەپاڕڵمان و دەزگای قەزایی ڕژیمدا دۆخێکی مەترسیداریان بۆ بەندکراوانی سیاسی ڕەخنەگرانی حکوومەت خوڵقاندوە. ڕاپۆرتەکانیش دەریدەخەن کە هەتا ئێستا ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەهەزار کەس تێپەڕیوە و ئێعدامی زیندانییانی سیاسی بەردەوام و ڕوو لەهەڵکشانە. هەر چەند ڕۆژ لەوە پێش بوو ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی وڕەسووڵ ئەحمەد، سێ کۆڵبەری کورد کە تۆمەتی بی بنەمای هاوکاریی ئیسڕائیلیان درابووە پاڵ، ئێعدام کران و هەر ئێستاش گیانی چەند بەندکراوی دیکەی کوردی خەڵکی بۆکان کە سێ ساڵ پێش ئێستا لەبزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەرکران و حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە، لەمەترسیدایە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا هەرکات لەشەڕێکی دەرەکی یان پرسێکی نێودەوڵەتی شکستی خواردبێ، تۆڵە لەبزووتنەوەی مافخوازیی خەڵک لەنێوخۆی وڵات کردووەتەوە و ئێستاش دەیەوێ تۆڵەی شکستەکانی لەشەڕی ئیسرائیل لەکۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەی مافخوازیی گەلانی ئێران و زیندانییانی بێدیفاع بکاتەوە. بێگومان بێتوو کۆماری ئیسلامی هەست بەگوشار و کاردانەوەیەکی بەهێزی نێوخۆیی و دەرەکینەکا، دوور نیە کارەساتی کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی لەزیندانەکانی ئێراندا دووپات بێتەوە، وەک چۆن ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دوای ملدانی ڕێژیم بۆ ئاگربەست لەگەڵ عێڕاق دوای هەشت ساڵ شەڕی بێئاکام لەگەڵ ئەو وڵاتە هەزاران زیندانیی سیاسیی لەنێوخۆی وڵاتدا کوشت.
ئێمە وێرای دەربڕینی ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆمان لەمەڕ ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لەهەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت لەگیانی زیندانییانی سیاسی دەکەن، داوا لە:
- خاتوو مای ساتوو، ڕێپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆڤی لە ئێران
- ناوەندە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ
- هەموو خەڵکی ئازادیخوازی جیهان
دەکەین بەهەر شێوەیەک کە دەتوانن دژی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە دەنگ هەڵبڕن و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە بێپەروا بکەوێتە گیانی تێکۆشەرانێک کە هیچ تاوانێکیان جگە لەمافویستی، ئازادیخوازی و خەبات بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان و مافە سیاسی، مەدەنی و نەتەوایەتییەکانیان نەبووە.
داوا لەحیزب و ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانییەکان، ڕێکخراوەکان، ئێرانییانی ئازادیخواز و کوردانی تاراوگەدەکەین کە بەکۆدەنگی و بەئاکسیۆن و کۆبوونەوەکانی خۆیان دەنگی ناڕەزایەتی و بێزاریی خۆیان بەرامبەر بەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە بەرز بکەنەوە. بێگومان هەستی هاوسۆزی و پشتیوانی لەزیندانییانی سیاسی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا زۆر بەهێزە و ئەو نارەزایەتییە جیهانییە ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ حەرەکەتی سەرتاسەری و کوردستانی لەداهاتوودا و گوڕوتین بەخشینەوە بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەوڵاتدا.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک
پارتی ئازادیی کوردستان – پاک
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.
١٨ی پوشپەری ١٤٠٤ هەتاوی بەرابەر بە ٩ی ژوئیە ٢٠٢٥ میلادی