هاونیشتمانی کوردستان!
خەباتکاران و تێکۆشەرانی ئازادیخواز!
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زانستگەی ئەمریکایی لە شاری سلێمانی چالاکیەکی هونەری لە لایەن چەند کیژوڵەی کوردستانی روژئاوا بەریوە چوو، مەبەست لە چالاکی ئەو کچانە دەرخستنی زوڵم و زۆری ڕێکخراوی ترۆریستی داعش لە بەرانبەر ئافرەتان بەتێکڕاو خەڵک بە گشتی بوو نەک بێ ڕێزی بە ئیسلام.
جێگەی ئاماژەیە هەر لە دوای ئەو چالاکیە هونەریە، چەند مەلایەکی کوردی سەر بەرژیمی ئاخوندی ئێران بە بیانووی ئەوەی کە ئەو چالاکییە بێڕێزی بە دینی ئیسلام بووە، کەوتنە دژایەتی و سوکایەتی بە ئافرەتانی کورد بە تایبەت ئافرەتانی ناو ریزەکانی هێز و لایانە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران کە ساڵانیکی زۆرە لە پێناو ئازادی خەبات دەکەن.
لەڕاستیدا ووتەکانی ئەو چەند کەسە کە بە ناوی دیفاع لە ئیسلام کردوویانە بە زیانی تێکڕای خەڵکی کوردستانە بە هەموو بیر و بۆچوونەکانیانەوەو بە پڕوپاگەندە کردن بۆ خۆیان و ناو دەرکردنیانە تا خزمەت بە میللەتی کورد و بە موسڵمانان لە کوردستان.
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە کەسانی بیرئاڵۆز لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لە ژێر ناوی هێرش بۆ سەر ئەوکەسانەی بێ ڕێزیان بەو چەند کیژۆڵە کوردە کردووە، ئەوانیش کەوتونە بێ ڕێزی بە ئیسلام و مامۆستایانی ئایینی.
بە بۆچوونی ئێمە ئەو کەسانە بێ ڕێزیان بەو کێژۆڵە کوردانە کردوەو هەروەها ئەو کەسانەی بێ ڕێزیان بە ئیسلام و مامۆستایانی ئایینی کردووە جیاوازیان نیەو لە بنەڕەتدا کاریان بۆ تێکچوونی تەبایی لە ناو جەماوەرو کۆمەڵگەی کوردستاندا کردوە.
ئەو کەسانەی تۆزێک ئاگاداری مێژووی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بن، دەزانن کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد پێشەواو مامۆستای ئایینی بوون. هەموو دەزانن کە شێخ عەبدوڵا نەهری ، شێخ سەعید پیران ، قازی محەممەد ، مەلا مستەفای بارزان ، مامۆستا شیخ جەلال حوسەینی و مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسینی و چەندین کەسایەتی نیشتمانپەروەری دیکە، هەموویان کەسایتی ئاینی بوون و لە هەمان کاتدا باوەری تەواویان بە ئازادی فرە چەشنی و هاوبەشی هەموو بیر و بۆچوونەکان لە کوردستان هەبووە و لەو پێناوەشدا تا دوایین هەناسەیان بەردەوام بوون لە شۆڕشی ئازادیخوازی و قوربانی زۆر گەوریان بە تەرخانی مال و گیان داوە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران باوەڕی وایە کە دەبێ ڕێز لە هەموو بیروباوەڕە جیاوازکان بگیرێت و نابێ ووتەی چەند کەسی تەسک بیر بکرێتە بیانوو بو هیرش کردنە سەر پیرۆزیەکانی خەلک و نابێ ڕێگە بدرێت دووبەرکی و ناکۆکی لە ناو خەڵکدا بە قازانجی ڕژیمی دژی کورد دروست بکرێ.
داواکارین میللەتی کورد بە وریایی زیاتر لە بەرانبەر ئەو جۆرە پیلانانەدا یەکگرتووانە بەرنگاری بکەن. ئاشکرایە رژیم چەندین ساڵە بە کەڵکوەرگرتن لە ئاڵۆزی دروست کردن هەروەها هاندانی کەسانی سەر بەخۆی، هەوڵیداوە دووبەرەکی بخاتە ناو ماڵی کورد.
نابێ ئەومان لە بیر بچێت کە میللەتی کورد ئازادیخوازە و لە پێناو بە دەست هێنانی مافی رەوا دەیان ساڵە لە شورش بەردەوامە.
ئەرکی هەموو کوردێکی ئازادیخوازە بە هر ئایدیا و لوژیا و فکرێکی جیاوازە بەرەنگاری پیلانەکانی رژیمی ئاخوندی ببنەوەو ڕێگە بە کەسانی نەزان و کەمتەرخەم نەدەن کە ببنە هۆی چاندنی تۆی دووبەرەکی و لێک ترازانی نێو ماڵی کورد.
بە هومێدی تەبایی و یەکگرتوویی زیاتر و ڕوخانی ڕژیمی ئاخوندی
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
کومسیۆنی تەشکیلات
١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی کۆچی خۆری