رۆژی هەینی 1ی رێبەندانی 1395، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دوای سوێندخواردن یەکەمین گوتاری خۆی لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و خەڵکی ئەمریکا لە واشینگتۆن پێشکەشکرد و رایگەیاند "لەو ساتەوە گۆڕانکاری دەکەین و ئەمریکا و هەموو جیهان بەرەوپێشەوە دەبەین". دۆناڵد ترامپ لە گوتارەکەیدا سوپاسی ئامادەبوونی ئۆباما و هاوژینەکەی کرد و شانازی بە ئامادەبوونیانەوە کرد، بە جەختکردنەوەش گوتی "لەمڕۆوە تێڕوانینێکی نوێ لە ئەمریکا حکوم دەکات، دەسەڵات بۆ گەلی ئەمریکا دەگەڕێنینەوە، لەم ساتەوە گۆڕانکاری دەکەین و بڕیارەکان دەستپێدەکەین".
ترامپ گوتیشی "گەلی ئەمریکا فەرمانڕەوایی ئەمریکا دەکات و دەسەڵاتیان بۆ دەگەڕێنینەوە، لەمڕۆوە گەل حکوم دەکات، دەبێت گەنجانی ئێمە پشتیوانیان بکرێت لە تواناکانیاندا، ئیدی درووشم کۆتاییهاتووە و دەبێت کار بکەین".
ترامپ بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە دۆخی ئابووری و گوتی "چەندان تریلیۆن دۆلار لەدەرەوەی ئەمریکا خەرجکراون و دەبێ بەوەدا بچینەوە، هاوکات هەزاران پڕۆژەی نوێ لە ئەمریکا جێبەجێ دەکەین و ماف بۆ کرێکارانی ئەمریکا دەگەڕێنینەوە".
هاوشێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، دۆناڵد ترامپ باسی لە سنوورەکانی ئەمریکا کرد و گوتی "دەبێت سنووری ئەمریکا لە هەموو رووداوەکان بپارێزین و دژی هەموو گرووپە ئیسلامییە تووندڕەوەکان دەوەستینەوە".
لەبارەی وڵاتانیش گوتی "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان باشتر دەکەین، هاوکات ئاسایش و سەروەریی بۆ ئەمریکا دەگەڕێنینەوە و ئەمریکا بەهێز دەکەینەوە".
|