خەباتمێدیا: رۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژ ١٤٠٤ی کۆچی خۆری، بەرانبەر بە ١/٠٨/٢٠٢٥ زائینی، کۆڕیادێکی شایستە بۆ یادی پانزەهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوای مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی بە بەشداری چەند هێزو لایەنی سیاسی کوردستانی ئێران و عێراق و چەند کەس لەئەندامانی سەرکردایەتی، ژمارەیەک لە کادرو پێشمەرگە، ئەندام و لاینگەرەکانی سازمانی خەبات، لەبنکەی ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێورەسمەکە چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی بڵاوکراوەو پاشان لەلەیەن لێژنەی ئامادەکاری، بەخەیرهاتنی میوانە بەڕێزەکان کراو بۆ رێزگرتن لەیادی شەهیدانی سازمانی خەبات وسەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی و رۆحی بەرزی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، دەقیقەیەک بە بێدەنگی و سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب، مەراسم دەستی پێی کرد.
لەبڕگەی یەکەمی بەرنامەکەدا داوا لەکاک بابەشێخ حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات کرا کە بەبۆنەی یادی تێپەڕبوونی ١٥ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال وتاری خۆیان پێشکەش بکەن. سکرتێری گشتی ئاماژەی بەوە کرد کە مامۆستا دژی زوڵم و زۆرداری دیکتاتۆری بوو، فەرقی نەدەکرد ئەگەر ستمگەر گەورە با یان بچوک، کاتێک دەسەڵات دارێکی ناوچەیی ستەمی لەخەڵک دەکرد لەبەرانبەریدا رادەوەستاو رێگەی پێنەدەدا بەردەوامبێ لەزوڵم. ئەو ڕێبەرە تێکۆشەرو گەل خۆشەویستە لەدژی دەسەڵاتی حەمەرەزاشا بە هەموو هێزو توانا لەخەباتی بەردەوام بوو و لەبەرانبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان خۆڕاگری کردو تێکۆشان دژی ئەو دەسەڵاتەی درێژەی پێدا، ئەو تێکۆشان و خۆڕاگریەی جەنابی مامۆستا لەهەردووک دەورانی رژیمی شاو رژیمی ئاخوندی دەنگی داوەتەوە. مامۆستای خۆشەویستمان باوەڕی وابوو کە تاستەم لەسەر گەلی کورد بەردەوام بێت خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت. کاک بابەشێخ ئاماژەی بەوەشدا کە مامۆستای خوالێخۆشبوومان باوەڕی بەهاوکاری و تەبایی لەنێوان لایانە سیاسییەکاندا هەبوو، وتیشی بەخۆشیەوە خەریکە یەکێک لەئامەنجەکانی مامۆستای هەمیشە زیندوومان دێتە دیی کە هاوکاری و برایەتی لەنیوان سازمان و حیزب و پارتەکانی کوردستانی ئێرانە. سکرتێری گشتی سازمانی خەبات پێداگری لەوە کردەوە کە ئێمە ناچینە ناو هیچ بەرەو ئیئتلافێک کە لەکوڕی شا نزیک بێت و یا خود باوەڕی بە وتوێژ لەگەڵ رژیمی ئاخوندی بێت.
لە درێژەدا هۆنراوەیەکی خوالێخۆش بوو، مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی، بەناوی "تاجی سەری هۆزن" لەلایەن کاک جەلال خۆشکەلام کارگێڕی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات خوێنرایەوە. لەبڕگەیەکی دیکە مەراسمەکەدا پەیامی حیزبی شیوعی کوردستان لەلایەن هاوڕێ زاهیر رەسوڵ بەرپرسی ئەو حیزبە پێشکەشکرا. لەپەیامی حیزبی شیوعی کوردستاندا باس لەوەکرا مامۆستا شێخ جەلال هەر لەسەرەتای دامەزراندنی سازمانی خەبات دەوری باڵای لەپێناو مافە رەواکانی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی خودمختاری بۆ کوردستان گێڕاو لەوپێناوەدا خۆیی و بنەماڵەکەیان زۆر گران بەهایاندا. لەسەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی کوردستانی باشوور و بەشداری سازمانی خەبات لەراپەڕینەکەو وتاری دەنگی مامۆستا شێخ جەلال لەرادیۆی دەنگی خەبات لەرانییە بووە هۆی هاندانی زیاتری جەماوەر بۆ بەرەنگار بوونەوەی رژیمی دیکتاتۆری سەدام. مامۆستا لەهەموو وەرچەرخانەکانی ژیانی خۆیی دەوری کاریگەری هەبووە، بۆیە بە لەدەستدانی مامۆستا گەلی کورد و تەواوی ئازادیخوازان زیانی گەورەیان لێکەوت.
دواتر پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێشکەشکرا. لەپەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا هاتبوو کە سەداقەت و بوێری و ئەولەویەتدانی خەبات و تێکۆشانی جەماوەری بەسەر بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسیدا وای کردووە کە مامۆستا خاوەنی کاراکتەرێکی تایبەت بن. پاش تێپەڕبوونی پازدە ساڵ لە نەمانی بەڕێزیاندا یادی مامۆستا لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵک و خەباتکارانی سیاسی هەر زیندووە.
پارتی ئازادی کوردستانیش بەم بۆنەوە پەیامی خۆیان پێشکەش کردو ئاماژەیان بەوەدا کە مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی بەوپەڕی سۆزەوە هەموو ژیانی خۆیی لەپێناو ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و رزگاری نەتەوەکەمان، لەبن دەستی تەرخان کرد.
لەو رێورەسمەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیش بروسکەی ماتەمینی پێشکەش کردو لەپەیامەکەیاندا پێداگریان لەوەکرد کە گەلەکەمان پەیویستی بەنمونەی خەباتکارانی پشوو درێژ وەک جەنابی مامۆستا سەیید جەلال هەیە کە یەکریزی و یەک هەڵوێستی و تەبایی نێوان هێزولایەنە سیاسیەکان خەونی بەڕێزیان بوو، و خەباتی لەپێناودا کرد.
لەدرێژەی مەراسمەکە پەیامی هەر یەک لە ئۆرگانەکانی تەشکیلات، ئافرەتان و لاوان پێشکەشکرا.
ناوی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانی بەشداری کۆڕیادی جەنابی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی بوون بە پێی پیتی ئەلف و بێ
پارتی ئازادیی کوردستان – پاک
پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
یەکیەتی نەتەوەیی دیمۆکراتی گەل
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان