خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
ئەندام و لایەنگرە تێکۆشەرەکانی سازمانی خەبات!
لەپازدەهەمین ساڵرۆژی کۆچی جەنابی مامۆستا شێخ جەلال حوسێنی بیردێنینەوە کە بەڕێزیان لەو کەسایەتیە دەگمەنانە بوو کە بەهەستێکی بەرپرسیارانەی نەتەوەیی ئەرکی سیاسەت و خەباتی سادقانەو بێ پەڵەی درێژە پێدا.
لەسەردەمێکدا کە زۆرێک لەکەسایەتییەکان لەبەرامبەر زوڵم و ستەمدا بێدەنگ بوون یان بەجۆرێک لەگەڵ دەسەڵات سازابوون، جەنابیان لەدەورانی دەسەڵاتی رژیمی شادا دەنگی حەقخوازانەی چین و توێژەکانی خەڵک بوون و لەدوای هاتنە سەر کاری رژیمی خومەینی، لەچوارچیوەی تەشکیلاتێکی کوردانەی نەتەوەیی، بەڕاستگۆیی و ڕاشکاوی و فیداکاریی بێکۆتا، تێکۆشانێکی بێوچانی درێژە پێدا.
بەڕێزیان هەمیشە پێی وابوو کە ڕژێمە دیکتاتورەکان قابیلی چاکسازی نین و گۆڕانکاری و هاتنە دیی ئازادی تەنیا بەخەباتی نەپساوەو ڕێکخراو بەدی دێت.
مامۆستا دژی دووبەرەکی بوو لەنێوان شۆڕشگێران و هێزولایەنە سیاسیەکانی کوردستان و بەردەوام داوای یەکگرتوویی و یەکدەنگی لەهێزە ئازادیخوازەکان دەکرد لەپێناو گەلی بەشخوراوی کورد.
مامۆستا کەسایەتێک بوو کە لەبەرانبەر ڕەخنەگرانی ئارام بوو و قبولی بۆچوونی جیاوازی دەکردو رێزی بۆ بریارەگشتیەکان هەبوو ئەگەر لەگەلیشیان ناتەبا بووبا. زۆرێک لەوانەی لەگەڵیدا کاریان کردووە باسی دادپەروەری و ڕوونی و وشیاریی لەرادەبەدەری بەرێزیان دەکەن.
ناوی مامۆستا شێخ جەلالی سەرکردە، هێمای سیاسەتی پاک و خەباتی ڕاستگۆیانە و بەرخۆدانی هۆشیارانەیەو روانگەی ئەو بۆ ئایندەیەکی ئازاد بۆ گەلی کورد لەدڵی زۆرێک لەتێکۆشەراندا بەردەوامە.
بەناوی ئەندامان و لایەنگرانی ئاشکراو نهێنی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەڵێن دووپات دەکەینەوە کەبەردەوام بین لەسەر ڕێبازی سازمانی خەبات و ڕێبازی جەنابی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی
سازمانی خە بات ی کوردستانی ئیران
کۆمیسیونی تە شکیلات
٢٩ پووشپەڕی ١٤٠٤