پەیامی ڕێکخراوی ئافرەتانی خەبات بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی
ئافرەتانی خەبات کارو شۆڕشگێڕ!
جەماوەری کوردستان !
ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕی هەموو ساڵێک بۆ ئێمە ڕۆژێکی پڕ ئازارە.
١٥ ساڵ بەر لە ئێستا مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی کەسایەتی بەرزی کوردستان و دامەزرێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆچی داویی کرد.
کۆچی دوایی مامۆستای هەمیشە لە یاد، ژانێکی وەهای خستە دڵی ڕێبوارانی ڕێگەکەیەوە کە تا ئێستاش سارێژ نەبووە و هەتاهەتایە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
نووسینێکی چەند دێڕێ لە سەر ژیانی مامۆستای نەمر ناتوانێ مێژوویەکی دورودرێژ و شەش دەیە لە خەبات و تێکۆشانی بەڕێزیان نیشان و بەرجەستە بکات.
مامۆستای هەرگیز نەمر لە ژیانی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتی خۆیدا، لەگەڵ هەوڵی بەردەوامی بۆ بردنە پێشی دۆزی نەتەوەکەمان، هاوکات لە بیری چارەسەری کێشەی چینایەتیشدا بوو.
هەوڵی هۆشیاری هەمەلایەنی ئەداو و کاری بۆ ئەوە ئەکرد تاکی کورد بە مافەکانی ئاشنا بکات.
پشتیوانی لە جووڵانەوەی مافخوازی ئافرەتان لە کوردستان دەکرد و پێی وابوو بەختەوەری ئەو چینە بەستراوەتەوە بە بنەماو بەها جوانەکانی کۆمەڵگا.
پێشکەوتن و گەشەی ئافرەتانی لە هۆشیاری و زانستدا دەبینیەوەو لەم پێناوەدا وانەی بنەماکانی ئەخلاقی دەدا.
ئێمە وەک ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، ناڕەحەتی و پەرۆشی خۆمان بۆ کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنە چەندپات دەکەینەوەو ئەزموونی وانەکانی مامۆستای مەزن بە زیندوویی ڕادەگرین و هەموو ڕێنوینیەکانی دەکەینە چرایەک بۆ ڕووناکی ڕێگای پڕ لە کوسپ و گەیشتن بە ئامانجەکانمان و ئازادی بۆ تاک بە تاکی نەتەوەی کورد و بە تایبەتی ئافرەتانی چەوساوە کە تەنیا بە ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕژیمی دژە ژنی ئاخوندی وەدی دێت.
لە ساڵیادی پانزەهەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی مامۆستا هەزاران سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی هەرگیز نەمریان.
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
٢٨ی پووشپەڕ ١٤٠٤ کۆچی خۆری