مامۆستا سید جەلال حوسەینی: نموونەی ڕابەرێکی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیی نەتەوەکەمان.
پانزە ساڵ لە کۆچی دوایی مامۆستا سید جەلال حوسەینی، یەکێک لە ڕێبەرە هەرە ڕاستگۆ و زانا و خەباتکا و کۆڵنەدەرو دەستەمۆنەکراوەکانی کورد تێدەپەڕێت. ئەو کەسایەتییەکی بێوێنە بوو کە ژیانی خۆی بەخشی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کورد. مامۆستا سید جەلال نەک تەنیا ڕێبەرێکی سیاسی بوو، بەڵکو نمونەیەکی ڕاستگۆ و بێ وێنەبوو بۆ هەموو ئەوانەی کە بۆ ئازادی نەتەوەکەیان خەبات دەکەن.
مامۆستا سید جەلال حوسەینی لە تەمەنی زۆر لاویەتیەوە هەستی نەتەوایەتی و بیروباوەڕی کوردایەتی لەلا دروستدەبێت. لە دوایی ئیجازە وەرگرتنی مەلایەتی و پاشان دەرسدانەوە بە فەقێکانی لە حوجرەو مزگەوتەکانیدا. لەگەڵ دەرسی ئاینی، دەرسی کوردایەتی و نەتەوایەتی بە فەقێکانی ئەداتەوە و حوجرە ومزگەوتەکانی مامۆستا هەمیشە جممەیان دێت لە و کەسانەی کە دژی ڕژیمی پاشایەتین و تێدەکۆشن بۆ ئازادی کوردستان. لە کاتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژیی ڕژیمی پاشایەتی ، بەتایبەتی لە کوردستانی داگیرکراودا، مامۆستا وەک کەسایەتیەکی باوەڕپێکراو دەبێتە پێشەنگ و وەک بەرپرسی هێزی چەکداری دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی چالاکانە و بەرپرسانە دێتە مەیدان، پاشان مامۆستا و هاوبیرانی کە پێکهاتبوون لە چەندین مامۆستا ئاینی دیارو کەسایەتی کورد پەروەری دیکەی کوردستان بە ڕابەری مامۆستا سید جەلال حوسەینی, سازمانی خەباتی کوردستان یان دامەزراند، سازمانی خەبات بە ڕابەری مامۆستا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەبێتە یەکێ لە هەرە هێزە کاریگەرەکانی مەیدانی موبارەزە، جێگەی هیواو ئومێدی نەتەوەکەمان لەو بەشە داگیرکراوەی کوردستان.
پێم باشە ئالێرەدا چەند تایبەتمەندیەکی جەنابی مامۆستا بێنمە بەرباس
ئەو تایبەتمەندیە دەگمەنانەی کە مامۆستا هەیبوون، بریتیبوون لە زۆر تایبەتمەندی کە دەکرێت لە سەر هەر یەک لەو تایبەتمەندیانە چەندین نوسین و پەرتووکی لە سەر بووسرێت. من لێرەدا تەنها بە کورتی تیشک دەخەمە سەر هەندێک لەو تایبەتمەندیانە کە بەلای منەوە تایبەتمەندی نموونەیین و نەوەکانی دواڕۆژ، ئەتوانن وەک چرایی دەستیان بۆ ڕابەری و ئیرادە و باوەڕبەخۆبوون سودی لێوەربگرن. وەک متمانە بە خۆبوون، مامۆستا لە گەڵ هەموو سەختیەکانی کە هاتوونەتە بەردەمی، هەموو کات بە ورە و بە توانایەکی گەورەوە بەرەنگاریان بۆتەوە و بە سەریاندا زاڵبووە. مامۆستا لەگەڵ ئەوەدا کە سەرکردە و دامەزرێنەری سازمانی خەباتی کوردستان بوو بەڵام هەرگیز فەرق و جودایی نەکرد لەبەینی ئەولادەکانی خۆیی و پێشمەرگەکانی سازماندا. هیچ جەولە و چالاکی پێشمەرگانە نەبووە کە یەکێ لە کووڕەکانی خۆی لە و چالاکیانەدا بەشدارنەبن و لە ڕیزی پێشەوە نەبن گەر دوان یان سیانیان لە هەمان کاتدا لە جەولە نەبوبێتن. هەر لەو ڕێگەیەشدا کوڕە گەورەیی مامۆستا کاک سید عەبدول کەریم شەهید دەبێت، کاک بابەشێخ چەندین جار لە سەنگەر و لە هەووڵی تیرۆریستی بە سەختی بریندار دەبێت...
یەکێکی دیکە لە تایباتماندیەکانی جەنابی مامۆستا، دووربینی و خوێندنەوەی درووستبوو بۆ ڕژیمی ئاخوندی، هەربۆیە لەگەڵ ئەوەی کە ڕژیم هەوڵیدا بە ناوو گفتووگۆ و پێدانی پۆست بە تایبەتی بۆ مامۆستا. بەڵام مامۆستا هەرگیز فریووی ئەو ڕژیمەی نەخوارد و نەچووە ژێر باری فێڵ و تەڵەکەبازیەکانیان و باوەڕی بە موزاکارە نەبوو لەگەڵ ئەو ڕژیمە مرۆڤ کوژە.
مامۆستا هەموو کات لەناو مقەڕو پێشمەرگەدا مایەوە هەتا دوا ساتەکانی ژیانی و خەباتی کرد. لە کاتێکدا دەرفەتیش هەبوو کە بتوانێت لە هەندەران بژی، وەک زۆربەی سەرکردەکانی دیکە، بەڵام مامۆستا خاوەنی قسەو بەڵێنی خۆیی بوو کە هەر لە سەرەتایی شۆڕشەوە بەڵێنی دابوو کە لە نزیکی نەتەوەکەی خۆیدا بێت و بۆ ئەوان خەباتبکات هەتا گەیشتن بە ئامانج لە خەبات بەردەوامێت. وە چەندین تایبەتمەندی دیکە کە بوونەتە داینەمۆیی بەردەوامی سازمانی خەبات و نەوە لە دوایی نەوە بیرو باوەڕ و ڕێبازی پاکی کوردایەتی مامۆستا هەمیشە بە زیندووی لە دڵی هەموو کوردێکی بەهەڵوێستدا بمێنێتەوە.
سڵاو لە ڕۆحی ئەو ڕێبەر و خەباتکارە ڕاستگۆو بەوەفایەی کە هەتا دووا ساتەکانی ژیانی لە ناو پێشمەرگەدا وەک پێشمەرگە ژیا، بە سەربەرزی و سەرفراز ئەم دوونیایەی بەجێهێشت.